تاقیکردنەوەی یەکەم چارەسەری هەمیشەیی بۆ ئیفلیجبوون لەسەر مرۆڤ دەستپێدەکات

رووداو - تەندروستی

لە چین تاقیکردنەوەی چارەسەری دووبارە دروستبوونەوەی دەمارە خانەکان دوای بەرکەوتن بە زەبری دڕکەپەتک لەسەر مرۆڤ دەستپێدەکات و پسپۆڕان بە ئومێدەوە دەڕواننە چارەسەرەکە بۆ کەسانی ئیفلیج.
 
چارەسەرەکە پێی دەگوترێت XS228 و بە بودجەی کۆمپانیای XellSmart ئەنجام دەدرێت و رەزامەندیی پێدراوە کە دەست بە تاقیکردنەوە کلینیکییەکان بکات.
 
توێژەرانی زانکۆی سون یات سێن لە چین ئەم تاقیکردنەوەیە دەکەن بۆ چاندنی خانە بنەڕەتییەکانی دڕکەپەتک لەوانەی دڕکەپەتکیان برینداربووە و ئیفلیجبوون، ئێستا لەسەر 60 نەخۆش تاقیدەکەنەوە و ماوەی شەش مانگ دەخایەنێت.
 
تاقیکردنەوەکە لەم قۆناخەدا چۆنە؟
 
بەپێی توێژەران، خانە بنەڕەتییەکانی کەسانی ساخ لە تاقیگە دەچێندرێنەوە و گەشەیان پێدەدرێت تاوەکو دووبارە دەبنەوە دەمارەخانە، پاشان دەخرێنە نێو جەستەی کەسی تووشبوو، بەمەش دووبارە دەمارەکانی کەسەکە دەکەونەوە کار، چونکە خانەکانی دووبارە دەست بە فەرمان دەکەنەوە.
 
لەسەر ئاژەڵان ئەمە تاقیکراوەتەوە و دەرکەوتووە، خانەکان لەگەڵ دڕکەپەتکدا یەکیان گرتووە و دەمارەخانە نوێیەکان گەشەیان کردووە؛ بەمەش جووڵە بۆ ئاژەڵە ئیفلیجەکان گەڕاوەتەوە؛ هەر بۆیە ئێستا لەسەر 60 کەس تاقیدەکرێتەوە.
 
ئامارەکان
 
برینداربوونی دڕکەپەتک باوە و لە جیهاندا 15 ملیۆن کەس بەو کێشەیەوە دەناڵێنن، ساڵانە 100 هەزار کەس لە چین و 18 هەزار کەسیش لە ئەمریکا بەهۆی بەرکەوتنی زەبر یاخود رووداوێک دڕکەپەتکیان بریندار دەبێت و ئیفلیج دەبن.
 
کۆتایی
 
چارەسەرەکان تاوەکو ئێستا تەنیا سرووشتین و هەندێک چارەسەریی رۆبۆتیش بەکارهاتوون، بەڵام تاوەکو ئێستا ئومێد بەخش نەبوون بۆ کەسانی ئیفلیج و زانایان هەمیشە چاویان لەوەیە دووبارە خانەکانی دڕکەپەتک دروست بکەنەوە.