شاندی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بۆ رووداو: دەست بە جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ی ئادار دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی شاندی دانوستاندنکاری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی سووریا دەڵێ، چاوەڕوان دەکرێ دەست بە جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ی ئادار لەگەڵ حکومەتی سووریا بکرێ، کە سەرەتا بە دۆسیەی سەربازی دەستپێدەکات و هێزەکانی هەسەدە دەبنە بەشێک لە سیستمی بەرگریی سووریا، بێ ئەوەی هێزەکانی دیمەشق بچنە رۆژئاوای کوردستان.
 
مەریەم ئیبراهیم، گوتەبێژی شاندی دانوستاندنکاری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی سووریا، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 13:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، باسی لە دوایین پێشڤەچوونەکانی پەیوەندیدار بە دانوستاندنەکانی نێوان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و حکومەتی سووریا کرد.
 
جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە
 
مەریەم ئیبراهیم گوتی، رێککەوتنی 10ی ئادار لە 8 خاڵ پێکهاتووە و خاڵی یەکەمی تەرخانکراوە بۆ دۆسیەی سەربازی. سەبارەت بە کاتی جێبەجێکردنی، گوتەبێژەکە گوتی: "پێشبینی دەکەین لە رۆژانی سەرەتای ساڵی 2026ـدا بکرێ. پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولامان بەردەوامن، هەرچەندە تۆزێک سست و خاون؛" هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە هەندێک هێزی هەرێمی پێشتر بەربەست بوون، بەڵام ئێستا "نەرمینواندن" لەلایەن دیمەشقەوە هەیە.
 
چارەنووسی هێزە سەربازییەکان (هەسەدە)
 
سەبارەت بە میکانیزمی تێکەڵبوونی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەگەڵ سوپای سووریا، مەریەم ئیبراهیم وردەکارییەکەی بۆ رووداو خستەڕوو و گوتی: "سێ فیرقەی سەربازی و دوو لیوا دەبن. یەکێک لە لیواکان تایبەتە بە ژنان (یەپەژە) و لیوایەکی دیکەش بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆرە."
 
لە وەڵامی ئەوەی ئایا سوپای سووریا دەچێتە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، گوتەبێژەکە رەتیکردەوە و گوتی: "هەسەدە لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا دەمێنێتەوە و هێزەکانی دیمەشق ناچنە ئەوێ، چونکە هەسەدە لە بنەڕەتدا دەبێتە پێکهاتەیەک لە سوپای سووریا و لەوێ نوێنەرایەتیی سوپا بۆ پاراستنی سنوورەکان دەکات."
 
سەردانی مەزڵووم عەبدی بۆ دیمەشق
 
لەبارەی سەردانی چاوەڕوانکراوی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە بۆ دیمەشق؛ مەریەم ئیبراهیم رایگەیاند، کۆبوونەوەکە بەهۆی "کێشەی تەکنیکی" دواخرا، بەڵام "باوەڕمان وایە لەم 10 رۆژەی داهاتوودا کاتێک بۆ دیدارێکی جەنەڕاڵ مەزڵووم عەبدی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای دیمەشق دیاری بکرێت."
 
سیستمی سیاسی و هەڵوێستی تورکیا
 
مەریەم ئیبراهیم رایگەیاند، ئەوان داوای "سیستمی ناناوەندی" دەکەن نەک جیابوونەوە، هەروەها حکومەتی دیمەشقیش گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی مەبەستیان دابەشکردنی سووریا نییە.
 
سەبارەت بە تورکیاش، ئاماژەی بەوە کرد کە لەم دواییانەدا هەڵوێستی ئەنقەرە نەرم بووە، گوتیشی، "بەهیواین تورکیا رۆڵێکی ئەرێنی بگێڕێ، چونکە ئاسایشی سووریا کاریگەریی لەسەر ئاسایشی ئەویش دەبێت."
 
مەریەم ئیبراهیم لە کۆتاییدا رایگەیاند، ئێستا تەنیا گرنگی بە یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی سەربازی دەدرێ بە گەرەنتیی ئەمریکا و دواتر گفتوگۆ لەسەر دامەزراوەکانی دیکە دەکرێت.
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ مەریەم ئیبراهیم، گوتەبێژی شاندی دانوستاندنکاری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی سووریا:
 
رووداو: سڵاو و رێز. رێککەوتنی 10ی ئادار کەی جێبەجێ دەکرێت؟
 
مەریەم ئیبراهیم: ئەم کاتەتان باش. دەمەوێ لەم هەڤپەیڤینەدا سەری ساڵی نوێ لە هەموو گەلانی ناوچەکە پیرۆز بکەم. رێککەوتنی 10ی ئادار لە چەند رۆژی داهاتوودا جێبەجێ دەکرێ. ئەو رێککەوتنە لە 8 خاڵ پێکهاتووە، بەڵام لە خاڵی یەکەمدا گرنگی بە دۆسیەی سەربازی دەدرێ. پێش هەموو شتێک رێککەوتن لەسەر خاڵە سەربازییەکان دەکرێ.
 
رووداو: دەڵێن لەم رۆژانەدا جێبەجێ دەکرێت. ئایا بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ی ئادار هیچ پێشڤەچوونێکی نوێ هەیە کە بۆ بینەرانی روون بکەنەوە؟
 
مەریەم ئیبراهیم: بە راستی هیچ کاتێک دیاری نەکراوە، بەڵام هیوا هەیە لە رۆژانی داهاتوودا بکرێت. ئێمە رامانگەیاندووە کە بۆ هەر کۆبوونەوەیەک ئامادەین بۆ ئەوەی ئەم رێککەوتنە جێبەجێ بکەین. سەبارەت بە کاتی دیاریکراو، هەرچەندە کات دەستنیشان نەکراوە، بەڵام پێشبینی دەکەین لە رۆژانی سەرەتای ساڵی 2026ـدا بکرێت. پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولامان بەردەوامن، بەڵام ئەم پەیوەندییانە تۆزێک سست و خاون. پێویست بوو لە ساڵی 2025ـدا رێککەوتنەکە جێبەجێ کرابا، بەڵام کەمێک بە سستی بەڕێوە دەچوو، لە رۆژانی داهاتوودا دەکرێت.
 
رووداو: بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ی ئادار، ئایا ئەمریکا وەک پێشوو گرنگی بە جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنە دەدات؟
 
مەریەم ئیبراهیم: لە سەرەتاوە ئێمە وەک سووریایی، دەمانەوێ ئەم رێککەوتنە جێبەجێ بکەین، بەڵام هەندێک هێزی هەرێمی هەبوون ئەم رێککەوتنەیان رادەگرت. بەم دواییانە نەرمینواندن دروستبوو. باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، شاندی دانوستاندنکار و گەلەکەی بەهیوای ئەوەن کە حکومەتی راگوزەری دیمەشق کەمێک بەپەلە هەنگاو بنێت و بە قسە و بە کردار جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنە خێرا بکات.
 
رووداو: خاتوو مەریەم، سەردانی مەزڵووم عەبدی بۆ دیمەشق دواخرا. ئایا هیچ کاتێکی نزیک بۆ ئەم سەردانە دیاری کراوە؟
 
مەریەم ئیبراهیم: ئەو کۆبوونەوەیە نەکرا، بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە دواخرا و هیچ کاتێکی فەرمی دەستنیشان نەکراوە. بەڵام باوەڕمان وایە کە لەم 10 رۆژەی داهاتوودا کاتێک بۆ دیدارێکی جەنەڕاڵ مەزڵووم عەبدی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای دیمەشق دیاری بکرێ. هیوادارین لەم دیدارەدا وەڵامێکی باش هەبێت و پەیوەندییەکانی هەردوولا باش بن، هەروەها ساڵی 2026 ببێتە ساڵی خێر و خۆشی. وەک گوتوومە، نەرمینواندن و پێشوازی لەلایەن هەردوولاوە هەیە.
 
رووداو: هەندێک رێککەوتن لەنێوان بەڕێز مەزڵووم عەبدی و دیمەشقدا هەبوون. ئایا دیمەشق لەو رێککەوتنانە کشاوەتەوە یان هێشتا پابەندە؟
 
مەریەم ئیبراهیم: لە دیدارە بەردەوامەکانماندا، دەبینین کە حکومەت دەخوازێ بزانێت ئێمە چ سیستمێکمان دەوێ. داواکاریی ئێمە بۆ سیستمی ناناوەندی، داواکاریی هەموو گەلانی سووریایە. هەموو کەس دەزانێ کە لە ساڵی 2011ـەوە تاوەکو رووخانی رژێم، گەلی سووریا داوای ئازادی و ئاشتی دەکرد و ئەم داواکارییە جێبەجێ نەکرابوو. ئەم داواکارییانە لە رێگەی ناناوەندیبوونەوە دێنە دی بۆ ئەوەی هەموو گەلانی سووریا ببنە یەک و مافی هەموو پێکهاتەکان پارێزراو بێت. لە دیدارەکاندا حکومەتی دیمەشق دەیویست تێبگات کە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر چ سیستمێکی دەوێ. هەندێک لایەن باوەڕیان وابوو کە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا دەخوازێت جیاببێتەوە، بەڵام لە کۆتاییدا گەیشتنە ئەو باوەڕەی کە ئەم هەرێمە جیابوونەوەی ناوێ. باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا هەمیشە داوای لە حکومەتی دیمەشق دەکرد کە سووریای نوێ لەسەر بنچینەی سیستەمی ناناوەندی بنیاد بنرێ. هەروەها نووسینەوەی پەیمانی کۆمەڵایەتی لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا کە ئێمە پەیڕەوی دەکەین، بەهیواین ببێتە نموونەیەک بۆ هەموو پارێزگاکانی سووریا. نیشانمان دا کە ئێمە جوداخواز نین و نامانەوێ حکومەتێکی جیا دروست بکەین، بەڵکو دەمانەوێ تێکەڵ بە حکومەتی دیمەشق بین بۆ ئەوەی ئەوە ببێتە بنەمای بنیادنانی سووریایەکی دیموکراسی و ناناوەندی کە هەموو گەل تێیدا بەشدار بن. دوای ئەوەی حکومەتی دیمەشق تێگەیشت کە مەبەستی ئێمە جیابوونەوە نییە، بینیمان کە نەرمینواندن و پێشوازی لەلایەن ئەوانەوە هەبوو، چونکە ئەوان خۆشیان دەزانن سیستمی ناوەندی کێشەکان قووڵتر دەکاتەوە.
 
رووداو: میکانیزمی تێکەڵبوونی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە ژنان و پیاوانەوە بە چ شێوەیەک دەبێت؟
 
مەریەم ئیبراهیم: هەمیشە گوتوومانە کە لیژنەیەکی تایبەتی هەسەدە لەسەر ئەم دۆسیەیە کاردەکات. سێ فیرقەی سەربازی و دوو لیوا دەبن. یەکێک لە لیواکان تایبەتە بە ژنان (یەپەژە) و لیوایەکی دیکەش بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆرە. رێککەوتن کراوە کە ئەم هێزانە تێکەڵ بکرێن. جگە لە لیوای یەپەژە، ئەوان تایبەتمەندیی خۆیان دەپارێزن و لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا دەمێننەوە تاوەکو کاتێک کە هەموو هێزەکان تێکەڵ دەبن. لەسەر ئەم بابەتە هەوڵ دەدەین کە ژنانیش تێکەڵ بە سوپای سووریا بکەین، بەڵام ئێستا سیستمی سەربازیی خۆیان لە باکوور و رۆژهەڵات دەپارێزن.
 
رووداو: ئایا هێزەکانی سووریا دەچنە رۆژئاوا و باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، یان هێزەکانی حکومەت لە شارەکانی وەک سوەیدا، تەرتووس و لازقیە بە قەیرانی دیکەوە سەرقاڵ دەبن؟
 
مەریەم ئیبراهیم: کاتێک دەڵێین 3 فیرقە و 2 لیوا دەبن، ئەوان لە ئەنجامدا لەژێر سێبەری سوپای سووریادا دەبن. هێزەکانی سووریای دیموکرات ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا دەپارێزن و یەکپارچەییی خاکی سووریا دەپارێزن. بەڵام بابەتی هاتنی هێزەکانی حکومەتی دیمەشق بۆ باکوور و رۆژهەڵات گفتوگۆی لەسەر نەکراوە.
 
رووداو: واتە هێزەکانی دیمەشق هەرگیز ناچنە ناوچەکانی ئێوە؟
 
مەریەم ئیبراهیم: کاتێک دەڵێین سیستمی لامەرکەزی، دەبێت ئەم سیستەمە لەسەر هێزە سەربازییەکانیش جێبەجێ بکرێ. هەسەدە لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا دەمێنێتەوە و هێزەکانی دیمەشق ناچنە ئەوێ، چونکە هەسەدە لە بنەڕەتدا دەبێتە پێکهاتەیەک لە سوپای سووریا و لەوێ نوێنەرایەتیی سوپا دەکات. ئەمە رەوایەتی دەداتە هەسەدە کە لە شوێنی خۆی بمێنێتەوە و ئامادە بێت بۆ پاراستنی سنوورەکان و سەروەریی سووریا. هیچ پێویست ناکات هێزێکی دیکە بێت، چونکە ئێمە هەموو سوورین و یەک سوپا و یەک سەروەریمان هەیە.
 
رووداو: ئایا لەسەر شێوازی سیستەمی بەڕێوەبردنی ناناوەندی لە سووریا رێککەوتن کراوە؟
 
مەریەم ئیبراهیم: وەک گوتم، ئەوەی ئێستا گرنگە و کاری لەسەر دەکرێ رێککەوتنە لەسەر دۆسیەی سەربازی. بابەتەکانی دیکە هێشتا گفتوگۆیان لەسەر نەکراوە. ئێمە ئێستا کار دەکەین کە دۆسیەی سەربازی کۆتایی پێ بهێنین و بە گەرەنتیی ئەمریکا واژۆی بکەین. دوای ئەوەی دۆسیەی سەربازی کۆتایی هات، لەسەر دامەزراوەکانی دیکەش رێکدەکەوین.
 
رووداو: ئێوە هەڕەشە و هۆشدارییەکانی تورکیا چۆن دەبینن؟
 
مەریەم ئیبراهیم: دەبینین کە تورکیا بەم دواییانە هەڵوێستی کەمێک نەرم بووە و پەیوەندی لە نێوان بەڕێوەبەرایەتیی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا و دەوڵەتی تورکیادا هەیە. ئێمە هەمیشە دەڵێین تورکیا دراوسێیە و ئاسایشی سووریا کاریگەریی لەسەر ئاسایشی ئەویش دەکات. بەهیواین کە تورکیا رۆڵێکی ئەرێنی بگێڕێ و بۆ سەرکەوتنی ئەم رێککەوتنە کار بکات بۆ ئەوەی ناکۆکی نەمێنێت. لەم کاتانەی دواییدا دەبینین کە تورکیا هاوکارە بۆ ئەوەی دەوڵەتی سووریا ببێتە خاوەن ئاسایش و سەقامگیری، چونکە ئەمە ئاسایشی تورکیاش بەهێز دەکات. هیوادارین کە تورکیا هاوکار بێت بۆ ئەوەی ئێمە ئەم پرۆسەیە بگەیێنینە کۆتایی و خاڵەکانی جێبەجێ بکرێن. پێویستە تورکیا و هەموو دراوسێکان هاوکاربن، ئەگەرنا بەرەو شەڕێکی ناوخۆیی دەچین کە ئەمە لە بەرژەوەندیی گەلی سووریادا نییە و کاریگەرییەکی خراپی لەسەر دراوسێکانیش دەبێت.
 
رووداو: شاندی هاوبەشی دانوستاندنکاری کوردی کەی دەست بە دانوستاندنەکانی خۆی لەگەڵ دیمەشق دەکات؟
 
مەریەم ئیبراهیم: دوو شاندمان هەیە؛ شاندی ناوەندیمان کە لە عەرەب، کورد و سریان پێکهاتووە، هەروەها شاندی کوردیی تایبەتمەند. شاندی کوردی تاوەکو ئێستا دیداری فەرمیی لەگەڵ حکومەتی دیمەشق نەبووە، بەڵام ئەوان زۆر دەیانەوێت لەگەڵ دیمەشق چارەسەرێک بۆ دۆزی کورد بدۆزنەوە. سەبارەت بە شاندی ناوەندی، ئەو ئامادەیە هەر کاتێک وادەیەک دیاری کرا دەست بەکار بکات.
 
رووداو: خاتوو مەریەم، زۆر سوپاس کە بوویتە میوانی رووداو و وەڵامی پرسیارەکانی ئێمەت دایەوە.
 
مەریەم ئیبراهیم: زۆر سوپاس.