ناوکەفێکی زیرەک بۆ باشترکردنی جووڵەی کەسانی ئیفلیج و لەرزۆک دروستدەکرێت

رووداو - تەندروستی

لە جۆرجیا ناوکەفێکی زیرەک بۆ باشترکردنی جووڵەی کەسانی ئیفلیج و تووشبووانی نەخۆشیی پارکینسن دروستدەکرێت. 
 
توێژەرانی پەیمانگەی تەکنەلۆژیای جۆرجیا ناوکەفەکەیان دروستکردووە و دەڵێن، 170 هەستەوەری نەرم و تەنکی تێدایە کە پەستانی پێیەکان دەپێوێت، بۆ ئەوەی نەخۆشەکە بەئاگابێت کە قاچی چۆنە و کۆنتڕۆڵی جووڵەکەی بکات، تاوەکو نەکەوێت.
 
پڕۆفیسۆر هۆنگ یو، ئەندازیارێکی ناوکەفەکەیە و دەڵێت: تێکچوونی رۆیشتن ئاستەنگییەکی گەورەیە کە رووبەڕووی تووشبووانی جەڵتەی مێشک و نەخۆشیی پارکینسن (کە لەرزۆکی نیشانەیەکیەتی) دەبێتەوە، ئەو هەستەوەرانەی نێو ناوکەفەکەش ناڕێکییەکانی جووڵەی پێیەکان دەپێوێت.
 
ئەو ناوکەفە بە بلوتووزی مۆبایل دەبەسترێتەوە، تاوەکو کەسی بەکارهێنەر (نەخۆش) بتوانێت چاودێریی بەردەوامی جووڵەکانی بکات. بەگوێرەی پەیامانگەکەش، نرخی ناوکەفەکە 100 دۆلار دەبێت.