مانگی سووری ئێران: 296 ناوەندی تەندروستی کراونەتە ئامانج

رووداو - تەندروستی

جێگری کاروباری نێودەوڵەتیی مانگی سووری ئێران رایدەگەیێنێت، لە ئەنجامی هێرشەکاندا، کەرتی تەندروستی و خوێندن زیانێکی گەورەیان بەرکەوتووە و بەهۆیەوە هەزاران سڤیل برینداربوون و گیانیان لەدەستداوە.
 
رازیە عالیشوەندی، جێگری کاروباری نێودەوڵەتی و مافی مرۆیی مانگی سووری ئێران رایگەیاند، "لە سەرەتای جەنگەوە، 296 ناوەندی تەندروستی و 600 ناوەندی خوێندن کراونەتە ئامانج. هەروەها 18 ناوەندی سەر بە مانگی سوور زیانیان بەرکەوتووە، کە بووەتە هۆی برینداربوونی 17 کارمەند و گیانلەدەستدانی 2 کارمەندی دیکەمان."
 
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، "بە گشتی نزیکەی 21 هەزار هاووڵاتیی سڤیل برینداربوون، کە هەزار و 731 کەسیان منداڵن و هەزار و 163 کەسیان خانمن، هاوکات 214 منداڵ و 244 خانم گیانیان لەدەستداوە، کە دوو خانمی دووگیانیان لەنێودا بووە."
 
بە گوتەی عالیشوەندی، لە کۆی گشتیی هێرشەکاندا زیاتر لە 102 هەزار شوێنی سڤیلنشین کراونەتە ئامانج، کە زۆربەیان یەکەی نیشتەجێبوون و بازرگانین.