دیبەیتی دژەتووتن؛ جگەرە و ڤەیپکێشان پیاوان و خانمان نەزۆک دەکات و لەنێو کچانی گەنج زۆر بووە

رووداو - تەندروستی

ئەمڕۆ لە رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی تووتندا کە هاوکاتە لەگەڵ پێدانی خەڵات بە براوەی پڕۆژەی ئەنتیتۆباکۆ لەنێو بووڵتەنی تەندروستیدا چەند پسپۆڕێک میوان بوون و یەکێکیان هۆشداری دا و گوتی، ''ئەگەر کەسێک ماوەی 45 خولەک بۆ کاژێرێک نێرگەلە بکێشێت، دەکاتە نزیکەی 100 جگەرەی کێشاوە''.
 
''کاژێرێک نێرگەلەکێشان یەکسانە بە کێشانی 100 جگەرە''
 
د. هیوا خالید گەردی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسەدان میوانێکی دیبەیتەکەیە و دەڵێت: ئالوودەبوون بە جگەرەی ئەلیکترۆنی زۆر ئاسانترە لە جگەرەی ئاسایی و مرۆڤ تووشی دۆخێک دەکات کە سییەکانی هەو دەکەن، بەجۆرێک هەناسەی کەسەکە دەوەستێت و پێویستی بە فریاگوزاریی بەپەلە دەبێت.
 
د. هیوا گەردی ئاشکرای دەکات، ''ئەگەر کەسێک ماوەی 45 خولەک بۆ کاژێرێک نێرگەلە بکێشێت، دەکاتە نزیکەی 100 جگەرەی کێشاوە''.
 
د. هیوا گەردی جەختی لەوە کردەوە، جگەرە ئەلیکترۆنییەکان مادەی کیمیایی شێرپەنجەییان تێدایە وەکو 'گلیسڕۆڵ و نایترۆسەمین'. تەنانەت گوتی، ''بەهیچ شێوەیەک نابێت ڤەیپ، نێرگەلە و جگەرەی ئەلیکترۆنی بۆ وازهێنان لە جگەرەکێشان بەکاربهێندرێت، بەڵکو دەبێت دەرمان لەژێر راوێژی پزیشک بەکاربێت''.
 
ئەو پسپۆڕەی سییەکان دەڵێت: ئەو کەسانەی کە بەرکەوتەی دووکەڵی جگەری دەستی دووەمن، ژەهراویبوون بە گازیان بەسەردا دێت و کاریگەرییەکەی وەکو ئەوەیە کە ئەویش جگەرەی کێشابێت.
 

''جگەرە و نێرگەلەکێشان رێخۆشکەرە بۆ تووشبوونی خانمان بە شێرپەنجەی ملی منداڵدان و نەزۆکی''
 
د. ئاهەنگ دژوار، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون دەڵێت: ڤەیپکێشان لەنێو خانماندا زیاد بووە و پێیان وایە کە زیانی کەمترە لە جگەرە، بەڵام وانییە.
 
د. ئاهەنگ دژوار دەشڵێت، خانمانی گەنج بە ئاسانتر ئالوودەی ڤەیپ و جگەرەکێشان دەبن، چونکە خانەکانی مێشکیان زۆر چالاکە بۆ وەرگرتنی ئەو نیکۆتینەی لەنێو جگەرە و ڤەیپدا هەیە، ئەمەش هۆرمۆنەکانی خانمان و سووڕی مانگانەیان تێکدەدەن.
 
بەگوتەی ئەو پسپۆڕەی خانمان، ڤەیپکێشان هەوکردن و ناڕێکییەکانی هێلکەدان لە خانماندا زیاد دەکات و زووتر هێلکەکانی لەنێو دەچن، بەمەش خانمەکە کێشەی نەزۆکی بۆ دروست دەبێت.
 
د. ئاهەنگ دژوار گوتی، نێرگەلەکێشان پێکهاتەی کیمیایی وای تێدایە کە تەمەنی وەستانی هەمیشەیی سووڕی مانگانەیان پێش دەخات. بەڵام باسی ئەوەش دەکات کە بەرگریی جەستەی خانمان بەجۆرێک کەم دەکاتەوە کە رێخۆشکەر بێت بۆ گۆڕینی خانە ئاساییەکان بە شێرپەنجەیی و تووشبوونی خانمان بە شێرپەنجەی ملی منداڵدان.
 

''بۆ وازهێنان لە جگەرەکێشانی منداڵ، نابێت لێدان بەکاربێت''
 
سامی عەبدولڕەحمان، مامۆستا و راهێنەری پەروەردەیی یەکێک بوو لە میوانەکان و گوتی، پەنابردنە بەر جگەرە، ڤەیپ و نێرگەلەکێشان هۆکارێکی دەروونی لەپشتەوەیە و پێویستە هۆکارەکەی بزاندرێت بۆ ئەوەی کەسەکە وازی لێبهێنێت.
 
بەگوتەی سامی عەبدولڕەحمان، نابێت بۆ وازهێنان لە جگەرەکێشان لە منداڵ بدرێت و منداڵ رەنگدانەوەی دایک و باوکیەتی بەتایبەت بۆ بابەتی جگەرەکێشان.