دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی بۆ دوو نەخۆشخانەی هەولێر دابین دەکات
رووداو - تەندروستی
دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوکاریی کۆمپانیایەکی تایبەتی دابەشکردنی دەرمان لە هەرێمی کوردستان و عێراق بە بڕی زیاتر لە 70 ملیۆن دیناری عێراقی دەرمانی بۆ دوو نەخۆشخانەی هەولێر دابینکرد.
دەرمانەکە لەلایەن ئەو کۆمپانیایەوە پێشکێش بە دەزگای خێرخوازیی بارزانی کراوە و ئەوانیش بە هەڵسەنگاندن و بەپێی پێداویستیی نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان بۆ نەخۆشخانەی گەلیاوە و شەقڵاوە دابەش کران.
ئەمڕۆ سێشەممە 29-7-2025 د. دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر رایگەیاند، بە بڕی زیاتر لە 70 ملیۆن دیناری عێراقی دەرمان بۆ هەردوو سەنتەری گەلیاوە بۆ نەخۆشییەکانی کوێرەڕژێنەکان و نەخۆشخانەی شەقڵاوە دابین کراوە.
بەگوتەی نوێنەری کۆمپانیاکە، دەرمانەکان هی نەخۆشییە درێژخایەنەکانن بەتایبەت دەرمانەکانی شەکرە، چونکە زۆرترین جار بەکاردەهێندرێن و کورتی لەو دەرمانانە زۆرە.