ڤێتێرنەریی راپەڕین: ئێستا لە راپەڕین بەشێکی زۆری ئاژەڵان لە دەرەوەی کوشتارگە سەردەبڕدرێن

رووداو - تەندروستی

بەڕێوەبەری ڤێتێرنەریی راپەڕین رایدەگەیێنێت، تائێستاش بەشێکی زۆری ئاژەڵان لە دەڤەری راپەڕین لە دەرەوەی کوشتارگە سەردەبڕدرێن و کوشتارگەیەکی گونجاویش نییە بۆ سەربڕینی ئاژەڵەکان.
 
ئەمڕۆ شەممە 31-5-2025 دکتۆر سەعدی تەیب، بەڕێوەبەری ڤێتێرنەریی راپەڕین بە رووداوی راگەیاند، سەربڕینی ئاژەڵ لە دەرەوەی کوشتارگە رێگەپێدراوەکان و دوور لە چاوی پزیشکانی ڤێتێرنەری مەترسیدارترین هۆکارە بۆ تووشبوون و بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون.
 
دکتۆر سەعدی تەیب ئاشکرای کرد، ئەو تووشبووەی تای خوێنبەربوون کە دوێنێ هەیینی وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند، بەرکەوتەی راستەوخۆی لەگەڵ ئاژەڵدا هەبووە و پێش دوو هەفتە ئاژەڵی سەربڕیوە.
 
دوێنێ هەیینی، وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تووشبوویەکی دیکەی تای خوێنبەربوون لە سنووری ئیدارەی راپەڕین تۆمارکراوە، کە پیاوێکی تەمەن 29 ساڵە و پیشەی ئاژەڵدارە. بەمەش ژمارەی تووشبووە پشتڕاستکراوەکان لە دوو مانگی رابردوودا گەیشتووەتە چوار کەس.
 
وەزارەتەکە دەڵێت، پیاوەکە بەهۆی بەرکەوتنی لەگەڵ ئاژەڵی تووشبوو، گومانی تووشبوونی لێکراوە و دوای دەرکەوتنی نیشانەکان و ئەنجامدانی پشکنین و رێکاری پزیشکی، پشتڕاستکراوەتەوە. ئێستا لە نەخۆشخانەی شارە و تەندروستیی راپەڕینیش دەڵێت: تەندروستیی جێگیرە.