WHO: دەرمانەکانی دژەخەمۆکی لەسەر 30٪ بۆ 40٪ـی نەخۆشەکان کار ناکەن
رووداو - تەندروستی
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایدەگەیێنێت، نزیکەی نیوەی تووشبووانی خەمۆکی مەرج نییە دەرمانەکانی دژەخەمۆکی کاریان تێبکەن، خواردنەوەی کحولیش بە هۆکارێکی نەخۆشییەکە دادەنێت.
خەمۆکی ئەنجامی کۆمەڵێک هۆکاری ئاڵۆزە کە رەنگە پەیوەندییان بە رووداوەکانی رۆژانە و رابردووی کەسەکەوە هەبێت وەکو رووداوە ئازاربەخشەکان، رووداوە دەروونی و بایۆلۆژییەکان، یاخود نەخۆشییە دەمارییەکان و ناڕێکییە دەروونییەکان.
هۆکارە باوەکانی خەمۆکی دەکرێت 'بۆماوەیی، گوشاری دەروونیی رۆژانە، خواردنەوەی کحول و جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپکێشان' بن.
خەمۆکی دەشێت ببێتەهۆی 'پەستی، پەژارەیی، دڵتەنگی، نەخۆشکەوتن و تەنانەت مردنیش'.
مێشک لە 100 ملیار دەمارەخانە پێکهاتووە کە بەرپرسن لە گواستنەوەی پەیام و نێردە دەمارییەکانی جەستە، لە خەمۆکیدا ئەو دەمارە خانانە بە باشی کارەکانیان ناکەن؛ بەمەش هەندێک هۆرمۆن کەمتر دەردەدرێن وەکو سیرۆتۆنین، دۆپامین و نۆرئیپینفرین کە دەروون، ئاوەز، خەو و خواردن رێکدەخەن.
هەر بۆیە دەرمانەکانی دژە خەمۆکی ئەم هۆرمۆنانە زیاد دەکاتەوە و کەسەکە چاک دەبێتەوە، بەڵام کێشەکە لەوەیە کە دەرمانەکانی دژەخەمۆکی لەسەر 30٪ بۆ 40٪ـی نەخۆشەکان کار ناکەن.