نەخۆشنامە؛ زۆرجار هۆکاری میزەچرکێ دەروونییە

رووداو - تەندروستی

پۆدکاستی ئەمجارەی نەخۆشنامە لەبارەی هۆکارە باوەکانی بەردی گورچیلە و هەوکردنەکانی خانمان بوو و پسپۆڕێکی میزەڕۆ گوتی، 20٪ بۆ 25٪ ئەگەری دروستبوونی بەرد لە خانمانی دووگیان زۆرە و زۆرجاریش هەستی پێناکەن و فڕێی دەدەن.
 
لەبارەی میزەچرکێوە د. دلێر زەنگەنە، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی گورچیلە و میزەڕۆ دەڵێت: زۆربەی کات بەهۆی دوودڵییەوە تاک هەست دەکات میزەچرکێی هەیە، هۆکاری دیکەش هەن وەکو (هەوکردن، هاتنەخوارەوەی بەرد بۆ نێو میزەڵدان و میزەڵدانی کارا و هەستیار).
 
لەبارەی هۆکارەکانی بەردی گورچیلە دەڵێت، خانمان و پیاوان بە هەمان رێژە تووشی دەبن وەکو؛
 
- ناڕێکیی شێوازی ژیان
- کەمخواردنەوەی ئاو
- زۆرخواردنی خۆراکە سوێرەکان
- زۆرخواردنی گۆشت
- بۆماوەیی
 
لە بەشێکی قسەکانیاندا باسی کاریگەریی بەکارهێنانی شاشەکان کرا و گوتیان، منداڵان ئەوەندە خەریکی یارییەکانن، میزکردنیان لەبیر نەماوە، ئەمەش پەستان دەخاتە سەر میزەڵدانیان.
 
د. سانا ئیسماعیل خۆشناو، پسپۆڕی نەخۆشی و نەشتەرگەرییەکانی خانمان و منداڵبوون یەکێکی دیکەیە لە میوانی پۆدکاستەکە و بە خانمانی دووگیان دەڵێت: پێش بەکارهێنانی هەر دەرمانێک راوێژ بە پزیشک بکرێت، هەر هەوکردنێکیش هەبێت لە میزەڕۆ، پێویستە بە زوویی چارەسەری بکەن.
 
د. سانا خۆشناو گوتی، هەندێکجار خانمان هیچ نیشانەیەکیان نییە، بەڵام بەپێی پشکنینەکان هەوکردنی هەیە و پێویستە دەرمان وەربگرێت، ئەویش بەپێی پشکنینی چاندنی میزەکەی کە پێی دەڵێن ''زەرعی میز''.