توێژینەوەیەک: منداڵی ساوا بەر قژی دایکی بکەوێت هێمن و ئاسوودەتر دەبێت
رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی نوێ پەیوەندییەکی سۆزداریی نێوان دایک بۆ منداڵە ساواکەی دەردەخات و ئاشكرای دەکات، لەئامێزگرتن و یاریکردنی نێوان دایک و منداڵی ساوا وادەکات زیاتر منداڵەکە هێمن ببێت و ئاسوودەیی زیاتری پێدەبەخشێت. هۆکارەکەش ئاشکرای دەکات.
توێژینەوەکە لەلایەن توێژەرانی زانکۆی بن گۆریۆن لە ئیسرائیل لەسەر 56 دایک لەگەڵ منداڵەکانیان کرا و دەرکەوت، بەرکەوتنی راستەوخۆی منداڵی ساوا بەر جەستەی دایک و لەئامێزگرتنی پاشانیش بەرکەوتنی منداڵەکە بەر قژی دایکی، منداڵەکە زیاتر هێمن و لەسەرخۆ دەکاتەوە.
لەبارەی هۆکارەکەیەوە پڕۆفیسۆر د. فلۆرینا ئوزێفۆڤسکی، دەروونزانی بایۆلۆژی لە زانکۆی بن گوریۆن لە ئیسرائیل سەرپەرشتیاری توێژینەوەکەی کردووە و دەڵێت: هۆڕمۆنی ئۆکسیتۆسین کە هۆڕمۆنی خۆشەویستییە لەکاتی یاریکردنی دایک لەگەڵ منداڵەکەیدا زیاد دەبێت و ئەمەش زیاتر رەنگدانەوەی دەبێت ئەگەر منداڵەکە بەر قژی دایکەکە بکەوێت.
پسپۆڕان کاریان لەسەر کاریگەریی بەرکەوتنی قژی دایک کردووە لەسەر دەردانی هۆڕمۆنی ئۆکسیتۆسین کە لە هەردوو رەگەزدا هەیە، گرنگی هەیە لە گرژکردنی ماسوولکەکانی دیواری منداڵدان لەکاتی منداڵبوون، لەکاتی لەئامێزگرتنیشدا رێژەکەی زیاد دەکات و پێی دەگوترێت ''هۆڕمۆنی خۆشەویستی''.
بڵاوکراوەیەکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO دەریدەخات، دایکان کاتێک شیری خۆیان بە منداڵەکەیان دەدەن گوشاری دەروونی و دڵەڕاوکێیان کەم دەبێتەوە؛ ئەویش بەهۆی ئەوەی کە شیرپێدانی سرووشتی یارمەتیی دەردانی هۆڕمۆنی ئۆکسیتۆسین دەدات کە هۆرمۆنی ئاسوودەیی و دڵخۆشییە.