سوودێکی سەرسوڕهێنەری قاوە ئاشكرا دەکرێت؛ پێشگیری لە مردنی پێشوەختە دەکات
رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی تازە دەریدەخات، ئەو کەسانەی بەیانیان قاوە دەخۆنەوە مەترسیی مردنی پێشوەختەیان کەمترە بەراورد بەو کەسانەی لە کاتەکانی دیکەدا قاوە دەخۆنەوە.
توێژینەوەکە لە زانکۆی تولانی ئەمریکا لەسەر زیاتر لە 40 هەزار کەسی پێگەیشتوو لە ئەمریکا کرا و دەرکەوت، خواردنەوەی قاوە لە بەیانیاندا ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ کەم دەکاتەوە، بۆیە لەو رێگەیەوە مەترسیی مردنی پێشوەختە کەم دەکاتەوە.
د. لو چی، سەرپەرشتیاری سەرەکیی توێژینەوەکە دەڵێت، خواردنی قاوە لە پاش نیوەڕوان یان ئێواراندا دەبێتە هۆی تێکدانی هۆرمۆنی میلاتۆنین [هۆرمۆنی خەو].
ئەو پسپۆڕە روونی کردەوە، تێکچوونی هۆرمۆنی میلاتۆنین هۆکارێکی ناڕێکیی خەوە، بەمەش دەشێت ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ زیاد بکات.
دوای شیکردنەوەی ئەنجامەکان، توێژەران بۆیان دەرکەوت ئەوانەی بەیانیان قاوە دەخۆنەوە بەراورد بە ئەوانەی قاوە ناخۆنەوە، ٪16 ئەگەری مردنی پێشوەختەیان کەمترە.
بەپێی ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا CDC، ئەمانەی خوارەوە ئەگەری مردنی پێشوەختە کەم دەکەنەوە؛
* پشکنینی پێشوەختەی نەخۆشییەکان
* خۆپاراستن لە نەخۆشیی شێرپەنجە
* چالاکیی جەستەیی و خواردنی خۆراکی تەندروست
* دوورکەوتنەوە لە هۆشبەرەکان
* دوورکەوتنەوە لە جگەرە و نێرگەلە