پسپۆڕێکی چاو: هاوێنەی دەستکرد مەترسیی تووشبوون بە وشکیی چاو زیاددەکات
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی چاو لە ئەمریکا چەند رێنوێنییەک بۆ پێشگیریکردن لە وشکبوونی چاو دەخاتەڕوو و رایدەگەیێنێت، نادروستی لە بەکارهێنانی هاوێنە دەستکردەکانی چاو دەشێت هۆکارێک بێت بۆ تووشبوون بە هەستیاری و وشکیی چاوەکان.
دکتۆر ریچارد فرانس لە ناوەندی پزیشکی مەین لە ئەمریکا ئاشکرای دەکات، ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە 'ڤیتامین سی' دەتوانن نیشانەکانی وشکبوونەوەی چاو کەمبکەنەوە، هەروەها پارێزگاری لە تەندروستیی چاوەکانیش بکەن.
لە بارەی ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە 'ڤیتامین سی' پسپۆڕەکەی چاو دەڵێت: ''دژەئۆکسێنەری بەهێزن و دەتوانن نیشانەکانی وشکیی چاو وەکو خووران، سووربوونەوە و هەستیاری کەمبکەنەوە.''
پسپۆڕەکەی چاو روونیدەکاتەوە، 'لیمۆ، پرتەقاڵ، چەوەندەر، هەنار، شووتی و مۆز' دەوڵەمەندن بە ڤیتامین سی و دەتواندرێت هەریەکەیان بکرێت بە شەربەت و بۆ شێدارکردنەوەی چاو و کەمکردنەوەی نیشانەکانی وشکیی چاو سوودیان لێ وەربگیرێت.
بە گوتەی دکتۆر ریچارد، ئەوانەی گیرۆدەی وشکیی چاوەکان بوونەتەوە دەتوانن رۆژانە چای سەوز بخۆنەوە، چونکە یەکێکە لە دژەئۆکسێنەرەبەهێزەکان، هەروەها دەشڵێت: رێگەیەکی دیکەی پێشگیریکردن لە وشکیی چاوەکان زۆرخواردنەوەی ئاوە، چونکە هانی فرمێسکە رژێنەکان دەدات بۆ بەرهەمهێنانی فرمێسکی زیاتر.
دکتۆر ریچارد هۆشداری دەداتە هاووڵاتییان کە دووربکەونەوە لە بەکارهێنانی هاوێنەی دەستکردی چاو، چونکە ئەگەر بەخاوێنی بەکارنەهێندرێت ئەوا هۆکارێک دەبێت بۆ هەوکردن، هەروەها پسپۆڕەکە 'کەمکردنەوەی مانەوە لەبەردەم شاشەکان، خۆپاراستن لە کەشوهەوای تۆزاوی و دوورکەوتنەوە لە ژینگەی پڕدووکەڵی جگەرە و نێرگەلە' بە رێگەی کاریگەر بۆ پێشگیریکردن لە وشکبوون و نەخۆشییەکانی چاو دادەنێت.
لە کۆتاییدا پسپۆڕەکەی چاو رێنوێنی هاووڵاتییان دەکات و دەڵێت: ''تەنیا خۆراکی باش و تەندروست وشکیی چاوەکان چارەسەرناکات، بەڵکو لەکاتی بوونی نیشانەی جیاواز و ئاڵۆز، پێویستە سەردانی پزیشکی پسپۆر بکرێت، چونکە دەشێت هۆکارەکە گیرانی بۆری فرمێسک یاخود هەوکردنی چاو بێت.''
پەیمانگەی نیشتمانیی چاو لە بەریتانیا رایدەگەیێنێت، 'تەمەن، ناڕێکیی هۆرمۆنەکان، خۆراکی ناتەندروست و نادروستی لە بەکارهێنانی هاوێنەی دەستکرد' هۆکاردەبن بۆ وشکیی چاوەکان.