نەتەوەیەکگرتووەکان: تاوەکو ساڵی 2100 ژمارەی دانیشتووان دەگاتە نزیکەی 11 ملیار
رووداو - تەندروستی
رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان پێشبینیدەکات، تاوەکو ساڵی 2100ـی زاینی ژمارەی دانیشتووانی زەوی نزیک دەبێتەوە لەوەی بگاتە 11 ملیار کەس، خزمەتگوزاریی چاودێریی تەندروستی رووبەڕووی مەترسی دەبێتەوە.
رێکخراوەکە ئاماژەی بە مەترسیی زیادبوونەکە کردووە و دەڵێت: خۆراک، ئاو، وزە و ژێرخانی چاودێریی تەندروستی دەکەونە مەترسییەوە.
جگە لەمەش نەتەوەیەکگرتووەکان پێشبینیدەکات، تاوەکو ساڵی 2050 دانیشتووانی زەوی نزیک دەبێتەوە لەوەی کە بگاتە 9.7 ملیار کەس، خێراترین زیادبوونیش وڵاتانی ئەفریقا دەبن، بەڵام وڵاتانی ئەورووپی و ژاپۆن بەهۆی کەمیی رێژەی منداڵبوونەوە، بەساڵاچوویان زۆر دەبێت و ژمارەی دانیشتووانیان کەم.
ئەو وڵاتانەی زۆرترین گەشەی دانیشتووانیان تێدا دەکرێت؛ (هیندستان، نەیجیریا، پاکستان، کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆ، ئەسیوپیا، تانزانیا، ئیندۆنیزیا، میسر و ئەمریکا).
ئاڵنگارییە مەترسیدارەکانی کەرتی تەندروستی
بەپێی پێشبینییەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان، لەگە زیادبوونی چڕیی دانیشتووان و گەشتە نێودەوڵەتییەکان، ئەگەری بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەکان زیاد دەبێت و پەتاکانیش زوو زوو و بە خێرایی بڵاو دەبنەوە، بەتایبەت بەرکەوتنی مرۆڤ لەگەڵ ئەو ڤایرۆس و میکرۆبانەی لەنێو ئاژەڵە کێوییەکاندا هەن و دەگوازرێنەوە بۆ مرۆڤ، پاشانیش لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێنەوە و دەبنە پەتای نوێ.
مەترسیی کەمیی ئاو و گۆڕانی کەشوهەوا
ئێستا نزیکەی 2.7 ملیار کەس لە بێئاویدا دەژین، تاوەکو ساڵی 2100ـیش دەستکەوتنی ئاو دەبێتە ئاڵنگارییەکی جیدی بەتایبەت وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەفریقا. کەشوهەواش لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان خراپتر و پیستر دەبێت.
ئەو نەخۆشییانەی لەڕێگەی پسیبوونی ئاوەوە دەگوازرێنەوە
* کۆلێرا
* ڤایرۆسەکانی هەوکردنی جگەر
* نەخۆشییە مشەخۆرییەکان
* گرانەتا
* بەکتریای ئیکۆڵای
* شێرپەنجە
* ژەهراویبوون
ڤایرۆسی ئیفلیجیی مێشک
مەترسیی ئاسایشی خۆراک
بەپێی UN، تاوەکو 2050 پێشبینیدەکرێت 70٪ خواست لەسەر خۆراک زیاد بکات، هەروەها خواست لەسەر خۆراکە ئامادەکراوەکان، گۆشت، میوە، سەوزە و خۆراکە خێراکان زیاد دەبێت و ئەمەش دەستڕاگەیشتنی خۆراک بۆ هەژاران قورستر دەکات.