پسپۆڕێک: منداڵ هەبووە بەنهێنی جگەرەی کێشاوە، تووشی نەخۆشییەکی سییەکان بووە ئینجا پێی زانراوە
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی وردی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسەدان لە دهۆک رایدەگەیێنێت، ئێستا بەهۆی جگەرە و نێرگەلەکێشان نەخۆشییەکانی هەوکردن، رەبۆ و تەنانەت شێرپەنجەی سییەکانیش لەنێو خەڵک و بەتایبەتیش لەنێو گەنجاندا زیاد بوون.
ئەمڕۆ شەممە 31-5-2025 هاوکات لەگەڵ رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی تووتن لە بووڵتەنی نووڕۆژدا د. عەبدولڕەحمان رێکانی، پسپۆڕی وردی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسەدان ئاشکرای کرد، منداڵ هەبووە هەر لە تەمەنی هەشت ساڵییەوە دەستی بە جگەرەکێشان کردووە و دایک و باوکی لێی بێخەبەر بوون تا ئەو کاتەی تووشی نەخۆشییەکی سییەکان بووە، ئینجا پێیان زانیوە.
د. عەبدولڕەحمان رێکانی لەبارەی دەستپێشخەرییە هەمیشەییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ بەرەنگاربوونەوەی تووتن، گوتی: رێگەیەکی سەرەکییە بۆ زیادبوونی هۆشیاریی خەڵک لە زیانەکانی جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپ.
بەگوتەی د. عەبدولڕەحمان رێکانی، بەشێکی زۆری ئەو منداڵانەی دەست بە جگەرەکێشان دەکەن، باوک یاخود دایک و باوکیان جگەرەکێشن و ئەوانیش وەکو چاولێکەری، جگەرەدەکێشن.