سەندیکای پزیشکانی ددان: پزیشکانی ددان نرخی کارەکانیان لە سۆشیاڵ میدیا دانەنێن

رووداو - تەندروستی

سەندیکای پزیشکانی ددانی کوردستان، چەند رێنماییەکی نوێی لەبارەی رێکلامی پزیشکانی ددان و سەنتەرەکانی چارەسەریی ددان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیاکان دەرکرد.
 
بەگوێرەی رێنماییەکان، پزیشکی ددان لە کاتی رێکلامکردندا تەنیا دەتوانێت ناساندنێکی خۆی و پسپۆڕییەکەی و شوێنی کارکردنی بکات، نابێت بە هیچ شێوەیەک باسی نرخ بکات و دەبێت رێز لە تایبەتمەندییەکانی نەخۆش بگیرێت.
 
گرنگترین خاڵەکانی رێنماییەکە:
 
رێکلامی فەرمی: پێویستە رێکلامەکان فەرمی بن و پزیشک بە جلوبەرگی فەرمییەوە دەربکەوێت، نابێت بەها و کاری هیچ پزیشکێکی دیکە کەمبکرێتەوە.
 
قەدەخەکردنی زانیاریی نادروست: دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی زانیاریی نادروست و چەواشەکارانە، هەروەها بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد و بەرنامەکانی دیکە بۆ گۆڕانکاریکردن لە وێنە و ڤیدیۆ قەدەخەیە.
 
ناساندنی پسپۆڕی: هەر پزیشکێک بڕوانامەی پسپۆڕی نەبێت و لە رێکلامەکاندا خۆی وەک پسپۆڕ بناسێنێت، بە سەرپێچی دادەنرێت و رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەبێتەوە.
 
قەدەخەکردنی داشکاندن و پێشبڕکێ: بانگەشەکردن بۆ داشکاندنی گشتی، پشکنینی خۆڕایی، ناوهێنانی مارکە و کۆمپانیاکان قەدەخەیە و بە سەرپێچی هەژمار دەکرێت.
 
پێشاندانی چارەسەر: نیشاندانی کاری پێش و دوای چارەسەرکردن تەنیا لەلایەن پزیشکی چارەسەرکارەوە رێگەپێدراوە، بەبێ ئەوەی ناوی جۆری چارەسەرەکە لە رووی شوێنی دروستکردن و براندەوە بهێنرێت.
 
سزای سەرپێچیکاران:
 
سەندیکاکە رایگەیاندووە، سزای سەرپێچیکاران لە ئاگادارکردنەوە دەستپێدەکات تاوەکو پێبژاردن کە لەنێوان 150,000 دینار تاوەکو 1,500,000 دیناری عێراقی دەبێت، لە ئەگەری دووبارەکردنەوەی سەرپێچی و نەدانی پارەکە، سزاکە دەگاتە قەدەخەکردنی کارکردن لە پیشەی تایبەتی خۆی بۆ ماوەیەک کە لە ساڵێک زیاتر نەبێت، لە حاڵەتی بەردەوامبوونیشدا کەیسەکە رەوانەی دادگە دەکرێت.
 
سەندیکای پزیشکانی ددانی کوردستان جەختی کردووەتەوە، لە کاتی بانگەشەکردن بۆ سەنتەرەکان، پێویستە ناوی ئەو پزیشکانە بنووسرێت کە چارەسەری نەخۆش دەکەن، بە پێچەوانەوە بەپێی یاسای سەندیکا سزا دەدرێن.