تریفە عەزیز: چاوەڕێین ئەمریکا سیستمی دژەدرۆن رادەستی هەرێمی کوردستان بکات

رووداو دیجیتاڵ

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا رایدەگەیێنێت، کردنەوەی گەورەترین کۆنسووڵخانەی ئەمریکا لە جیهاندا لە شاری هەولێر، ئاماژەیە بۆ متمانەی بەهێزی واشنتن بە هەرێمی کوردستان، هاوکات جەخت لەوە دەکاتەوە کە چاوەڕوانی وەرگرتنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی دەکەن.
 
تریفە عەزیز، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن، رایگەیاند، کردنەوەی گەورەترین باڵەخانەی کۆنسووڵخانەی ئەمریکا لە جیهاندا لە شاری هەولێر، کە بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بکرێتەوە، "رەنگدانەوەی ئەو متمانە زۆرەیە کە ئەمریکا بە هەرێمی کوردستان هەیەتی."
 
نوێنەرەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا ئاماژەی بەوە دا کە ئەمە دەرخەری ئەوەیە کوردستان وەک "پشتپێبەستراوترین و تاقیکراوەترین" هاوپەیمانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەمێنێتەوە و پەیوەندییەکان دەرەنجامی چەندین دەیە لە هاوبەشیی ستراتیژین."
 
لەبارەی پرسی ئەمنی و پاراستنی هەرێمی کوردستان، تریفە عەزیز ئاشکرای کرد کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هێشتا چاوەڕوانە ئەمریکا سیستمی "دژە درۆن"ـیان رادەست بکات. ئەو دەڵێت: "ئەو سیستمە بەرگرییە یارمەتیمان دەدات هەرێمەکەمان بپارێزین لەو هێرشانەی لەم دواییەدا بینیمانن".
 
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کرد کە وەزارەتەکانی دەرەوە و بەرگریی ئەمریکا کار لەسەر پرۆسەکە دەکەن و هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر کۆمپانیاکانی وزە وادەکات پڕۆسەی پێدانی ئەو سیستمە لە چوارچێوەی یاسای بەرگریی نیشتمانی دا خێراتر بکرێت.
 
سەبارەت بە پەیوەندییە ئابوورییەکان و ئیدارەی داهاتووی ترەمپ، تریفە عەزیز گوتی: "یەکێک لە ئامانجە لە پێشینەکانی ئەم ئیدارەیەی سەرۆک ترەمپ ئاشتی و سەقامگیرییە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، شانبەشانی فراوانکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان". 
تریفە عەزیز ئاماژەی بە سەردانەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ واشنتن کرد کە تێیدا ژمارەیەک رێککەوتنی "چەند ملیار دۆلاری" لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان واژۆ کراون، جەختیشی کردەوە کە بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری و سەربەخۆیی ئابووری ئامانجێکی هاوبەشی هەردووولایە.
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە: 
 
رووداو: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەمزووانە بینای نوێ و یەکێک لە گەورەترین کۆنسووڵخانەکانی خۆی لە هەولێر دەکاتەوە، هەنگاوێک کە واشنتن دەڵێت رەنگدانەوەی پابەندبوونی درێژخایەنییەتی بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان. یاریدەدەری وەزیری دەرەوە، مایکڵ ریگاس، لە میانی سەردانەکەیدا، ئەم هەفتەیە کۆمەڵگەی کۆنسووڵخانەکە دەکاتەوە و جەخت لە گرنگیی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە. بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەوەی ئەمە مانای چییە بۆ پەیوەندییەکانی هەولێر و واشنتن، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن، تریفە عەزیز، میوانمانە. زۆر سوپاس بەڕێز تریفە بۆ ئەوەی لەگەڵمانیت.
 
 
رووداو: ئەمریکا ماوەیەکی زۆرە دەڵێت پابەندە بە کوردستانێکی بەهێز لە چوارچێوەی عێراقێکی یەکگرتوودا، کەواتە کاتێک ویلایەتە یەکگرتووەکان گەورەترین کۆنسووڵخانەی خۆی لە جیهاندا لە هەولێر دەکاتەوە، ئەمە مانای چییە بۆ پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و واشنتن؟
 
تریفە عەزیز: پێش هەموو شتێک، زۆر سوپاس بۆ میوانداری کردنم. پێموایە ئەمە رەنگدانەوەیەکی بەهێز و روونی هاوبەشییەکی لەمێژینەی نێوان کوردستان و ئەمریکایە. ئەم پەیوەندییە دەگەڕێتەوە بۆ چەندەیەیەک لە هاوبەشی ستراتیژی کە بووەتە هۆی ژمارەیەک سەرکەوتنی زۆر لەم ساڵانەدا. پێموایە کردنەوەی گەورەترین باڵەخانەی کۆنسووڵخانەی ئەمریکا لە جیهاندا لە شاری هەولێر ئاماژەیەکی بەهێزی ئەو پەیوەندییە و متمانەیەکی زۆرە بەو پەیوەندییەیەی کوردستان لەگەڵ ئەمریکادا هەیەتی. ئێمە دەڵێن کە کوردستان وەکو پشتپێبەستراوترین، تاقیکراوە، هاوپەیمان و هاوبەشی ئەمریکا دەمێنێتەوە. لە ساڵانی داهاتووشدا دەتوانین بەردەوام دەبین لەسەری و بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی کردنەوەی باڵەخانەکەین لە چەند رۆژی داهاتوودا.
 
رووداو: کردنەوەی ئەم بینا نوێیەی کۆنسوڵخانە لە هەولێر چۆن کاریگەری دەبێت لەسەر پەیوەندییە ئابووری و ئەمنییەکان لە نێوان هەولێر و بەغدا، هەروەها هەولێر و واشنتن؟ وەک دەزانیت، ناکۆکی زۆر هەیە لە نێوان ئەم دوو حکومەتەدا، حکومەتی هەرێم و بەغدا، ویلایەتە یەکگرتووەکانیش ماوەیەکی زۆرە لەگەڵیاندا سەرقاڵی گفتوگۆ یە. پێت وایە ئەمە چۆن کاریگەری دەبێت لەسەر ئەم پەیوەندییانە؟
 
تریفە عەزیز: پێموایە یەکێک لە ئامانجە لە پێشینەکانی ئەم ئیدارەیەی سەرۆک ترەمپ ئاشتی و سەقامگیرییە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، بەڵام فراوانکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانیشی دەوێت. حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لەم ئامانجەدا هەمان ویستی هەیە. لە سەرەتای ئەمساڵەوە کارمانکردووە بۆ فراوانکردنی پەیوەندییەکانمان و بەهێزکردنی هاوبەشییە ئابوورییەکان، بەتایبەت وەبەرهێنانی ئەمریکی لە هەرێمدا. ئەم ساڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی واشنتنی کرد و تێیدا ژمارەیەک رێککەوتنی چەند ملیار دۆلاریمان واژۆکرد لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکیەکان، لەسەر ئەم رێچکەیە بەردەوام بووین لەگەڵ دوو شاندی زۆر باڵای بازرگانی ئەمریکا. بۆ یەکەمجار ئەمساڵ شاندێکی پاڵپشتیکراو لەلایەن ئەمریکاوە لەگەڵ ژووری بازرگانیی ئەمریکا سەردانیان کردین. هەروەها، هەفتەی رابردووش پێشوازیمان لە ئەنجوومەنی بازرگانیی ئەمریکا-کوردستان کرد. ئەم ئامانجە تەنیا بۆ ئێمە لە پێشینە نییە، بەڵکو حکومەتی ئەمریکاش. فراوانکردنی پەیوەندییەکانیش (ئابوورییەکان) تەنیا لە کوردستان نییە بەڵکو ژمارەیەک کۆمپانیای زۆریش دەیانەوێت کار لە بەغداد بکەن. پێمانوایە سەربەخۆیی ئابووری زیاتر، فراوانکردنی زیاتری پەیوەندییە ئابوورییەکان و وەبەرهێنانی زیاتر بۆ هەموو وڵات و هەرێمی کوردستان باشترە."
 
رووداو: باسی ئەوەت کرد کە پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و واشنتن پەیوەندییەکی دێرین و مێژووییە و ئەمریکا پابەندبوونی خۆی بۆ پشتیوانیکردنی حکومەتی هەرێم دووپات کردووەتەوە نەک تەنها لە رووی ئابوورییەوە بەڵکو لە رووی ئەمنیشەوە، ئێوە بەیەکەوە دژی داعش جەنگان. ئێستا ئەم فراوانبوونەی بوونی دیپلۆماسی لە هەرێمی کوردستان چۆن رەنگدانەوەی دەبێت لەسەر برەودانی زیاتر بە هاوکاریی ئابووری و ئەمنی نێوان حکومەتی هەرێم و واشنتن؟
 
تریفە عەزیز: پێموایە پلانی زۆر باش هەیە بۆ ئەو فراوانکردنانە و روونە کە بەردەوامی پاڵپشتی دارایی ئەمنی گرنگە. هێشتا چاوەڕوانین کە حکومەتی ئەمریکا سیستەمی دژە درۆن بە هەرێمی کوردستان بدات. ئەو سیستەمە بەرگرییە یارمەتیمان دەدات هەرێمەکەمان بپارێزین لەو هێرشەکان وەکو ئەو هێرشانەی لەم دواییەدا بینیمانن و کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکە. پێموایە لە کاتێکدا واری ئەمنی ئامانجی لە پێشینەیە، پێموایە پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ ئەمریکا و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانیش ئامانجێکی زۆر سەرەکییە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان.
 
رووداو: دەمویست پرسیارت لێ بکەم دەربارەی هێرشی درۆن بۆ سەر کۆرمۆر، کە یەکێکە لە گەورەترین کێڵگە گازییەکان لە هەرێمی کوردستان. لە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانییەوە بیستمان کە داوای لە ئەمریکا کردووە هۆکارەکانی بەرگری لە ژێرخانی سڤیلیان بۆ دابین بکات. پێم وایە شایانی بیرهێنانەوەیە کە لە یاسای بەرگریی نیشتمانیی ئەمریکا بۆ ساڵی 2024، ماددەیەک هەبوو کە داوای لە وەزارەتی بەرگری دەکرد سیستەمی دژە مووشەک یان دژە درۆن بۆ کوردستان دابین بکات. بۆچی تا ئێستا ئەمە رووی نەداوە؟
 
تریفە عەزیز: پێموایە حکومەت بەردەوامە لە کارکردن لەسەر ئەوە کە لە یاسای بەرگریی نیشتیمانیدا هاتووە وەکو ئاماژەت پێیکرد. دەزانم کە هەردوو وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی جەنگ کار لەسەر ئەم پرۆسەیە دەکەن. ئەمە لەبەر چەند هۆکارێکی جیاواز دواخراوە بەڵام پێموایە هێرشەکانی ئەم دواییە و کاریگەرییەکانی هێرشەکانی ئەم هاوینە دوای ئەوەی ژمارەیەک کۆمپانیای وزەی ئەمریکی هێرشیانکرایە سەر وادەکەن کە پێدانی ئەم جۆرە سیستەمانە خێراتر بکرێت. ئەمە ئەرکی ئێمەیە و کاری زۆر دەکەن بۆ داواکردنیان لە حکومەتی ئەمریکا. پێموایە حکومەتی ئەمریکا لە دۆخەکە تێدەگات و دەیەوێت هاوکاربێت لەسەر ئەم پرسە کە دەزانم ئێستا پرۆسەکە بەردەوامە." 
 
رووداو: عێراق و هەرێمی کوردستان دووبارە کەوتوونەتەوە ژێر راداری واشنتن. بینیمان مارک سایاڤا لەلایەن سەرۆک ترەمپەوە دەستنیشان کرا وەک نێردەی تایبەت بۆ عێراق و خەریکە خۆی ئامادە دەکات بۆ سەردانیکردنی ناوچەکە. ئایا پێت وایە هەبوونی نێردەیەکی تایبەت بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێتە هۆی زیادبوونی کاریگەریی ئەمریکا لە عێراق؟ هەروەها حکومەتی هەرێم لە کوێی ئەو گۆڕەپانەدا خۆی دەبینێتەوە؟
 
تریفە عەزیز: پێموایە ئەمە پەرەسەندنێکی زۆر ئەرێنییە کە سەرۆک ترەمپ نێردەیەکی دیاریکردووە. ئەمە مانای وایە کە بوونی سەرنج لەسەر ئەم ناوچەیە گرنگە بۆ سەرۆک. پێموایە ئەمە پەیامێکی روونە. چاوەڕێی کارکردنین لەگەڵ بەرێز ساڤایا. ئەو ژمارەیەک هاوڕێی زۆری لە کوردستان هەیە و چاوەڕێی گەشتێکی ئەوین بۆ ناوچەکە. پێموایە ئەو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زۆر روون بوو لەبارەی هەڵوێستی ئەمریکا لەسەر ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان و میلیشیاکان کە نابێت کار لە دەرەوەی حکومەت بکەن. ئەمە شتێکە کە ئێمەش لەگەڵی هاوڕاین و ئێمەش دەمانەوێت ئەمە رووبدات بە هاوکاری حکومەتی ئەمریکا. پێموایە پەیامەکە روونە بۆ حکومەت لە بەغداد کە ئێستا کار لەسەر ئەمە بکەن بەتایبەت دوای تەواوبوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە. ئەو گفتوگۆیانەی ئێستا هەن بۆ پێکهێنانی حکومەت، پێویستە ئامانجی لە پێشینەیان نەهێشتنی چەک لە دەستی ئەو لایەنانە و رێگری لە گرژی و توندوتیژی لە ناوچەکە بێت." 
 
رووداو: ویلایەتە یەکگرتووەکان نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکەی لە هەرێمی کوردستان فراوان دەکات. ئایا حکومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوێکی هاوشێوە دەنێت لێرە لە واشنتن؟ ئایا ئێوەش ئەرک و نوێنەرایەتییەکەتان لێرە لە واشنتن فراوان دەکەن؟
 
تریفە عەزیز: زۆر بە قورسی کار  دەکەین بۆ فراوانکردنی پەیوەندییەکانمان، هاوئاهەنگییەکانمان و گفتوگۆکانمان نەک تەنیا لەگەڵ حکومەتی ئەمریکا بەڵکو لەگەڵ ئەندامانی کۆنگرێس، ناوەندەکانی توێژینەوە، راوێژکارانی سیاسەت و وەبەرهێنەرەکانیش. ئەمە ئامانجی لە پێشینەی من و نووسینگەکەمە لە واشنتن بۆ بەردەوامیدان بەو فراوانکردنە. پێموایە سەردانی ئەم دوایەی سەرکردایەتی کورد بۆ واشنتن و سەردانی بەرپرسە ئەمریکییەکان و ئەندامانی کۆنگرێس بۆ کوردستان وادەکەن نزیکتربینەوە لە بەدەستهێنانی ئامانجەکان و بەهێزکردنی پەیوەندییەکان". 
 
رووداو: دوا پرسیارم دەکەم، ئەگەر سەیری داهاتوو بکەین، ئەو بوارانە چین کە دەتانەوێت یان هیوادارن گەشەی پێ بدەن لە پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و واشنتن، ئایا هیچ بوارێکی دیاریکراو هەیە کە بخوازن بەهێزی بکەن؟
 
تریفە عەزیز: بەڵێ، پێموایە. وەکو پێشتر گوتم، سەرنجی تەواومان لەسەریەتی. ئەمە ئامانجی لە پێشینەمانە کە هاوبەشە ئابوورییەکانمان بەهێزتر و فراوانتر بکەین. ئەمە لەلای حکومەتی ئەمریکا بەتایبەت ئیدارەی ترەمپیش بەم جۆرەیە. ساڵی داهاتووش لەسەر ئەم ئامانجە بەردەوام دەبین، بەڵام پێموایە کە پێویستە سەرنجمان لەسەر ئاسایش و پاراستنی کوردستان و بەرگریکردن بێت لەخۆمان. ئەمەش پێویستی بە سیستەمی دژە درۆن و بەرگرییە. ئەوانە بەشێک دەبن لە ئامانجی لە پێشینەییمان لەگەڵ کۆنگرێس و یاسای بەرگریی نیشتمانی ئەمریکا. هەوڵی هێنانی زۆرترین هاوڕێمان بۆ کوردستان دەدەین. یەکێک لە کاریگەرتریین هەوڵەکان کە بتوانین بیدەین ئەوەیە کە وا لە خەڵک بکەین بڕۆن و سەردانی (کوردستان) بکەن و هەموو ئەو پێشکەوتن و ئاڵەنگارییەکان ببینن. ئەمە بۆ ئەوەی کاتێک گەڕانەوە واشنتن، زانیاری پێویستیان هەبێت بۆ چۆنیەتی پاڵپشتیکردن و هاوکاریکردنمان.
 
رووداو: زۆر سوپاس بەڕێز تریفە عەزیز بۆ ئەوەی لێرە لەگەڵمان بوویت.
 
تریفە عەزیز: زۆر سوپاس