توێژینەوەیەک لە هەولێر زەنگی مەترسیداری جەڵتەی دڵ لەنێو گەنجاندا لێدەدات

رووداو - تەندروستی

توێژینەوەیەكی نوێ لە هەولێر زەنگی مەترسی لێدەدات، نەخۆشییەکانی دڵ گەنجان دەكاتە ئامانج و نیگەرانیی زۆری سەبارەت بە هۆکارەکانی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی لوولەکانی دڵ لەلایەن گەنجانەوە ئاشکرا کردووە.
 
لەو توێژینەوەیە دەرکەوتووە، بەرزیی چەوریی خوێن (51%) و جگەرەکێشان (49%) دوو هۆکاری سەرەکین بۆ جەڵتەکە. هەروەها تووشبوون لە پیاواندا باوترینە. 
 
لەبارەی نیشانەکانیشەوە دەریدەخات، نیشانەی سەرەکیی ئازاری سینگ (67%) بووە، کە زۆربەی کات بەهۆی گیرانی شا خوێنبەری سکۆڵەی چەپ بووە. توێژینەوەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە نەخۆشیی دڵ لە تەمەنی گەنجیدا بارگرانییەکی دەروونی، کۆمەڵایەتی و دارایی قورس لەسەر نەخۆش و خێزانەکەی دروست دەکات، چونکە کاریگەری لەسەر توێژی بەرهەمهێنی کۆمەڵگە دادەنێت.
 
توێژینەوەکە لە شاری هەولێر لەسەر 100 نەخۆشی خوار تەمەنی 35 ساڵ ئەنجامدراوە. لە گۆڤاری پزیشکیی بابیلۆن (Medical Journal of Babylon) بڵاوکراوەتەوە، دەریخستووە کە چیتر نەخۆشیی دڵ تەنیا پەیوەست نییە بە بەساڵاچووانەوە.
 
بەپێی توێژینەوەکە، باوترین هۆکارەکانی مەترسیی جەڵتەی دڵ لەنێو گەنجاندا بریتیبوون لە؛
 
- بەرزیی چەوریی خوێن؛ 51%
- جگەرەکێشان؛ 49%
- هەبوونی مێژووی خێزانی؛ 44%
- بەرزیی پەستانی خوێن؛ 25%
- نەخۆشیی شەکرە؛ 22%
 
د. شوان عوسمان ئەمین، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ و قەستەرە کە توێژینەوەکەی کردووە لە بەرنامەی رۆژی هیوا جەمالدا ئەمڕۆ دووشەممە 29-9-2025 بەشداربوو و گوتی، 79٪ـی تووشبووانی جەڵتەی دڵ 30 بۆ 35 ساڵن لەماوەی ساڵێکدا لە سەنتەری دڵ لە هەولێر، کە یەکەم هۆکار بەرزەچەوریی خوێنە و دووەمیش جگەرەکێشانە.