زانایانی رووسیا رێگری لە پیربوون دەکەن
رووداو - تەندروستی
زانایانی رووسیا رایانگەیاند، پلانیان هەیە دوو دەرمانی نوێی چارەسەریی جیناتی پەرەپێبدەن کە رووبەڕووی پیریی خانەکان دەبنەوە و پرۆسەکە پێچەوانە دەکەنەوە.
یەکێک لە دەرمانەکان، جینێکی دیاریکراو بەناوی RAGE دەکاتە ئامانج کە هۆکارە بۆ دەستپێکردنی پیریی خانەکان، دەرمانەکەی دیکەش بۆ چارەسەری سارکۆپینیایە، کە بریتییە لە پووکانەوە و لەدەستدانی بارستە و هێزی ماسولکەکان.
دێنیس سێکرینسکی جێگری وەزیری زانست و خوێندنی باڵای رووسیا رایگەیاند "بلۆککردنی جینی RAGE دەتوانێت گەنجیێتی خانەکان بۆ ماوەیەکی درێژتر بهێڵێتەوە و ئەم توێژینەوەیەش بە هەنگاوێکی بەهێز دادەنرێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی پرۆسەی پیری."
دێنیس سێکرینسکی دەڵێت ئامانجی ڤاکسینەکە تەنیا کەمکردنەوەی چرچییەکانی رووخسار نییە، بەڵکو سەرنجی لەسەر هێواشکردنەوەی تێکچوونی ئەندامە گرنگەکانی جەستەیە، کە رەنگە مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییە پەیوەندیدارەکانی تەمەن کەمبکاتەوە، وەک شەکرە، نەخۆشییەکانی دڵ و داخورانی جومگەکان.