پسپۆڕێک: پشتگوێخستنی نیشانەکان هۆکارێکی زۆربوونی جەڵتەی دڵە لەنێو گەنجان
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی دڵ هۆشداری دەدات لە زیادبوونی رێژەی جەڵتەی دڵ لەنێو گەنجاندا و دەڵێت، ساڵانە زیاتر لە 18 ملیۆن کەس بەهۆی جەڵتەی دڵەوە گیان لەدەستدەدەن.
ئەمڕۆ دووشەممە 29-9-2025 د. سەرکەوت داود، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ و قەستەرە، لە بوڵتەنی تەندروستی رایگەیاند، بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ساڵانە زیاتر لە 18 ملیۆن کەس بە جەڵتەی دڵ گیان لەدەستدەدەن و وڵاتە کەم داهاتەکان زیاتر رووبەڕووی ئەو مەترسییە دەبنەوە.
د. سەرکەوت داود، گوتیشی: "بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە، رێژەی جەڵتەی دڵ لەنێو گەنجاندا لە هەموو وڵاتێکی جیهان روو لە زیادبوونە."
سەبارەت بە هۆکارەکان، ئەو پزیشکە پسپۆڕەی نەخۆشییەکانی دڵ و قەستەرە ئاماژەی بەوە کرد، "چەندین هۆکار هەن، لەوانە گوشاری دەروونی، خۆراکی ناتەندروست، جگەرەکێشان، نێرگەلەکێشان و ڤەیپ."
د. سەرکەوت داود، هۆشداری دا کە زۆرجار گەنجان نیشانەکانی جەڵتەی دڵیان تێدا دەردەکەوێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی پێیان وایە کێشەیەکی دیکەیە، گرنگی پێنادەن و تێیدەپەڕێنن.
لەبارەی رەگەزیشەوە، د. سەرکەوت داود روونیکردەوە، "تاکو تەمەنی 65 ساڵی، پیاوان زیاتر تووشی جەڵتەی دڵ دەبن، بەڵام لەدوای ئەو تەمەنەوە، رێژەکە لەنێوان ژن و پیاودا یەکسان دەبێتەوە."
پسپۆڕان جەخت لەوە دەکەنەوە کە 80%ی نەخۆشییەکانی دڵ، بە جەڵتەی دڵ و مێشکیشەوە، بە گۆڕینی شێوازی ژیان رێگرییان لێدەکرێت. گرنگترین هەنگاوەکانیش بریتین لە:
• پارێزگاریکردن لە کێشێکی تەندروست.
• پەیڕەوکردنی سیستمی خۆراکیی تەندروست و دوورکەوتنەوە لە خواردنی ئامادەکراو و شەکر.
• وەرزشکردنی بەردەوام لانیکەم 150 خولەک لە هەفتەیەکدا.
• کۆنتڕۆڵکردنی سترێس و دوورکەوتنەوە لە فشاری دەروونی.
• ئەنجامدانی پشکنینی پزیشکیی پێشوەختەی ساڵانە بۆ دڵنیابوونەوە لە رێژەی شەکر، چەوری، و گوشاری خوێن.