پشکنینێکی نوێی خوێن شێرپەنجەی گون دەستنیشان دەکات

رووداو - تەندروستی

توێژەرانی مایۆ کلینیک رێگەیەکی نوێیان لە رێگەی خوێنەوە پەرەپێداوە کە یارمەتیدەرە لە دەستنیشانکردنی گرێی جێرم سێڵ (germ cell tumors)، کە باوترین جۆری شێرپەنجەی گونە.
 
توێژەرانی مایۆکلینیک رێگەیەکیان بەکارهێنا کە هەزاران ئاماژەی سیستمی بەرگری لە یەک کاتدا شیدەکاتەوە، ئەویش لەڕێگەی پشکنینێکی نوێی خوێن بە ناوی (GCT-iSIGN)، لە توێژینەوەیەکدا کە لەسەر 427 نموونەی خوێن کرابوو، پشکنینەکە 93%ی ئەو کەسانەی دەستنیشانکرد کە گرێی جێرم سێڵیان هەبوو و بە رێژەی 99% بە دروستی شێرپەنجەی لەو کەسانەدا رەتکردەوە کە نەیانبوو، هەروەها پشکنینەکە 23 لەو 24 حاڵەتەی دۆزییەوە کە پشکنینە ستانداردەکانی خوێن نەیانتوانیبوو دەستنیشانی بکەن.
 
هەروەها توێژەرانی مایۆکلینیک پشکنینێکی دووەمیشیان پەرەپێداوە بە ناوی (Sem-iSIGN)، کە بۆ جیاکردنەوەی دوو جۆرە سەرەکییەکەی شێرپەنجەی گون دیزاین کراوە، ئەم جیاکارییە گرنگە چونکە هەر جۆرێکیان رەنگە پێویستی بە رێگەیەکی چارەسەری جیاواز هەبێت.
 
پرۆفیسۆر د. دیڤیانشو دوبەی سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە مایۆ کلینیک رایگەیاند، "کاتێک نیشانە ستانداردەکانی خوێن نەرێنی بن، دەستنیشانکردن و پلاندانان بۆ چارەسەر رەنگە دوابکەوێت، پێویستمان بە توێژینەوەی زیاترە پێش ئەوەی بتوانرێت بە شێوەیەکی رۆتینی لە چاودێریی نەخۆشدا بەکاربهێنرێت."
 
شێرپەنجەی گون زۆربەی کات تووشی هەرزەکاران و گەنجان دەبێت و ئەگەر زوو دەستنیشان بکرێت، چارەسەرکردنی ئاسانە، بەڵام دەستنیشانکردنەکەی کاتێک قورس دەبێت کە گرێکان بڕێکی پێویست لەو ماددانە بەرهەم ناهێنن کە لە خوێندا وەک نیشانەی گرێی شێرپەنجەیی (tumor markers) دەردەکەون.