وەزیری تەندروستیی عێراق: جێبەجێکردنی بیمەی تەندروستی پایەیەکی سەرەکیی چاودێریی تەندروستییە

رووداو - تەندروستی

وەزیری تەندروستیی عێراق رایدەگەیێنێت، بایەخدان بە پسپۆڕیی پزیشکیی خێزانی بۆ ئێستای عێراق گرنگە، چونکە پسپۆڕییە خێزانییەکان لە کەرتی تەندروستیدا گەشەیان کردووە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 29-10-2025 لە بەغدا کۆنفرانسی ساڵانەی بەشی تەندروستیی گشتیی وەزارەتی تەندروستیی عێراق دەستیپێکرد و دوو رۆژ دەخایەنێت. د. ساڵح حەسناوی، وەزیری تەندروستیی عێراق رایگەیاند، لەماوەکانی رابردوودا پسپۆڕییە خێزانییەکان لە عێراقدا گەشەیان کردووە کە رێخۆشکەرە بۆ پسپۆڕی پزیشکیی خێزانی، تاوەکو مەرجەکانی تەندروستیی گشتی لەسەر هاووڵاتییان جێبەجێ بکرێن.
 
د. ساڵح حەسناوی گوتی، ''لەڕێگەی جێبەجێکردنی یاسای بیمەی تەندروستییەوە دەستمان بە پلانەکانی تەندروستیی گشتی کرد کە یەکێکە لە پایە سەرەکییەکان چاودێریی تەندروستیی سەرەتایی، لەگەڵیشیدا هانی جێبەجێکردنی پلانی خێزانیشمان دا''.
 
لەو بارەیەوە حەسناوی روونی دەکاتەوە، دەیانەوێت بۆ هەر خێزانێکی عێراقی، پزیشکێکی خێزانی هەبێت و لە ژێر چاودێریی ئەو پزیشکەدا بن. بۆیە دەڵێت: ئەوە گۆڕانکاریی ریشەیی لە کەرتی تەندروستیی عێراقدا دەکات.
 
د. ریاز عەبدولئەمیر، بەڕێوەبەری گشتیی بەشی تەندروستیی گشتیی وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایگەیاند، گرنگە خزمەتگوزارییە تەندروستییە سەرەتاییەکان لە هەموو ناوچەیەکی عێراقدا دابینبکرێن و بتواندرێت بنکە تەندروستییەکان هەموو پێداویستییەکی سەرەتاییان تێدا بێت بۆ هۆشیاری و چارەسەری نەخۆشییەکان.
 
ئەو مژارانەی لەنێو کۆنفرانسەکە ئاماژەیان پێکرا بریتیبوون لە؛ (فراوانکردنی بەرنامەکانی خۆپارێزی، دەستپێشخەری و کۆنتڕۆڵکردنی تەندروستیی قوتابخانەکان، باشترکردنی بەرنامەکانی کوتان و بەرەوپێشبردنی بیمەی تەندروستی).