مایۆکلینیک جۆرێکی خۆشووشتن بۆ خەوخۆشی پەسند دەکات
رووداو - تەندروستی
بەپێی سەرچاوەی جیهانیی مایۆکلینیک، کەسانی ئاسایی ئەگەر لە شەودا بە ئاوی شلەتێن خۆیان بشۆن، زیاتر خەویان خۆشتر دەبێت و کواڵیتیی خەویان باشتر دەبێت.
مایۆکلینیک رایدەگەیێنێت، خۆشووشتن بۆ ئەوانەی هەوکردنیان هەیە باشترە بە ئاوی شلەتێن بێت، بۆ ئەوەی جەستەیان هاوکاربێت لە بەرهەڵستیکردنی هەوکردنەکە، بەڵام بەکارهێنانی ئاوی سارد وادەکات بەرگریی جەستە لەو کاتەدا لاواز بێت و کەسەکە درەنگ لە هەوکردنەکە چاک ببێتەوە.
بەپێی دامەزراوەی پزیشکانی پێست لە بەریتانیا، شووشتنی قژ بە ئاوی شلەتێن کە گەرمییەکەی لەنێوان 30 بۆ 35 پلەی سیلیزیدا بێت، رێگری دەکات لە لەدەستدانی شێداریی پێستی سەر، هەروەها چەورییە سوودبەخشەکەی سەلکی مووەکان دەپارێزێت، بەڵام ئاوی سارد پێستی سەر وشک دەکاتەوە.
مایۆکلینیک لەبارەی سەرئێشەوە بەکارهێنانی ئاوی گەرم پێشنیاز دەکات، ''گرژبوونی ماسوولکەکان کەم دەکاتەوە و سووڕی خوێنیش چالاک دەکات''.
د. کارل تۆرنفێڵد، پسپۆڕی پێست لە ئەمریکا دەڵێت: زێدەڕۆیی لە بەکارهێنانی ئاوی گەرم پێست وشک دەکاتەوە و شێدارییە سرووشتییەکەی ناهێڵێت، بۆیە بۆ کەسێکی ئاسایی پێشنیاز دەکات، لەکاتی خۆشووشتندا سەرەتا ئاوەکە شلەتێن بێت، ئینجا بەرە بەرە پلەی گەرمیی ئاوەکە سارد بکرێت بۆ ئەوەی جەستە لە هەردوو بارەکەدا سوودی لێ ببینێت.
بەشێک لە کاریگەرییەکانی خۆشووشتن بە ئاوی سارد یاخود گەرم بزانە