جۆوی هوود: هاوبەشییەکەمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەبێتە هاوبەشییەکی ستراتیژی
رووداو دیجیتاڵ
جۆوی هوود، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، رۆژی 30ی ئاداری 2026 لە نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو دا لە واشنتن، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەت دا جەخت لە گرنگیی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکاتەوە و دەڵێت، "دەبێت هاوبەشییەکی ستراتیژی بێت و پێموایە وادەبێت".
ئەو گەورە دیپلۆماتکارەی ئەمریکا پێشنیازی دامەزراندنی هاوپەیمانییەکی نوێی سەربازی دەکات و دەڵێت، "هاوپەیمانییەکی هاوشێوەی ناتۆ لەنێوان وڵاتانی عەرەبیی کەنداو و ئەمریکادا" هەنگاوی لۆژیکییە لە داهاتوودا. دەڵێ ئەو هاوپەیمانییە ئەگەر دروستببێ لەسەرەتادا عێراق ناگرێتەوە "چونکە عێراق ئاستەنگی دیکەی هەیە کە پێویستە چارەسەریان بکات. پێویستە عێراق بڕیاربدات کە ئایا دەبێتە هاوبەشێکی ئەمنیی تەواوی ئەمریکا و وڵاتانی کەنداو، یان دەبێتە هاوبەشێکی ئەمنیی رژێمی تاران. عێراق ناتوانێت لە یەک کاتدا هەردووکیان بێت. کە بۆ چەندین ساڵە، هەوڵیداوە هەردووکیان بێت".
جۆوی هوود، کە ئەزموونێکی زۆری لە بەغدا و لەسەر دۆسیەی ئێران هەیە، باسی وردەکارییەکانی سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ بەرامبەر تاران، داهاتووی پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق، هەروەها ئەو مەرجانە دەکات کە پێویستن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.
هەروەها دەڵێ چەند بە سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی گوتووە کە دەبێ رێگە لەو گرووپە چەکدارانە بگرن کە زۆر تێدەپەڕن " چەندین ساڵ لەمەوبەر چەندین جار بە کەسانی وەک فالح فەیازم گوتووە رۆژێک دێت کە تێیدا ئەم گرووپانە تێیدەپەڕێنن و ئیدی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی و هاوبەشەکانی، ناچار دەبن وەڵام بدەنەوە. بەداخەوە ئەو ئامۆژگارییە گوێی لێنەگیرا".
دەقی هەڤپەیڤینەکەی رووداو لەگەڵ جۆوی هوود، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست:
رووداو: باڵیۆز، زۆر سوپاس کە ئەمڕۆ بەشداربوویت لەگەڵمان.
جۆوی هوود: سوپاس بۆ تۆ، کە میوانداریتان کردم، دیار. سوپاس.
رووداو: باڵیۆز، بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونت لە بەغدا و کارکردنت لە کاروباری ئێران، ئایا پێتوایە ئۆپەراسیۆنی (تووڕەیی داستانئاسا) دەتوانێت تەنیا لە رێگەی هێزی ئاسمانییەوە بگاتە ئامانجەکانی، یان سەرئەنجام لۆژیکی ئەم جەنگە پێویستی بە گوشارێکی بەردەوامیی زەوینییە بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی ئامانجی کۆتایی بەدیدێت، کە گۆڕینی رژێمە؟
جۆوی هوود: رێگەم بدە سڵاوی خۆم ئاراستەی بینەرانت بکەم لە هەرێمی کوردستان و سەرتاسەری عێراق و ناوچەکە. هیوادارم هەمووان بەهارێکی ئارامیان هەبێت. دەمەوێت بڵێم کە دەبێت وریابین لە تێگەیشتن لەوەی کە سەرۆک ترەمپ مەبەستی چییە کاتێک باسی گۆڕینی رژێم دەکات، مەبەستی گۆڕانکارییە لە رەفتاری رژێم دا. ئەو باسی لەوەکرد کە دەیەوێت رۆڵ لە هەڵبژاردنی رێبەری باڵای داهاتوودا بگێڕێت. ئەوە رووینەدا، بەڵام لە کۆتاییدا، وەک لەو چەند رۆژەدا باسیکرد و گوتی، رژێم گۆڕاوە، چونکە ئێستا مامەڵە لەگەڵ کەسانێکی جیاوازدا دەکات، ئەوانیش قسەی جیاواز دەکەن. ئەمە ئەو جۆرە گۆڕانکارییەیە کە ئەو بەدوایدا دەگەڕێت، چونکە ئەگەر رژێمێکی تەواو جیاوازت هەبووایە کە هەمان سیاسەتی فراوانخوازی و خاوەن سیاسەتی شۆڕشگێڕانەی پەیڕەو بکردایە و هەڕەشەی لە دراوسێیەکانی دەوروبەری بکردایە، لەنێویشیاندا عێراق، ئەوا هیچ ئامانجێکی بەدی نەدەهێنا، بەڵام ئەگەر هەندێک لە هەمان کارەکتەرەکانت هەبێت کە ئێستا فێربوون کە دەبێت تاکتیکەکانیان بگۆڕن لە مامەڵەکردنیان لەگەڵ ناوچەکە و ئەمریکا و جیهان دا، ئەوا ئەوە لە بنەڕەتدا گۆڕینی رژێمە.
رووداو: دەگەڕێمەوە سەر بابەتی گۆڕینی رژێم، بەڵام پرسیارێکم لەسەر کوردستان هەیە. ئەگەر هەڵە نەبم، تۆ لە رابردوودا کوردستانت وەکو نموونەیەک بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هێناوەتەوە. کەچی شوێنەکانی وەکو هەولێر و هاوبەشەکانی ئەمریکا لە کەنداو، رووبەڕووی تۆڵەسەندنەوەیەکی بەرچاوی ئێران بوونەتەوە. دوای کۆتاییهاتنی شەڕ، ئایا پێتوایە واشنتن گرنگیدانی ستراتیژیی خۆی بە کوردستان و ناوچەکە زیاد دەکات، یان لەوانەیە کارە لەپێشینەکانی ئەمریکا بگۆڕێن بۆ شوێنی دیکە و پابەندییە ئەمنییەکانی کەم بکاتەوە؟
جۆوی هوود: پێموایە ئەمریکا و هاوبەشەکانی لە ناوچەکە، لەنێویاندا لە هەرێمی کوردستان و عێراق و کەنداو، هاوبەشییەکانیان بەهێزتر دەکەن، چونکە ئەنجامی ئەوەمان بینیوە کە توانیومانە بیکەین، بەتایبەتی لەگەڵ عەرەبەکانی کەنداو لە ساڵی 1945ـەوە کاتێک شا عەبدولعەزیز بن سعوود و سەرۆک رۆزڤێڵت بۆ یەکەم جار لەسەر کەشتیی ئەمریکی کوینسی یەکتریان بینی و بڕیاریاندا هاوبەشییەکی ئەمنی دابمەزرێنن کە ئێستا زیاتر لە 80 ساڵە بەردەوامە، ئەوەش ئاسایش و سەقامگیری بۆ پێشکەوتنی ئابووری دابینکرد، کە هاوشێوەی نەبووە. پێموایە دەتوانی هەمان شت بۆ هەرێمی کوردستانیش بڵێیت. هەرچەندە ژیان بەبێ کەموکوڕی نییە، بەڵام تۆ سەقامگیریت بینیوە، گەشەی ئابووریت بینیوە، هەندێک شتت بینیون کە 40 ساڵ، 50 ساڵ، 60 ساڵ لەمەوبەر ئەستەم بوون. بۆچی؟ بەهۆی ئەو هاوبەشییە بەهێزەی نێوان ئەمریکا، حکومەتی هەرێمەکەتان و حکومەتی بەغدا بووە. بۆیە پێموایە ئەو حکومەتانە بەدوای رێگەیەکدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی هاوبەشییە ئەمنی و ئابوورییەکان لە ئاستێکی نوێدا باشتر بکەن.
رووداو: کەواتە ئایا پێشبینی یان چاوەڕوانی سەرهەڵدانی سیستمێکی نوێی ئەمنی یان سیستمێکی ئەمنیی هەرێمی دەکەیت لەگەڵ ئەمریکا و هاوبەشەکانی کەنداو یان هەرێمی کوردستان دوای شەڕ؟
جۆوی هوود: بەڵێ، ئەوەی من باسیدەکەم ئەوەیە کە من وەکو هاوپەیمانییەکی هاوشێوەی ناتۆ لەنێوان وڵاتانی عەرەبیی کەنداو و ئەمریکادا دەیبینم، چونکە ئەوە هەنگاوی لۆژیکیی داهاتووە لە پێگەیشتنی پەیوەندییە ئەمنی و ئابوورییەکانماندا. هیچ هۆکارێکیش نییە بۆ ئەوەی ئەوە روونەدات. ئەم وڵاتانە هەمان وڵاتەکانی ساڵی 1945 نین. بۆیە نابێت پشت بە هەمان ئەو پێکهاتەیە ببەستین کە لەوکاتەدا هەمانبوو. کەواتە ئێستا، ئەگەر هاوپەیمانییەکی هاوشێوەی ناتۆت هەبێت، کە هەندێک لە وڵاتەکان بە تاک لە کاتی جیاواز و لە ئاستی جیاوازدا کاریان بۆ کردووە، ئەگەر ئێستا بۆ هەموو ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو لەگەڵ ئەمریکا جێبەجێبکرێت، بە جۆرێک کە هەر هێرشێک بۆ سەر هەر ئەندامێک بە هەر شێوەیەک بێت، وەک هێرش بۆ سەر هەمووان سەیر بکرێت و وەڵامدانەوەی هەمووانی بەدوادابێت، ئەوکاتە ئەستەم دەبێت، خۆکوژی دەبێت بۆ رژێمێکی وەکو ئەوەی لە تاران یان لە سەردەمی رژێمی سەدام حوسێن دا هەبوو. ئەگەر سەرکردەیەکی بەوشێوەیە بگەڕێتەوە، ئەوا خۆکوژییەکی تەواو دەبێت بۆی کە هەوڵی هێرشکردنە سەر هەر یەکێک لە وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو بدات. ئەوە لە سەرەتادا عێراق ناگرێتەوە، چونکە عێراق ئاستەنگی دیکەی هەیە کە پێویستە چارەسەریان بکات. پێویستە عێراق بڕیاربدات کە ئایا دەبێتە هاوبەشێکی ئەمنیی تەواوی ئەمریکا و وڵاتانی کەنداو، یان دەبێتە هاوبەشێکی ئەمنیی رژێمی تاران. عێراق ناتوانێت لە یەک کاتدا هەردووکیان بێت. بۆ چەندین ساڵیشە، هەوڵیداوە هەردووکیان بێت.
رووداو: کاتێک باسی عێراق دەکەین، دەزانین کە حکومەتێک هەیە و لە هەمانکاتدا هەندێک کەسی بەهێزمان هەن. ئەوان لە پشت پەردەوەن و هەرچی بیانەوێت دەیکەن. ئەوان تەنانەت گرووپی میلیشیاییان هەیە و دەسەڵاتێکی زۆریان هەیە. ئەوان لە بواری بازرگانی و ئابووریدان. لە روانگەی تۆوە و لە ماوەی ئەو ساڵانەی کە لە عێراق و لە وەزارەتی دەرەوە کارت کردووە، کێ لە بەغدا دەسەڵاتی بە دەستەوەیە؟ ئایا عێراقییەکانن یان هەندێک کەسی دیکە هەن کە لەلایەن وڵاتانی بیانییەوە پشتیوانی دەکرێن؟ ئێرانیش یەکێکە لەوان.
جۆوی هوود: پێموایە تێکەڵەیەکە. پێموایە عێراقیت هەن کە بۆ باشترکردنی عێراق کار دەکەن و پێموایە عێراقیت هەن کە بۆ بەرژەوەندیی رژێمی تاران کار دەکەن، بۆ ئەو ئایدۆلۆژیا فراوانخوازییەی کە لە ساڵی 1979ـەوە هەیانە و وڵاتانی وەکو لوبنان، سووریا، عێراق، یەمەنی ناسەقامگیرکردووە و هەوڵیانداوە لە شوێنەکانی دیکەش بیکەن، هەرچەندە لەوانەیە بە سەرکەوتنێکی کەمتر لەو وڵاتانە. بەڵام بیرۆکەکە لەوێدا، وەکو تۆ باستکرد، ئەوەیە کە گرووپی چەکداریان هەبێت کە میلیشیان و لە هەمان کاتیشدا پارتی سیاسین و بازرگانیشن، بەڵام لە هەمان کاتدا مافیان، ئەمە بەشێوەیەکی گشتی، لە سەرتاسەری وڵاتەکەدا وایە. هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی وڵاتەکە نەتوانێت ئەوەندە بەهێزبێت، نەتوانێت ئەوەندە سەقامگیربێت کە وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئێران ببینرێت. ئەوە ستراتیژیی بەرگریکردنی ئێرانە. لەوانەیە ئەمە لە روانگەی تارانەوە پەسندبێت، بەڵام لە روانگەی هەر کەسێکی نیشتمانپەروەر لەو وڵاتانە یان ئەمریکا کە دەیەوێت هاوبەشی ئەو وڵاتانە بێت، بە تەواوی پەسند نەکراوە.
رووداو: کەواتە پرسیارەکە ئەوەیە کێ باڵادەستە، ئایا گرووپە پاڵپشتیکراوەکانی ئێرانن یان خودی حکومەتی عێراق؟
جۆوی هوود: پێموایە زۆر روونە کە گرووپە پاڵپشتیکراوەکانی ئێران ئێستا لە پاشەکشەدان. هەر لەبەر ئەوەشە حەسەن نەسروڵڵا چی دیکە نەماوە. هەر لە بەر ئەوەشە حووسییەکان نەچوونەتە نێو شەڕەکەوە، هەرچەندە باس لە چوونە نێوییەوە دەکەن. هەربۆیە دەبینی، هێرش دەکرێتە سەر شوێنی جیاواز کە دڵسۆزی تاران و عێراقن. چەندین ساڵ لەمەوبەر چەندین جار بە کەسانی وەک فالح فەیازم گوتووە رۆژێک دێت کە تێیدا ئەم گرووپانە تێیدەپەڕێنن و ئیدی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی و هاوبەشەکانی، ناچار دەبن وەڵام بدەنەوە. بەداخەوە ئەو ئامۆژگارییە گوێی لێنەگیرا. خەڵک پێیاندەگوتم، ئێمە شەڕی ناوخۆمان لە عێراق ناوێت. کەس شەڕی ناوخۆی لە هیچ شوێنێک ناوێت، بەڵام لە هەمانکاتدا، ئایا ئامادەی واز لەو هەموو ئاسایش و بەرژەوەندییە ئابووریەی گەلەکەت بهێنیت تەنیا بۆ ئەوەی ئاشتییەکی کۆمەڵایەتیت هەبێت؟ پێموانییە ئەوە درێژخایەن بێت، پێموانییە وەبەرهێنانێکی باش بێت.
رووداو: باسمان لەوەکرد کە هەرێمی کوردستان رووبەڕووی هێرشی ئێران و لە هەمان کاتدا گرووپە میلیشیاکانی عێراق بووەتەوە. واشنتن چۆن سەیری ئەوە دەکات؟ سەرکردایەتیی کورد گوتوویەتی کە ئێمە بەشداریی شەڕەکە ناکەین و بێلایەن دەمێنینەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا، هێرش هەیە نەک تەنیا بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا، بۆ سەر کۆنسووڵخانەی ئەمریکا، بەڵکو لە هەمان کاتدا بۆ سەر ناوچە سیڤیلنشینەکانی کوردستان. بۆچی هێرش دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان؟ واشنتن چۆن سەیری ئەوە دەکات؟
جۆوی هوود: ئەو دەربڕینەی بێلایەنی زۆر ژیرانە بوو، چونکە بۆ جیهان بە تەواوی روونیدەکاتەوە کە ئەم رژێمە لە ئێران چەندە خیانەتکارە. ئەوان هێرشدەکەنە سەر هەرێمی کوردستان نەک لەبەرئەوەی هەرێمی کوردستان رۆڵێک لە جەنگەکەدا دەگێڕێت، نەک لەبەرئەوەی جۆرە هەڕەشەیەکی راستەوخۆن بۆ سەر رژێمەکە، بەڵکو لەبەرئەوەی هاوبەشێکی نزیکی ئەمریکابوون. دەکرێ نەتوانن وەکو هەندێک لە وڵاتە گەورەکان بەرگری لە خۆیان بکەن. رژێمی تاران سوود لەوە وەردەگرێت بە لێدانی هەرێمی کوردستان. واشنتن ئەوە وەکو خۆی دەبینێت، ئەویش لێدانە لە لاوازترینەکان بەبێ هیچ هۆکارێکی ستراتیژی. چونکە تەنانەت ئەگەر رژێمی تاران بتوانێت بە جۆرێک هەرێمی کوردستان ناسەقامگیر بکات، ئەوە چ دەستکەوتێکی دەبێت بۆ ئەوان؟ هیچ. تەنیا کێشەی زیاتر لەسەر سنوورەکانی دروست دەکات. کەواتە ئەوان ئەوە دەکەن بۆ ئەوەی هەوڵبدەن پەیامێک بۆ ئێوە و بۆ ئێمە بنێرن کە ئێمە رێگە نادەین هیچ کەسێک لە ئاشتی دا بژیت ئەگەر هاوڕێی ئەمریکا بێت و ئەوە نەکات کە ئێمە دەمانەوێت بیکات. ئەمە وەک بە بارمتەگرتنە و، هەرێمی کوردستان بەرەنگاری ئەوە دەبێتەوە و ئێمە بۆ ئەوە دەستخۆشییان لێدەکەین.
رووداو: باڵیۆز، تۆ ساڵانێکە لەگەڵ سەرکردایەتیی کورد لە پەیوەندیدایت و لەوێ کارت کردووە. لە دۆخی دوای شەڕدا، ئەمریکا چۆن مامەڵە لەگەڵ کورد بکات؟ تەنیا وەک هاوبەشێکی تاکتیکی سەیریان بکات و بۆ کاری نهێنی بەکاریان بهێنێت؟ یان دەبێ کورد وەک پایەیەکی سەرەکیی سیستمی ئەمنیی نوێی دوای شەڕ ببینێت؟
جۆوی هوود: دەبێت هاوبەشییەکی ستراتیژی بێت و پێموایە هەرواش دەبێت. دەمەوێت بچمە پاڵ ئەو دەنگە زۆر و زەوەندانەی جیهان کە هێرشەکەی سەر ماڵی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک ئیدانە دەکەن. ئەوە شتێکی رەتکراوەیە و لە هیچ روویەکی ستراتیژییەوە مانا نابەخشێت و مەبەست لێی تەنیا گوشارکردنە. دڵخۆشم کە کەس ئەوە قبووڵ ناکات، لەوانەیە جگە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی کە رەنگە جێی سەرسوڕمانیش نەبێت. من راگەیێندراوێکی ئەوانم بینی کە وادەردەکەوت تۆمەتی ئەنجامدانی ئەو هێرشە دەخەنە ئەستۆی هێزە دەرەکییەکان، وەک ئەوەی بڵێن بە جۆرێک ئەمریکا یان وڵاتێکی دیکە بڕیاری ئەو بۆردوومانەی داوە و پاشان بیخەنە ئەستۆی ئێرانییەکان. ئەوە گاڵتەجاڕییە، پێچەوانەی هەموو بەڵگەکان و، ئەو هەموو درۆن و مووشەکانەیە کە ئێرانییەکان تەنیا لە چەند هەفتەی رابردوودا ئاراستەی هەرێمی کوردستانیان کردووە. کەواتە بەختەوەرانە، کەس باوەڕ بەوە ناکات، بەڵام ئەوەی پێموایە هەموو کەسێک لێرە لە واشنتن، کۆماری، دیموکرات، سەربەخۆ، باوەڕی پێیەتی بریتییە لە هاوبەشییەکی بەهێز لەگەڵ هەرێمی کوردستان، چونکە ئەوەی پێشتر گوتم، پێشکەوتن و هاوبەشییەکانتان وەکو نموونەیەک بۆ ناوچەکە خزمەت دەکەن. هەربۆیە ئەگەر بتوانین یارمەتیی گەشەپێدانی ناوچەکە بدەین، ئەوە بۆ عێراق باشە و بەگشتی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش باشە.
رووداو: دەگەڕێمەوە بۆ سیستمی ئەمنیی نوێ. دەبینین کە ئیسرائیل و ئەمریکا بە شێوەیەکی یەکلاییکەرەوە دژی ئێران کار دەکەن، بەڵام لە هەمان کاتدا بەبێ رەزامەندیی هاوبەشە ئەورووپاییەکان، تەنانەت ناتۆ، ئەو کارە دەکەن. رەخنەیەکی زۆریش لە ناتۆ لەلایەن کۆشکی سپییەوە دەگیرێت. کەواتە تۆ چۆن سەیری ئەوە دەکەیت؟ ئایا پێتوایە دوای کۆتاییهاتنی شەڕ، ئەمریکا بیر لە رێکخستنێکی ئەمنیی نوێ یان هاوبەشییەکی ئەمنیی نوێ دەکاتەوە کە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە چەقی ئەم گۆڕانکارییەدا بێت، یان بڕیارەکانیان یان هاوبەشییەکەیان لەگەڵ ئەورووپاییەکان و لە هەمان کاتدا لەگەڵ هاوبەشەکانی دیکە لەو بەشەی جیهان دا هەڵدەسەنگێننەوە؟
جۆوی هوود: نەخێر، ئەمە یەکێکە لەو هۆکارانەی کە من باسی هاوپەیمانییەکی سەربازیی ستراتیژیی نوێم کرد لەنێوان ئەمریکا و وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو، چونکە پێموایە خەڵک تێدەگەن کە کاتی ئەوە هاتووە نەک تەنیا ناتۆ هەبێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پرسەکانی کیشوەری ئەورووپا، بەڵکو پێویستە هاوپەیمانییەکی هاوشێوە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەبێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەموو هەڕەشەکان، هەروەها بۆ سوود وەرگرتن لە هەموو دەرفەتەکان و دابینکردنی داڵدە و ئاسایش و سەلامەتی بۆ گەشەپێدان و رێگریکردن لە هەڕەشەی رژێمە شۆڕشگێڕەکان یان تووندڕۆکان وەکو ئەوەی لە تاران بینیومانە، ئەوەی لە بەغدا بینیمان بۆ ساڵانی پێش 2003، هەروەها لە سووریا و ..هتد. بۆیە پێموایە ئەگەرێکی بەهێز هەیە کە لەم سەرۆکە بیبینین، کە وەکو دەزانیت، حەزدەکات شتەکان بەشێوەیەکی زۆر جیاواز و هەندێک شت بکات کە درێژخایەن بن، کە هاوپەیمانییەکی سەربازیی ستراتیژی لەنێوان وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو و ئەمریکادا دەبینیت و ئەوەش سوودی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت.
رووداو: کەواتە باسمان لە وڵاتانی کەنداو، کوردستان کرد و باسمان لە ئەوروپاییەکان کرد. کەواتە بەڕای تۆ، رووسیا و چین چ رۆڵێک لەم جەنگەدا لە پشت پەردەوە دەگێڕن؟ ئایا هیچ رۆڵێک دەگێڕن یان تۆ چۆن سەیری ئەوە دەکەیت؟
جۆوی هوود: هەموومان راپۆرتەکانمان بینیون سەبارەت بە هاوئاهەنگی و یارمەتیدانی رووسیا و ئێران لەلایەن یەکدییەوە لە بواری تەکنەلۆژیای درۆن دا. ئێستا ئێوە لە هەرێمی کوردستان، بەداخەوە، بوونەتە قوربانیی زۆر لەو درۆنە (شاهید)انە. کەواتە دەتوانن ببینن هاوبەشی لەگەڵ رووسیا چ بە وڵاتێک دەدات. باش نییە. هەر بۆیە رووسیا هیچ هاوڕێیەکی نییە کە لەڕووی ئابوورییەوە باش بێت، لەڕووی سیاسییەوە باش بێت. راستە ئەوان هاوڕێ و هاوپەیمانیی زۆریان لە سەرانسەری جیهان دا هەیە. بۆیە پێموانییە ئەوە رێگەی داهاتووبێت. پێموانییە لەناکاو رووسیا یان چین ببینیت کە بێنە کەنداو و بڵێن، دەزانیت، من هاوبەشی نوێی هەمووانم، هەمووان متمانەیان پێمە، دەتوانین پێکەوە ئەمە بکەین. پێموانییە کەس بەوە رازی بێت.
رووداو: ئایا ئەوە شتێکە کە واشنتن لەکاتی بیرکردنەوە لە داهاتووی ئەو ناوچەیەدا دەیخاتە نێو لێکدانەوەکانییەوە؟
جۆوی هوود: ئێمە هەمیشە دەبێت بیر لە هەڕەشە ستراتیژییەکان بکەینەوە، پێویست نییە رەفتارەکان بەوشێوەیە بن کە پەکین ئێستا کار دەکات بۆ ئەوەی لەم هاوبەشییانەدا لەڕووی سەربازییەوە رکابەریمان بکات. بەڵام هەوڵدەدەن بە رێگەی جیاواز بێنە ناوەوە، لە رێگەی تەکنەلۆژیا، لە رێگەی گرێبەستی بازرگانی و لە رێگەی گرێبەستی نەوت و.. هتد. دیسانەوە، پێموایە کە هەموو حکومەتێک، هەموو تاکێک پێویستە لەبیری بێت کام وڵات، کام حکومەت لەوێبووە بۆ یارمەتیدانی لە گەشەپێدانی ئابووری لە قۆناخە سەختەکان و قۆناخە باشەکانیش. ئەوە ئەمریکایە، نەک چین و رووسیا.
رووداو: تۆ لەسەر رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کارت کردووە و زۆر باش دەزانیت شتەکان چۆن لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەڕێوەدەچن. کەواتە چۆن سەیری بابەتەکە دەکەیت کاتێک باس دێتە سەر شەڕی ئێران؟ ئایا مەترسییەکی زۆری هەڵە خوێندنەوە هەیە؟ تۆ ئەوە دەبینیت؟ ئایا هیچ هەڵەخوێندنەوەیەک دەبینیت؟ چییە؟
جۆوی هوود: نەخێر. لە راستی دا، دەکرێ بەوجۆرە سەیری بکرێ (کە هەڵە خوێندنەوە هەیە). هەروەها وەک لە سەرەتادا ئاماژەت پێدا، من دەیان ساڵ لەسەر ئێران و وڵاتانی دەوروبەری ئێران کارم کردووە. ئێمە وەکو دیپلۆماتکار، هەمیشە لەگەڵ هاوکارە سەربازییەکانماندا بەشداریی پلاندانانمان کردووە بۆ سیناریۆی جیاواز. ئەگەر دوو یان سێ مانگ لەمەوبەر منت بهێنایەتە ئەم بەرنامەیە، پێشبینیم دەکرد کە رەنگە لە کۆتاییدا شەڕێک لەگەڵ ئێران رووبدات، بەڵام نەک لەبەرئەوەی ئێمە دەستمان پێکرد، بەڵکو لەبەرئەوەی ئەوان هێڵێکی سووریان بەزاند کە هەڵەخوێندنەوەیان بۆ کردبوو. پێموایە ئەوان خەریکبوو ئەو کارە لە ساڵی 2019 بکەن کاتێک ئەمریکا بڕیاریدا قاسم سولەیمانی لەنێوببات. پێموایە قۆناخی جیاواز لە مێژوودا هەبووە کە خەریکبووە ئەوە رووبدات. لەبیرتە کە لە ساڵی 2011، پیلانێک هەبوو بۆ تیرۆرکردنی باڵیۆزی سعودیە لێرە لە واشنتن، عادل جوبەیر. ئەوان تەنیا پلانیان نەبوو بیکوژن. پلانیان ئەوەبوو چێشتخانەیەکی پڕ لە خەڵک وێران بکەن. ئەگەر ئەوەیان بکردایە، پێموایە رەنگە ئەوە سەرەتای شەڕەکە بووایە هەر لەوێ. کەواتە، بەڵێ پێموایە رژێم مێژوویەکی لە هەڵەخوێندنەوەدا هەیە. راشکاوانە بڵێم، تاوەکو ئێستا بەختیان هەبووە. بیر لە سەرەتای هەموو ئەمانە بکەوە، 1979، 1980. دەستیان بەسەر باڵیۆزخانەی ئێمەدا گرت. دیپلۆماتکارەکانیان بۆ ماوەی 444 رۆژ بە بارمتە گرتن. ئەوە بە تەنیا دەیتوانی ببێتە هۆکارێکی شەڕ. بۆیە پێموایە ئەم شەڕە بە هەر شێوەیەک بووایە روویدەدا. سەرۆک ترەمپ بڕیاریدا و گوتی من چاوەڕێی ئەو هەڵەخوێندنەوەیە ناکەم، من ئێستا بە مەرجەکانی خۆم دەیکەم، رژێم و بریکارەکانی، لە ماوەی دەیان ساڵ دا، رەنگە لە کۆتایی شەڕ لەگەڵ عێراقەوە، ئێستا لە لاوازترین پێگەدابن.
رووداو: ئایا پێتوایە کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوە لێکدانەوەی دروستیان کردووە کە ئێستا بیکەن؟
جۆوی هوود: پێموایە سەرۆک ترەمپ لێکدانەوەی بۆ ئەو پرسە کردووە. با لەوەدا روون بین.
رووداو: بە تەنیا کردی؟
جۆوی هوود: بەڵێ، پێموانییە کە شرۆڤە یان ئامۆژگاری یان رێنمایی زۆری لە خوارەوە، لە داوودەزگاکانەوە پێبگات. بە دڵنیاییەوە، گوێ لە وەزیری دەرەوە مارکۆ روبیۆ دەگرێت. بە دڵنیاییەوە، گوێ لە ژەنەراڵ دان کین، سەرۆکی ئەرکانی هاوبەش، پیت هێگسەسی وەزیری جەنگ و چەند کەسێکی دیکە دەگرێت. بەڵام ئەم حکومەتە، ئەم ئیدارەیە وەک ئیدارەی دیکە کارناکات. باش بێت یان خراپ، سەرۆک خاوەنی ئەم بڕیارەیە بە هەر شێوەیەک بێت.
رووداو: چی وا لە سەرۆک ترەمپ دەکات، چ مەرجێک پێویستە جێبەجێ بکرێت بۆ ئەوەی سەرۆک ترەمپ سەرکەوتنی کۆتایی رابگەیێنێت و کۆتایی بەم شەڕە بهێنێت؟
جۆوی هوود: بەڵێ، روونە کردنەوەی تەنگەی هورمز بەشێوەیەک کە رێگە بە هاتووچۆی نەوت بداتەوە. ئەوە مانای ئەوەیە کە کۆمپانیاکانی بیمە رازی دەبن کە دۆخەکە سەلامەتە، نەک تەنیا سەلامەتکردنی، بەڵکو رازیکردنیان و دڵنیایی پێدانیان کە سەلامەتە. چونکە ئەگەر کەشتییەک بە تەواوی سەلامەت بێ لەکاتی تێپەڕبووندا، بەڵام کۆمپانیاکانی بیمە لەوە دڵنیا نەبن، ئەوا کەشتییەکان بیمە ناکەن و کەشتییەکان ناڕۆن. ئەوە شتێکە کە بینەران بەڕاستی پێویستە لێی تێبگەن، چونکە رەنگە ساتێک بێ کە تەنگەکە لەڕووی سەربازییەوە پارێزراوبێت، بەڵام کەشتییەکان هێشتا نەڕۆن. ئەوەش بەهۆی بەشی دووەمەوەیە لەگەڵ کۆمپانیاکانی بیمە. ئێستا لەوانەیە حکومەتی ئەمریکا بتوانێت یارمەتیدەربێت، ئەویش بە دابینکردنی هەندێک لەو بیمەیە یان بیمەی مەترسیی سیاسی، بەڵام دەبێت ببینین ئایا ئەوە روودەدات یان نا. پێموایە سەرۆک وەکو چەندین جار گوتوویەتی، بەدوای گۆڕانکارییەکدا دەگەڕێت لە رەفتاری رژێم دا. هەندێک لەوەش لە راپۆرتەکانی 15 خاڵەکەوە دەزانین، کە لەوانەیە ورد بن یان نا. دەزانیت ئەوە راپۆرتی میدیاییە، بەڵام بەدڵنیاییەوە دەزانین کە بۆ دەیان ساڵە، هەوڵمانداوە ئەم رژێمە رابگرین لە ناسەقامگیرکردنی وڵاتانی دەوروبەری ناوچەکە، لەنێویاندا و بەتایبەتی عێراق، هەروەها لوبنان، هەروەها سووریا، هەروەها یەمەن. دەبێت ئەو ناسەقامگیرکردنە بوەستێت. دەبێت هەڕەشەکانیان بە مووشەک و درۆنەکانیان بوەستێت. پێموایە پێویستە جۆرێک لە دڵنیایی هەبێت سەبارەت بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای ئەتۆمیی ئێران. ئەوانە هەموو ئەو شتانەن کە دەبێت بەشێوەیەک لە شێوەکان چارەسەر بکرێن. واشنتن و ئێرانیش وادەردەکەون کە ئێستا هەڵوێستە هەرە تووندەکانی خۆیان دەخەنەڕوو، بەڵام کاتێک بۆ شتە بنەڕەتییەکانی ئەمریکا کورتی دەکەیتەوە، دەبێت ئەو سێ شتە بێت: هێزە بەوەکالەتەکان لە ناوچەکە، مووشەک و درۆنەکان و پرۆگرامی ئەتۆمی.
رووداو: کەواتە دەگەڕێمەوە بۆ پرسیاری یەکەمم. ئایا دەتوانن بەبێ ناردنی هێزی زەوینی بگەنە ئەوە؟ یان ئایا دانوستاندن بژاردەیەکی دیکەیە کە سەرۆک ترەمپ هەیەتی بۆ ئەوەی ئەوە رووبدات؟
جۆوی هوود: راستە. یەک شت کە لەبارەی سەرۆک ترەمپەوە جیاوازە، زۆر شتی جیاواز هەن، خەڵک چەندین کاژێر لەسەر ئەوە قسە دەکەن، بەڵام یەک شت کە زۆرجار بەپێی پێویست باسی ناکەین ئەوەیە کە ئەو ئامادەیە لەگەڵ هەر کەسێک لە هەر کاتێکدا گفتوگۆ بکات، ئەوە لە کاتێکدایە سەرۆکەکانی پێشوو گوتوویانە، پێویستیمان بە پرۆسەیەکە، پێویستە ئەوان شیاوی ئەوەبن قسەیان لەگەڵ بکەم، هەروەها پێویستە چاوەڕێ بکەین تاوەکو کاتێکی گونجاو. سەرۆک ترەمپ دەڵێت، با ئەمە بکەین (گفتوگۆ بکەین). کەواتە ئەوەی کە دەیڵێت ئێستا دەیکات، رەنگە لە رێگەی نێوەندگیرەکانی وەکو پاکستان و ئەوانی دیکەوە، وەکو لە رابردوودا بینیومانە. ئەمریکا و ئێران بە دەگمەن راستەوخۆ قسە لەگەڵ یەکدی دەکەن. کەواتە ئەو بەشە ئاساییە.
رووداو: کام رێگە باشترە. راستەوخۆ یان لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە؟ سیاسەتی سەرۆک ترەمپ یان سیاسەتی سەرۆکەکانی دیکە؟
جۆوی هوود: من دەڵێم ئەمە.
رووداو: لەبیرمە وەزیر روبیۆ گوتی کە بۆ هەندێک دۆخی لەوجۆرە، پێویستیت بە چەندین مانگ گفتوگۆ و مامەڵەکردن و کۆبوونەوەی نێوان دامەزراوە و ئاژانسەکانە بۆ ئەوەی بڕیارێک بدەیت، بەڵام لەگەڵ ئەم سەرۆکەدا، دەتوانی لە یەک یان دوو کاژێردا بیکەیت؟
جۆوی هوود: راستە. ئەوەش مانای ئەوەیە کە ئەو خۆی خاوەنی بڕیارەکەیە، ئینجا باش دەربچێت یان نا. ئەوە مەترسییەکی سیاسییە، بەڵام چەندین جاریش ئامادەبووە بەرپرسیارێتییەکەی لە ئەستۆ بگرێت. پێموایە گرنگە سەرۆکێک هەبێت کە ئامادەبێت کاتی ئامادەکاری و مەرجە پێشوەختەکان کورت بکاتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت لەگەڵ نەیارێکدا قسە بکات. لە راستیدا جەوهەری دیپلۆماسی ئەوەیە. ئێستا، ئایا ئەمە سەرکەوتوو دەبێت یان نا، مەبەستی من ئەوەیە کە ئێمە ئامادەییمان بینیوە بۆ ئەنجامدانی دانوستاندن، بەڵام ئایا ئەوە سەرکەوتوو دەبێت یان نا بەبێ گوشاری زیاتر، وەکو ناردنی هێزی زەوینی بۆ نێو ئێران، هێشتا ماویەتی ئەوە ببینین. پێموایە سەرۆک مێژوویەکی هەیە لە گەڕان بەدوای خاڵەکانی گوشاردا لە هەر شوێنێک کە بتوانێت و رەنگە ئێستا بڕیارێکی نەدابێت کە ئایا لە راستیدا هێزی زەوینی بەکاردەهێنێت، بەڵام دەیەوێت بژاردەکانی لە ناوچەکەدا بەردەست بن. ئەوەش پەیامێک بۆ رژێم دەنێرێت. ئەوە دەکرێت زۆر زۆر خراپتربێت، جگە لە لێدانی هەندێک لە ئامانجە ستراتیژییەکان کە باسیکردوون.
رووداو: لەکاتێکدا کە باسمان لە دانوستاندن لەگەڵ ئێران کرد، لە ئێرانییەکانمان بیستووە کە داوای کشانەوەی ئەمریکایان کردووە بۆ هەر رێککەوتنێکی داهاتوو لەگەڵ ئەم ئیدارەیە. کەواتە بەڕای تۆ، واشنتن چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو داواکارییە بکات، لە هەمان کاتدا بە لەبەرچاوگرتنی پابەندییە درێژخایەنەکانی بەرامبەر ئاسایشی هەرێمی و ئاسایشی هاوبەشەکانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا؟
جۆوی هوود: پشتگوێی بخە. تەنیا دەبێت پشتگوێی بخەن، چونکە ئەوە شتێکی گاڵتەجاڕییە. ئەوە ئێرانە، ئەوە حکومەتی ئێرانە کە ئامانجە درێژخایەنەکەی خۆی رادەگەیێنێت، کە زاڵبوونی هەرێمییە و (دەڵێن) ئەگەر ئەمریکا ناوچەکە بەجێبهێڵیت، چی دیکە پێویستمان بە هێزی بەوەکالەت نابێت، چی دیکە پێویستمان بە هەموو ئەو مووشەک و هەموو ئەم شتانەی دیکە نابێت، چونکە گۆڕەپانەکەمان بۆ چۆڵ کراوە. ئەوە روونادات، هیچ کام لە هاوبەشەکانیشمان لە ناوچەکە نایانەوێت ئەوە رووبدات. کەواتە پێویستە ئەو بابەتە پشتگوێ بخرێت، بەڵام دەگەڕێمەوە بۆ ئەوەی پێشتر گوتم سەبارەت بە هاوپەیمانییەکی سەربازیی ستراتیژی، لە راستیدا پێموایە ئەوە دەتوانێت زۆر دڵنیاییکەرەوەبێت بۆ رژێمێکی عەقڵانی لە تاران، چونکە سەقامگیری مسۆگەر دەکات، هەروەک لەنێوان یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو و رۆژئاوای ئەورووپادا بینیومانە. هیچ شەڕێک رووینەدا، پێموایە بەشێکی زۆری لەبەرئەوەبوو کە یەکێتیی سۆڤیەت دەیزانی هێرشکردنە سەر هەر کام لەو وڵاتانە مانای هێرش و وەڵامدانەوەیە لەلایەن هەمووانەوە.
رووداو: کەواتە رێگەی راست بۆ پەیڕەوکردن لە ئێستاوە چییە، لاوازکردنی رژێم و بەجێهێشتنیان تاوەکو ئەوەی لە رابردوودا هەیانبوو بەدەستی دەهێننەوە یان تەواوکردنی کارەکە؟
جۆوی هوود: پێموایە راپۆرتی زۆر هەبوون سەبارەت بەوەی کە چۆن حکومەتە عەرەبییەکانی کەنداو بە بێدەنگی هانی واشنتن دەدەن بۆ تەواوکردنی کارەکە، چونکە چی لە تارانی چەند مانگێک لەمەوبەر مەترسیدارترە، تارانێکە کە لاواز بووە، بەڵام تووڕەیە و بەدوای تۆڵەسەندنەوەدا دەگەڕێت. وەک لە مێژووی 40 ساڵی رابردوویانەوە دەزانین، دەتوانن ئارام بگرن، پلانەکانیان دادەڕێژن، چاوەڕێی کاتی گونجاو دەکەن و پاشان هێرش دەکەن. واشنتن و هەموو هاوبەشەکانمان پێویستە دڵنیابن کە ئەوە ئەستەمە. پێموایە رژێم پێویستە تێبگات کە ئێمە دەتوانین لە هەر ساتێکدا بە یارمەتی و پشتیوانیی هاوبەشەکانمان بگەڕێینەوە. ئەوان ئەو گەرەنتییە ئەمنییە لە ئێمە وەرناگرن کە دەڵێن دەیانەوێت، بەڵام رەنگە بتوانن تێگەیشتنێک بەدەستبێنن کە ئەم هاوپەیمانییە سەربازییە ئەوەندە بەهێز و سەقامگیر دەبێت کە ئەگەر هێرشی بکەیتە سەر، 10 جار خراپتر دەبێت لەوەی ئێستا. بۆیە هێرشی مەکەرە سەر. ئەگەر هێرشی نەکەیە سەر، ئەوا تۆش هێرشت ناکرێتە سەر. ئەوە دەکرێت کار بکات.
رووداو: ئەمە دوا پرسیاری منە. ئایا پێتوایە بۆ تەواوکردنی کارەکە، چەندی پێدەچێت و ئایا دەتوانن بەبێ ناردنی هێزی زەوینی بیکەن؟
جۆوی هوود: هەموو شتێک ئەگەری هەیە. مەبەستم ئەوەیە دەکرێت کارەکتەری نێو رژێم هەبێت کە بڵێت، سەیرکە، من نامەوێت چیدیکە ئەمە بەردەوام بێت، نامەوێت هاتنی هێزی زەوینی ببینم، نامەوێت ئەو پەرەسەندن و پێشبینینەکراوە ببینم کە ئەوە لەگەڵ خۆیدا دەیهێنێت. بۆیە با بە جیدی قسە بکەین. پێموایە بە تەواوی ئەگەری هەیە کە جۆرە رێککەوتنێک هەبێت کە لانیکەم شتەکان هێور بکاتەوە، ساردیان بکاتەوە، بۆ ئەوەی درۆنەکان نەبینیت، مووشەکەکان نەبینیت، هەڕەشەکان بۆ سەر تەنگەکە نەبینیت. ئەوە مانای ئەوە نییە کە بە جۆرێک رژێمێکی تەواو نوێ لە تاران هەیە، بەڵام لانیکەم ماوەیەک بۆ هێوربوونەوە و هەڵسەنگاندن و قسەکردن لەسەر ئەوەی کە رێککەوتنێکی درێژخایەنتر لەگەڵ ئێران و لە سەرتاسەری ناوچەکەدا چۆن دەبێت.
رووداو: زۆر سوپاس باڵیۆز بۆ تێڕوانینەکانت و بەخشینی ئەو هەموو ئەزموون و شارەزاییە بە ئێمە.
جۆوی هوود: زۆر سوپاس، دیار. زۆر سوپاس.