تەکنەلۆژیایەکی نوێ کە توانای قسەکردن بۆ ئیفلیجبووانی مێشک دەگەڕێنێتەوە، پەسند دەکرێت
رووداو - تەندروستی
تەکنەلۆژیایەکی نوێ لە ئەمریکا تاقیکرایەوە کە توانای قسەکردن بۆ تووشبووانی ئیفلیجیی مێشک دەگەڕێنێتەوە، بە فەرمی پەسند کرا و ئێستا لە بواری بەرهەمهێنان و بەبازاڕکردندایە.
ئامێرەکە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوو لەسەر تووشبوویەکی جەڵتەی مێشک تاقیکراوەتەوە کە 18 ساڵە ئیفلیجە و ناتوانێت قسە بکات، بەڵام ئێستا بەم ئامێرە کەوتووەتەوە قسەکردن.
توێژەرانی زانکۆی کالیفۆرنیا لە ئەمریکا کارەکەیان کردووە و ئامێرەکە بە جۆرێک کار دەکات کە تەنیا لەڕێگەی دەربڕینی رووخسار و نێردەدەمارییەکانی مێشکی کەسی تووشبووەوە زانیارییەکان دەگۆڕدرێن بۆ نووسین، نووسینەکانیش لەڕێگەی شاشەیەکەوە بە ژیریی دەستکرد مۆدێلێک دەریان دەبڕێت و دەگۆڕدرێن بۆ قسە.
تەنانەت نەک تەنیا قسەکردن، بەڵکو زەردەخەنە، بەرزکردنەوەی برۆکان و تووڕەبوون و قرچانی لێویش وەردەگێڕێتە سەر مۆدێلە ژیرییە دەستکردەکەی نێو شاشەکە.