لێپرسراوی WHO لە سلێمانی: رێوشوێنە جیهانییەکان بۆ پێشگیری لە کۆلێرا لە شارەکە گیراونەتەبەر
رووداو - تەندروستی
لێپرسراوی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە سلێمانی رایدەگەیێنێت، تاوەکو ئێستا تەنیا هەشت تووشبووی کۆلێرا لەلایەن تەندروستیی سلێمانییەوە دەستنیشانکراون و هەموو پشکنینەکان بۆ پشتڕاستکردنەوەیان نێردراون بۆ بەغدا.
د. نەجمەدین حەسەن، لێپرسراوی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە سلێمانی بە رووداوی گوت، تائێستا هیچ تووشبوویەکی ئاوڵەی مەیموون لە عێراق و هەرێمی کوردستان نییە و ئەوەشی کە لە دەرەوەی وڵاتانی ئەفریقا بڵاوبووتەوە جۆرە کوشندەکەی ئاوڵەی مەیموون نییە.
هاوکات د. نەجمەدین حەسەن دەڵێت: بەهۆی ئەوەی کە رێژەی پشکنینەکان بۆ نەخۆشیی ئاوڵەی مەیموون کەمە، لە جیهاندا ژمارەی تووشبووان زۆر زیاترە لەو ئامارانەی کە لە وڵاتانی ئەفریقا رادەگەیێندرێت.
لەبارەی دەستپێشخەرییەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بۆ کەرتی تەندروستیی سلێمانی لە پێشگیریی نەخۆشیی کۆلێرا دەڵێت: ''خول و رێنوێنیی تایبەت دەدەین بە پزیشک و کارمەندانی تەندروستی، هەروەها زیاتر لە 150 هەزار ژیناو کە لەلایەن رێکخراوەکەوە بەرهەمدەهێندرێت، بۆ سلێمانی دابینکراوە''.