تووشبوویەکی دیکەی تای خوێنبەربوون لە سنووری رانیە دەستنیشانکرا
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تووشبوویەکی دیکەی تای خوێنبەربوون لە سنووری ئیدارەی راپەڕین تۆمارکراوە، کە پیاوێکی تەمەن 29 ساڵە و پیشەی ئاژەڵدارە. بەمەش ژمارەی تووشبووە پشتڕاستکراوەکان لە دوو مانگی رابردوودا گەیشتووەتە چوار کەس.
بە گوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی تەندروستی کە رۆژی هەینی، 30ی ئایاری 2025 بڵاویکردووەتەوە، تووشبووە نوێیەکە دانیشتووی ناحیەی بۆسکینە لە قەزای رانیە لە دەڤەری راپەڕین.
وەزارەتەکە دەڵێت، پیاوەکە بەهۆی بەرکەوتنی لەگەڵ ئاژەڵی تووشبوو، گومانی تووشبوونی لێکراوە و دوای دەرکەوتنی نیشانەکان و ئەنجامدانی پشکنین و رێکاری پزیشکی، پشتڕاستکراوەتەوە.
وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە ئێستادا [تووشبووەکە] لەژێر چاودێریی چڕ لە نەخۆشخانە خەوێندراوە و چارەسەر وەردەگرێت و تا ئێستا باری تەندروستی جێگیرە."
سەبارەت بە ئاماری گشتیی نەخۆشییەکە، وەزارەتەکە رایگەیاندووە: "تائێستا دوای بوونی چەندین گومانلێکراوی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان و هاتنیان بۆ نەخۆشخانە و بەدواداچوون و پشکنین بۆ گومانلێکراوان لە ماوەی دوو مانگی رابردوو، تەنیا چوار تووشبوو دەستنیشانکراون و پشتڕاستکراوەتەوە."
بەپێی وەزارەتی تەندروستی یەکێک لەو چوار تووشبووە بەهۆی سەختیی باری تەندروستییەوە گیانی لەدەستداوە، بەڵام دووانەکەی دیکە "بەتەواوی چاکبوونەتەوە و لە نەخۆشخانە دەرچوونە."
وەزارەتی تەندروستی جارێکی دیکە داوا لە هاووڵاتییان دەکات و جەختدەکاتەوە لەسەر جێبەجێکردنی رێنوێنییەکانی خۆپارێزی. دەشڵێت، "لەکاتی بوونی گومان و نیشانەکانی نەخۆشی لەسەر ئاژەڵ، پێویستە تیمەکانی ڤێتێرنەری ئاگاداربکەنەوە."
ئەو وەزارەتە هۆشداری دەداتە ئەو هاونیشتمانییانەی کە بەرکەوتەیان لەگەڵ ئاژەڵ یان بەرهەمەکانیدا هەیە، "لەکاتی بوونی هەر نیشانەیەکی ناتەندروست، بەخێرایی سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن بێ دواکەوتن."