بەرپرسێکی کۆنتڕۆڵکردنی شێرپەنجە: رێژەی شێرپەنجەی مەمک لە عێراق و هەرێمی کوردستان دوو ئەوەندەی ستانداردە

رووداو - تەندروستی

بەرپرسی کۆنتڕۆڵکردنی شێرپەنجە لە سلێمانی ئاشکرای دەکات، تێچووی چارەسەریی شێرپەنجەی مەمک لە قۆناخی یەک 300 هەزار دیناری عێراقییە، بەڵام ئەگەر هەمان شێرپەنجە لە قۆناخی سێ یان چوار دەستنیشان بکرێت، بۆ 21 رۆژ 12 ملیۆن دیناری عێراقی تێدەچێت.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 29-7-2025 د. محەممەد عەبدولوەهاب، بەرپرسی کۆنتڕۆڵکردنی شێرپەنجە لە سلێمانی لە بووڵتەنی تەندروستیدا رایگەیاند، شێرپەنجە نەخۆشییەکی گوازراوە نییە و 10٪ بۆ 15٪ـی هۆکارەکانی بۆماوەیین.
 
د. محەممەد عەبدولوەهاب خەڵک هۆشیار دەکاتەوە کە لەکاتی بینینی هەر نیشانەیەکی گوماناوی بۆ شێرپەنجە، ئەوا سەردانی نەخۆشخانە و بنکەکان بکەن و پزیشکی پسپۆڕی لێ ئاگادار بکەنەوە.
 
ئەوەش باس دەکات، رێژەی شێرپەنجەی مەمک لە عێراق و هەرێمی کوردستان دوو ئەوەندەی ستانداردە، چونکە ئاستی ستاندارد لە جیهاندا 12٪ـە بەڵام لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئەو رێژەیە بەرز دەبێتەوە بۆ 20٪.
 
بۆ خۆپاراستن لە شێرپەنجەی مەمک ئەمانە هەبن؛
 
-کێشرێکی 
-وەرزشکردن 
-دوورکەوتنەوە لە کحول 
-خۆراکی تەندروست 
-دوورکەوتنەوە لە دەنکۆڵەی کۆنتڕۆڵکردنی منداڵبوون 
-پشکنینی مامۆگرافی 
-خودپشکنینی مەمک 
-شیردانی سرووشتی 
-دوورکەوتنەوە لە چارەسەری هۆرمۆنی 
- پشکنینی پێشوەختە
 
ئامارەکانی تووشبووانی شێرپەنجەی مەمک لە هەرێمی کوردستان
 
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی رووداو، لە هەولێر تەنیا لە نەخۆشخانەی نانەکەلی ساڵی رابردوو 1224 تووشبووی شێرپەنجە تۆمار کراون، بەڵام لە هەموو سلێمانی لە هەمان ساڵدا 647 تووشبوو هەبووە، ئەمساڵیش هەر لە سلێمانی 347 تووشبووی شێرپەنجە تۆمار کراون؛ هاوکات لە دهۆکیش ساڵی رابردوو 293 تووشبوو هەبوون و ئەمساڵ 169 تووشبوو تۆمار کراون.