پسپۆڕێکی مێشک و دەمار: کۆنتڕۆڵنەکردنی پەستانی خوێن هۆکارێکی جەڵتەی مێشکە
رووداو - تەندروستی
ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی جەڵتەی مێشکە و پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار رایدەگەیێنێت، پشتگوێخستنی دەرمانی نەخۆشییە درێژخایێنەکان هۆکارێکی جەڵتەی مێشکە.
رۆژی یەکشەممە 29ـی تشرینی یەکەمی 2023 لە بوولتەنی تەندروستیدا د. سەگڤان محەممەد، مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی نەخۆشییەکانی مێشك و دەمار لە ستۆدیۆکانی دهۆک گوتی، تەنیا لە مانگی رابردوودا زیاتر لە 130 تووشبووی جەڵتەی مێشك لە نەخۆشخانەی ئازادی لە دهۆک تۆمارکراون.
د. سەگڤان محەممەد، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی مێشك و دەمار گوتیشی، ئەو کەسانەی تووشی جەڵتەی مێشک دەبن لە تەمەنی نێوان 60 بۆ 70 ساڵن، بەڵام بەشێوەیەکی گشتیی کەسانی سەروو 50 ساڵان ئەگەری تووشبوونیان بە جەڵتەکە زیاترە.
پسپۆڕەکەی مێشک و دەمار جەخت لەوەش دەکاتەوە، کەسی تووشبوو پێویستە لە ماوەی 30 خولەکدا بگەیێندرێتە نزیکترین نەخۆشخانە تاوەکو چارەسەری بۆ بکرێت و کاریگەریی جەڵتەکە لەسەر مێشک و تەندروستیی کەمبێت.
ئەو پسپۆڕە سوودی زوو گەیاندنی کەسی تووشبوو بە نەخۆشخانە رووندەکاتەوە و دەڵێت: ''هەر تووشبوویێکی جەڵتەی مێشک زوو بگەیێندرێتە نەخۆشخانە، چارەسەرەکان کاریگەرتر دەبن و بڕێکی کەم دەرمانی پێویست دەبێت''.
لە کۆتاییدا د. سەگڤان محەممەد رێگەکانی پێشگیریکردن لە جەڵتەکەی خستەڕوو و گوتی، 'کۆنتڕۆڵکردنی شەکر و پەستانی خوێن، دوورکەوتنەوە لە کێشانی جگەرە و نێرگەلە، وەرزش و کۆنتڕۆڵکردنی چەوریی خوێن' رێگەی کاریگەرن بۆ پێشگیریکردن لە تووشبوون بە جەڵتەکە و کەمکردنەوەی پاشهاتە مەترسیدارەکانی.
پسپۆڕێکی دیکەی نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار لە نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر تایبەت بە رووداوی راگەیاند، رۆژانە نزیکەی 5 بۆ 10 تووشبووی جەڵتەی مێشک لە نەخۆشخانەکە تۆماردەکرێن کە زۆرینەیان سەروو 50 ساڵانن.
د. ئازاد حەسەن، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار لە نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر دەڵێت: ''پشتگوێخستنی دەرمانەکان دوای جەڵتەی مێشک هۆکاری دووبارەبووەنەوەی جەڵتەکەیە و رێژەی تووشبوونیش لە پیاوان زیاترە''.
بە گوێرەی ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا، بەراورد بە 17 ساڵی رابردوو، رێژەی تووشبووانی جەڵتەی مێشک 50٪ زیادبووە، هۆکارەکانیش بۆ پەیڕەوکردنی شێوازی ژیانی ناتەندروست دەگەڕێنێتەوە.