پسپۆڕێکی شەکرە: دەرزیی ئەنسۆلینی نایاسایی لە دەرمانخانە تایبەتەکاندا هەیە
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی شەکرە هۆشداری لە بەکارهێنانی دەرزیی ئەنسۆلینی نایاسایی دەدات و رایدەگەیێنێت، زۆربەی ئەو کەسانەی دەرزییەکە کاریان تێناکات، جۆرە نایاساییان بەکارهێناوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 29-4-2026 د. دیلمان عەتار پسپۆڕی نەخۆشییەکانی شەکرە و کوێرەڕژێنەکان لە بەوڵتەنی تەندروستی رایگەیاند، ئەو دەرزییە ئەنسۆلینە نایاساییانە بەهۆی هەڵنەگرتنیان لە پلەی گەرمی گونجاودا کاریگەرییان نامێنێت، لەهەر 10 دەرزی ئەگەر 2 دانەیان کاربکات."
بە گوتەی د. دیلمان عەتار، دەرزیی ئەنسۆلینی نایاسایی لە نەخۆشخانە حکومییەکاندا نییە و تەنیا لە دەرمانخانە تایبەتەکان هەن گوتیشی، "ئەو جۆرە نایاساییە بەوە جیادەکرێتەوە کە نرخەکەی هەرزانترە و لە تورکیا یان ئێران دروستکراوە."
د. دیلمان عەتار هۆشداری دەدات کە نابێت دەرزیی ئەنسۆلین لە ماسولکە بدرێت، چونکە مەترسیدارە و پێویستە تەنیا لە چەوریی ژێر پێست بدرێت. هەروەها ئەگەر دوای بەکارهێنانی دەرزییەکە گرێ دروست بوو، نابێت تاوەکو مانگێک لە هەمان شوێن دەرزی لێبدرێتەوە.