جەنگەکان مەترسییەکی جیدی لەسەر سیستمی ئاو و ئاوەڕۆ دروستدەکەن

رووداو - تەندروستی

بەگوێرەی توێژینەوەیەک لە هۆڵەندا ئاشکرای دەکات، ململانێی چەکداری کاریگەریی وێرانکەری لەسەر سیستمەکانی ئاو هەیە، ئەمەش وەک هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر تەندروستیی مرۆڤ و ژینگە دادەنرێت.
 
زانکۆی ڤێنتی لە هۆڵەندا رایدەگەیێنێت لە ناوچە کێشە لەسەرەکاندا، ئەگەری مردنی منداڵان بەهۆی ئەو نەخۆشیانەی کە لە ئەنجامی نەبوونی ئاوی پاکی خواردنەوە و پیسبوونی سەرچاوەکانی ئاوەوە دروست دەبن، زۆر زیاترە لە مردن بەهۆی توندوتیژیی راستەوخۆی جەنگەکەوە، نەخۆشییەکانی وەک کۆلێرا، سکچوون و گرانەتا بە خێرایی لەنێو خەڵکی سڤیلدا بڵاودەبنەوە، بەتایبەت لەنێو ئاوارە و پەنابەراندا کە لە کەمپەکاندا دەژین و دەستیان بە ئاوی خاوێن و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی تەندروستی ناگات.
 
زانکۆ هۆڵەندییەکە جەختدەکاتەوە تێکچوونی ژێرخانی ئاو، وەک وێستگەکانی پاڵاوتن و تۆڕەکانی دابەشکردن، دەبێتە هۆی تێکەڵبوونی ئاوی خواردنەوە لەگەڵ ئاوی پیس و پاشەڕۆ، ئەمەش مەترسیی بڵاوبوونەوەی پەتاکان چەند هێندە زیاد دەکات، لە هەمان کاتدا گوشار لەسەر کەرتی تەندروستی زیاد دەکات کە لە بنەڕەتدا بەهۆی جەنگەوە لاواز بووە و ناتوانێت چارەسەری پێویست بۆ ژمارەیەکی زۆری نەخۆش دابین بکات.
 
جولیان شیلین گەر، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە، رایگەیاند، "پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێکخراوە مرۆییەکان بایەخێکی زیاتر بە پاراستنی سەرچاوە و سیستمەکانی ئاو لە کاتی ململانێکاندا بدەن، چونکە پاراستنی ئاو راستەوخۆ پەیوەندی بە پاراستنی ژیانی مرۆڤەوە هەیە."