پسپۆڕێک: داخستنی تەنگەی هورمز کارەسات بۆ کەرتی ئاژەڵداری دروستدەکات

رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێک هۆشداری دەدات لەوەی هەر جۆرە و شەڕ و ئاڵۆزییەک کە دەبێتە هۆی داخستنی تەنگەی هورمز، کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر کەرتی تەندروستیی ئاژەڵ و پیشەسازیی کشتوکاڵ لە سەرانسەری جیهاندا دەبێت.
 
د. بێرناردۆ ئۆتێرۆ، پسپۆڕی پزیشکیی ڤێتێرنەری و دامەزرێنەری NEXUS ANIMAL HEALTH دەڵێت، داخستنی ئەو رێڕەوە دەریاییە دەبێتە هۆی  بەرزبوونەوەی تێچووی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری، ئەمەش خواستی زیاتر بۆ چارەسەرەکانی تەندروستیی ئاژەڵ دروست دەکات.
 
د. بێرناردۆ ئۆتێرۆ ئاماژە بەوەدەکات وزە بەشیکی سەرەکییە لە هەموو قۆناخەکانی بەرهەمهێنانی خۆراکدا، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت راستەوخۆ دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی تێچووی سووتەمەنیی کێڵگە و ئامێرە کشتوکاڵییەکان، بەرهەمهێنانی پەین، گواستنەوەی ئالیک و پێداویستییەکان ئەمەش کار دەکاتە سەر  بەرهەمهێنانی دەرمانی ڤێتێرنەری و پێداویستییەکانی دیکەی کەرتی ئاژەڵداری.
 
د. بێرناردۆ ئۆتێرۆ دەڵێت تەندروستی ئاژەڵان بەستراوەتەوە بە تەندروستی مرۆڤ و ژینگەوە (یەک تەندروستی - One Health). وێرانکارییەکانی جەنگ لەسەر ئاژەڵان تەنها مەرگی ئەوان نییە، بەڵکو تێکچوونی هاوسەنگیی سروشت و بڵاوبوونەوەی پەتایە کە لە کۆتاییدا یەخەی مرۆڤایەتیش دەگرێتەوە، پاراستنی ئاژەڵان لە کاتی ململانێکاندا ئەرکێکی مرۆیی و ئەخلاقییە.