پسپۆڕێکی ڤێتێرنەری: جەنگ و ترس کاریگەری لەسەر کواڵیتیی گۆشتی ئاژەڵان دادەنێن

رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی نەخۆشییە ڤایرۆسییەکانی ڤێتێرنەری گوتی، جەنگ و ترسی جەنگ کاریگەریی نەرێنی دەکاتە سەر کوالیتی و سەلامەتیی گۆشتی ئاژەڵان و چەند رێنماییەکیش لەبارەی خواردنی گۆشت لە کاتی جەنگدا دەخاتەڕوو.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 31-3-2026 د. دەشتی محەممەد، پسپۆڕی نەخۆشییە ڤایرۆسییەکانی ڤێتێرنەری لە بوڵتەنی تەندروستی رایگەیاند، "ئاژەڵ نابێت بەر لە سەربڕین دڵەڕاوکێی هەبێت، چونکە ئەگەر ئاژەڵ دڵەڕاوکێی هەبێت، تام و سوودی گۆشتەکەی کەم دەبێتەوە."
 
سەبارەت بە ئاژەڵە بریندارەکان، د. دەشتی روونیکردەوە، "ئەو ئاژەڵانەی کە بەهۆی جەنگەوە ئەندامێکی جەستەیان لەدەست داوە، بەگوێرەی برینەکەی بڕیاری لەسەر دەدرێت، ئەگەر ئاژەڵەکە بۆ ئەوەی نەمرێت سەرببڕدرێت، نابێت گۆشتەکەی بخورێت. هەروەها ئەگەر بە چەک بریندار بووبێت، ماددە کیمیاییەکان تێکەڵی گۆشتەکەی دەبێت و نابێت بخورێت."
 
لەبارەی هەڵگرتنی گۆشت لە کاتی نەبوونی کارەبادا، د. دەشتی محەممەد پێشنیازی کرد، "ئەگەر کارەبا بۆ ماوەیەکی زۆر نەبوو، بۆ ئەوەی گۆشت تێکنەچێت، باشتر وایە گۆشتەکە بکوڵێنرێت و دواتر بەشێوەی قاورمە هەڵبگیرێت."