پەیمانگەی نیشتمانیی سیل لە عێراق: زۆرینەی تووشبووانی سیل لە بەغدا و کەمترین لە سلێمانی و دهۆکن

رووداو - تەندروستی

بەرپرسێکی پەیمانگەی نیشتمانیی سیل لە عێراق ئاشکرای دەکات، ساڵانە تووشبووانی سیل لە عێراق کەم دەبنەوە، بەجۆرێک لە ساڵانی رابردوودا لە 100 هەزار کەس 54 تووشبوو هەبوون، بەڵام ئێستا ژمارەکە بووە بە 21 تووشبوو.
 
ئەمڕۆ هەیینی 30-5-2025 د. لەیس غازی، بەڕێوەبەری تەندروستیی گشتیی پەیمانگەی نیشتمانیی سیل لە تەندروستیی عێراق لە بووڵتەنی کاژێر 14:00 دا رایگەیاند، زۆرینەی تووشبووانی سیل (25٪ـی تووشبووان) لە بەغدان و کەمترینیش لە دهۆک و سلێمانین.
 
د. لەیس غازی، بەڕێوەبەری تەندروستیی گشتیی پەیمانگەی نیشتمانیی سیل لە تەندروستیی عێراق گوتی، ''عێراق سەرکەوتوو بووە لە چارەسەر و کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشیی سیل، رێژەی چاکبوونەوە لە عێراق 94٪ـە لەکاتێکدا لە جیهاندا 88٪ـە''.
 
بەگوتەی ئەو بەرپرسە، هەندێک هۆکاری لۆجیستیکی بۆ هاوردەکردن و دابینکردنی دەرمان بوونەتە ئاستەنگ لە دەستڕاگەیشتن بە دەرمان لە هەندێک پارێزگای عێراق.
 
بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، لە هەر 100 هەزار کەسێک، 21 تووشبووی سیل هەن، د. لەیس گوتیشی، ''ساڵانە نزیکەی حەوت هەزار تووشبووی سیل تۆمار دەکرێن''.
 
د. لەیس ئاماژەی بە مەترسیی جگەرەکێشان کرد بەوەی کە هۆکارێکە بۆ گواستنەوەی نەخۆشیی سیل و دەڵێت: لە عێراق بەردەوام نەخۆشیی سیل هەیە، چونکە هۆکارەکانی تووشبوون و گواستنەوەی لەنێو خەڵکدا بڵاون و زۆرن وەکو هەژاری، زۆریی ژمارەی دانیشتووانی پارێزگا، جگەرە و نێرگەلەکێشان.