تووشبوویەکی تای خوێنبەربوون لە هەولێر دەستنیشان کرا


رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تووشبوویەکی دیکەی تای خوێنبەربوون لە هەولێر دەستنیشان کرا، پیاوێکی تەمەن 47 ساڵانە و قەسابە.
 
وەزارەتەکە دەڵێت، ئەو کەسەی تووشی تای خوێنبەربوون بووە، کڕین و فرۆشتنی بە ئاژەڵەوە کردووە و بەرکەوتەی ئاژەڵی تووشبوو بووە، دوای سەردانی نەخۆشخانە و گومانلێکردن بە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون و بوونی نیشانەکانی، لە ئێستادا لەژێر چاودێریی پزیشکی لە نەخۆشخانە خەوێندراوە و چارەسەر وەردەگرێت. دەشڵێت، تاوەکو ئێستا تەندروستی جێگیرە.
 
وەزارەتی تەندروستی داوا دەکات خەڵک رێنماییەکانی وەزارەتەکە جێبەجێ بکەن و "لەکاتی بوونی گومان و نیشانەکانی نەخۆشی لەسەر ئاژەڵ، پێویستە تیمەکانی ڤێترنەری ئاگاداربکەنەوە، یان هاووڵاتییانی بەرکەوتووانی بەخێوکردنی ئاژەڵ یان بەرهەمەکانی ئاژەڵ لەکاتی بوونی هەر نیشانەیەکی ناتەندروست، بەخێرایی سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن بێ دواکەوتن".
 
ژمارەی ئەو کەسانەی لە دوو مانگی رابردوودا لە هەرێمی کوردستان تووشی تای خوێنبەربوون بوو، گەیشتە 7 کەس. وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، یەکێکیان بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا، ئەوانی دیکە بەتەواوی چاکبوونەتەوە و لە نەخۆشخانە دەرچوون.