WHO: لە جیهاندا رێژەی مردن بە کۆلێرا لەزیادبووندایە و دانیشتووانی 31 وڵات بوونەتە قوربانی
رووداو - تەندروستی
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاشکرای دەکات، تادێت کۆلێرا لە وڵاتانی زیاتر بڵاو دەبێتەوە و ئێستا دانیشتووانی 31 وڵات گیرۆدەی ''نەخۆشییە کوشندەکەن''.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO رایدەگەیێنێت، هەژاری یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی بڵاوبوونەوە و سەرهەڵدانی کۆلێرا، هەروەها گۆڕانکارییە سرووشتییەکانیش بەتایبەت لافاو و قوربانییانی گۆڕانەکانی کەشوهەوا دەکرێت سەرچاوەی ئاو و خۆراک پیس بکەن و کۆلێرایان لەڕێگەوە بگوازرێتەوە.
بەپێی رێکخراوەکە، ئەم ساڵ 409 هەزار و 22 تووشبووی کۆلێرا لە جیهاندا تۆمار کراون، لەو ژمارەیەش چوار هەزار و 738ـیان گیانیان لەدەستداوە؛ زۆرترینیش هی 31 وڵات بوون کە 18ـیان هی وڵاتانی ئەفریقان.
ئەوەش دەخاتەڕوو کە بەراورد بە ساڵی رابردوو، رێژەی تووشبووان کەمی کردووە، بەڵام رێژەی گیانلەدەستدان 46٪ زیادیکردووە.
کۆلێرا لە هەرێمی کوردستان
هەفتەی رابردوو د. سەفین عوسمان، پسپۆڕی مایکرۆبایۆلۆژی و نەخۆشییە گوازراوەکان لە نەخۆشخانەی شار بە رووداوی گوت، لە پشکنینەکان بۆیان دەرکەوتووە، ئەو کەسانەی سکچوونی تووندیان هەبووە زۆرینەیان تووشبووی ڤایرۆسی رۆتا و ئەدینۆ بوون، بەڵام گوتیشی ''ئەمساڵ، تائێستا هیچ تووشبوویەکی کۆلێرا دەستنیشان نەکراوە''.
لەکاتێکدا ساڵی رابردوو، لە سلێمانی و دهۆکیش تووشبووی نەخۆشییەکە تۆمار کران.
نیشانەکانی نەخۆشیی کۆلێرا ئەمانەن؛
- سکچوون
- وشکبوونەوەی تووند
- هەستکردن بە تینووێتی زۆر
- گرژبوونی ماسولکەکان
- ڕشانەوە
- لاوازی
رێگەکانی چارەسەرکردنی ئەم نەخۆشییە بریتین لە؛
- زۆر خواردنەوەی ئاو
- وەرگرتنی ژیناوی تێکەڵ بە دژە بەکتریا بۆ کەمکردنەوەی سکچوون
- بەکارهێنانی زینک بۆ منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵ
- بەکارهێنانی ژیناوی دەوڵەمەند بە مادە کانزاییەکان
رێگەکانی خۆپارێزی لە تووشبوون بەم نەخۆشییە؛
- دەستشۆردنی بەردەوام بەتایبەت پێش نانخواردن، ئامادەکردنی خۆراک، شیردان بە منداڵ هەروەها دوای چوونە توالێت و هەڵسوکەوت لەگەڵ تووشبوو
- شۆردنەوەی سەوزە و میوە بە خوێ یان مادەی پەرمەنگەناتی پۆتاسیۆم
- پاککرندەوەی تانکیی ئاوی خواردنەوەی ماڵ و دڵنیابوونەوە لە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە
- کوڵاندنی ئاوی خواردنەوە و بەکارهێنانی حەبی کلۆر بۆ ناو سەرچاوەی ئاو
- دوورکەوتنەوە لە خۆراکی دەرەوە
چەند ڤاکسینێک دژی کۆلێرا هەن کە کاریگەرییەکەیان لە کۆنترۆڵکردنی کۆلێرادا سەلمێنراون، بەڵام بۆ هێشتنەوەی بەرگری لە ئاستێکی بەرزدا پێویستە قورچکی بەهێزکەر وەربگیرێن.