لە ئەمریکا ڤاکسینی کۆڤید-19 راگیرا
رووداو - تەندروستی
وەزیری تەندروستی و خزمەتگوزارییە مرۆییەکانی ئەمریکا پێدانی ڤاکسینی کۆڤید-19ـی بە دوو گرووپ وەستاند و لە خشتەی رۆتینیی ڤاکسینەکانی دەرکرد.
رۆبەرت کێنێدی، وەزیری تەندروستی و خزمەتگوزارییە مرۆییەکانی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا بە فەرمی پێدانی ڤاکسینی کۆڤید-19 بە خانمانی دووگیان و منداڵانی راگرت، ئەمەش ناڕەزایی لەلایەن ناوەندی CDC دروست کرد.
رۆبەرت کێنێدی ئەو ڤاکسینەی لەنێو خشتەی رۆتینیی کوتانەکاندا راگرت، ئەو دەیەوێت دووبارە سیستمی تەندروستیی ئەمریکا لەگەڵ دەستبەکاربوونی لەم کابینە نوێیەی حکومەتی وڵاتەکەی، دابڕێژێتەوە.
ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن CDC لە ئەمریکا جەخت لەوە دەکاتەوە، ڤاکسینی کۆڤید-19 پێش دووگیانی و دوای دووگیانیش سەلامەتە و دایک و کۆرپەلەکەشی دەپارێزێت.