تەندروستیی ئێران: 24 یەکەی دەرمان زیانیان بەرکەوتووە
رووداو - تەندروستی
جێگری وەزیری تەندروستیی ئێران و سەرۆکی دەزگای خۆراک و دەرمان FDA لە وڵاتەکە رایدەگەیێنێت، 24 یەکەی بەرهەمهێنان و کۆگەکردنی دەرمان وێران بوون، بەڵام هێشتا دەرمان دروستدەکرێت.
د. مەهدی پیرساڵحی، جێگری وەزیری تەندروستی و سەرۆکی دەزگای خۆراک و دەرمان لە ئێران ئاشکرای دەکات، لە سەرەتای جەنگەوە 24 یەکەی دەرمان و کەرستەی پزیشکی زیانیان بەرکەوتووە.
بەگوتەی پیرساڵحی، هێشتا لەو وڵاتە بەرهەمهێنانی دەرمان بەردەوامە و جەختیش لەوە دەکاتەوە، هێرشکردنە سەر ناوەندە پزیشکی و تەندروستییەکان لەکاتی جەنگدا پێشێلکردنی رێککەوتنەکانی جەنگە، چونکە بە روونی قەدەخەکراون.
هاوکات محەممەد هاشمی، گوتەبێژی دەزگای خۆراک و دەرمان لە ئێران دەڵێت: لەم ماوەیەدا 8 کارگەی دروستکردنی دەرمان زیانیان بەرکەوتووە و چەندین کۆمپانیای بەرهەمهێنانی دەرمانیش تووشی زیان بوون.
ئەمەش بزانە
لە بەرەبەیانیی رۆژی شەممە 28ـی شوبات، هێرشێکی بەرفراوان و هاوبەشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەستیپێکردووە و تائێستا بەردەوامە و لەو ماوەیەدا چەندین جار پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش کراونەتە ئامانج.
لە بەرامبەردا، هێزە چەکدارەکانی ئێران و بەتایبەت سوپای پاسداران، بە چەندین مووشەک و درۆن هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی ئێران و مانگی سوور، ژمارەی کوژراوان گەیشتووەتە 1937 کەس و ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە زیاتر لە 25 هەزار کەس.
سەرۆکی مانگی سوور ئاشکرای کرد کە هێرشەکان ناوەندە تەندروستی و پەروەردەییەکانیشیان گرتووەتەوە، بەم شێوەیە:
32 ناوەندی تەندروستی و دەرمانخانە زیانیان بەرکەوتووە.
65 قوتابخانە و ناوەندی خوێندن بەشێوەی گشتی یان نیمچەیی زیانیان پێگەیشتووە.
28 ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری (ئەمبووڵانس و ئۆتۆمبێلی رزگارکردن) تێکشکاون.