پسپۆڕێک لە ئیسپانیاوە: نەخۆشییەکانی دڵ زیاد بوون و خۆپارێزی باشترین رێگر و چارەسەرە

رووداو - تەندروستی

لەنێو کۆفرانسی نێودەوڵەتیی کۆمەڵەی ئەورووپیی پسپۆڕانی دڵ کە ئەمساڵ لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا ئەنجامدەدرێت، نوێترین رێنوێنییەکانی خۆپاراستن و پشکنینی پێشوەختە تاوتوێ دەکرێنەوە و دووبارە بەرنامەی پشکنینی پێشوەختە بۆ پێشگیری لە جەڵتەی دڵ و نەخۆشییە باوەکانی دڵ پێشنیاز دەکرێنەوە.
 
ئەو کۆنفرانسە سێ رۆژ دەخایەنێت و د. ئەحمەد هیمداد، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ و قەستەرەی دڵ وەکو پسپۆڕێکی کورد لەوێ بەشدارە. ئەمڕۆ شەممە 30-8-2025 د. ئەحمەد هیمداد لە بووڵتەنی تەندروستیدا گوتی، نوێترین پێشکەوتنەکانی پزیشکی باس دەکرێن و زۆریش بایەخ بە پێشگیریکردن لێیان دراوە.
 
د. ئەحمەد هیمداد دەڵێت: هەر کەسێک هەستی بە سینگئێشە یاخود دڵەکوتێ و لەگەڵیشیدا ئارەقکردنەوە کرد، ئەوا دەستبەجێ بچێت بۆ نەخۆشخانە و پزیشکی پسپۆڕ ببینێت، چونکە نیشانەی جەڵتەن و چەند زووتر بگاتە نەخۆشخانە، ئەوەندەش چارەسەر ئاسان دەبێت.
 
بەگوێرەی کۆمەڵەی ئەورووپیی پسپۆڕانی دڵ، پشکنینە پێشوەختەکانی نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن ئەمانەن؛
-پشکنینی چەورییەکان
-پشکنینی فەرمانەکانی گورچیلە (کریاتینین)
-پشکنینی تڕۆپۆنین
-پشکنینی هەوکردن (CRP)
-پشکنینی شەکرەی سێ مانگی