پسپۆڕێک: پیسبوونی ئاو لەکاتی جەنگدا ئەگەری بڵاوبوونەوەی کۆلێرا و شێرپەنجە زیاد دەکات
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی تەندروستیی گشتی رایدەگەیێنێت، یەکێک لە کاریگەرییە سەرەکییەکانی جەنگ، پیسبوونی ئاوە کە دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی چەندین نەخۆشیی کوشندە و درێژخایەن.
ئەمڕۆ دووشممە 30-3-2026 د. سەرخێڵ ئاراس، پسپۆڕی تەندروستیی گشتی لە بوڵتەنی تەندروستی راگەیاند، "بەهۆی تێکەڵبوونی ئاوی پاک و پیس لە ئەنجامی جەنگەوە، نەخۆشییە گوازراوەکان بڵاودەبنەوە، دیارترینیان کۆلێرا، تیفۆ و هەوکردنی جگەری جۆری A."
د. سەرخێڵ ئاراز ئاماژەی بەوەشکرد، دیارترین نیشانەکانی تووشبوون بە کۆلێرا بریتین لە تایەکی بەرز، نەمانی ئارەزووی خواردن، لەگەڵ سکچوون و رشانەوە.
د. سەرخێڵ ئاراز هۆشداریی دا کە پاشماوە کیمیاییەکانی چەک و تەقەمەنی کە تێکەڵی سەرچاوەکانی ئاو دەبن، کاریگەریی درێژخایەنیان هەیە و دەبنە هۆی دروستبوونی منداڵی شێواو و ناکام، زیادبوونی مەترسیی شێرپەنجە و کاریگەریی نەرێنی لەسەر کۆئەندامی مێشک و دەمار.
کاریگەرییەکانی جەنگ لەسەر سیستمی ئاو
تێکەڵبوونی ئاوی پاک و پیس
پیسبوونی کیمیایی و کانزا قورسەکان
راوەستانی وێستگەکانی پاڵاوتن و پاکژکردنەوە
بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکانی پێست
تێکچوونی گەشەی منداڵان و وشکبوونەوە
دروستبوونی شێواوی کۆرپەلە
لاوازکردنی بەرگریی جەستە