بەرپرسی بەشی کوتان لە بنکەی کێوەڕەش: نابێت کوتانی سوورێژە ساڵێکی بەسەردا تێپەڕ بێت

رووداو - تەندروستی

لە بنکەی تەندروستیی کێوەڕەش لە قەزای ڕانیە، کوتان بۆ منداڵان دەکرێت و بەرپرسێکی تەندروستیش رایدەگەیەنێت دایکان و باوکان پابەندی رێنوێنییەکانن.
 
کوێستان ئیبراهیم، بەرپرسی بەشی کوتان لە بنکەی تەندروستیی کێوەڕەش لە ڕانیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "دایکان و باوکان پابەندی رێنوێنییەکانی کوتانی منداڵان دەبن و بەگوێرەی خشتەی کوتان، کوتان بۆ منداڵان دەکەین."
 
بەرپرسی بەشی کوتان لە بنکەی کێوەڕەش هۆشداری دەدات لە دواخستنی کوتان و دەڵێت، "دایکان و باوکان دەبێت لەکاتی خۆیدا کوتانی منداڵەکەیان بکەن، چونکە دواخستنی کێشە دروستدەکات و کاریگەریی لاوەکیی زۆر دەبێت."
 
کوێستان ئیبراهیم ئاماژەی بەوەشکرد نزیکەی ساڵێکە هیچ حاڵەتێکی ئیفلیجی منداڵانیان تۆمار نەکردووە، هاوکات جەختیشی کردەوە کە نابێت کوتانی سوورێژە ساڵێکی بەسەردا تێپەڕبێت.