توێژینەوەیەک: دەکرێت شەپۆلی گەرما هێندەی جگەرەکێشان و خواردنەوەی کحول پیربوون خێرا بکات
رووداو دیجیتاڵ
توێژینەوەیەکی نوێ دەڵێت، دەکرێت زۆر بەرکەوتن بە تیشکی خۆر لە پلەی گەرمای بەرزدا هاوشێوەی زۆر کحول خواردنەوە و جگەرەکێشان، پیربوونی جەستەی مرۆڤ خێرا بکات.
توێژینەوە درێژخایەنەکە لەلایەن زانکۆی هۆنگ کۆنگی چینەوە کراوە.
بۆ مەبەستی لێکۆڵینەوە، لەنێوان ساڵانی 2008 و 2022، زانیاریی نزیکەی 25 هەزار هاووڵاتیی تایوان کۆکراوەتەوە.
توێژەرەوان بۆیان دەرکەوتووە، ئەگەر گەرما بە 1.3 پلەی سیلیزی لە ئاستی ئاسایی خۆی بەرزتر بێت، واتە ئەو ئاستەی جەستەی مرۆڤ لێی راهاتووە، ئەوا تەمەنی بایۆلۆجیی مرۆڤ نزیکەی 8 بۆ 12 رۆژ زیاتر دەبێت.
توێژینەوەکە دەریخستووە، ئەو کرێکارانەی لەبەر گەرما کار دەکەن، بە دوو ساڵ، 33 رۆژ لە تەمەنی ئاسایی خۆیان پیرتر دەبن.
توێژەرەوان هۆشداری دەدەن کە بە تێپەڕبوونی کات و لە ماوەی درێژخایەن، کاریگەرییەکە لەسەر خەڵک کەڵەکە دەبێت و کێشەی تەندروستیی لێدەکەوێتەوە.