بۆ یەکەمجار 'نووسینی بزماری' لە هەولێر دەدۆزرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی لقی هەولێری پەیمانگەی فەرەنسی بۆ رۆژهەڵاتی نزیک ئاشکرای دەکات، بۆ یەکەمجار "نووسینی بزماری"ییان لە قەڵای هەولێر دۆزیوەتەوە و پرۆژەیەکی گەورەی چەند ساڵەشیان دەستپێکردووە بۆ هەڵکۆڵینی قەڵای هەولێر و پێیانوایە مێژووی هەولێر لەوە دێرینترە کە تاکو ئێستا نووسراوەتەوە.
جۆرج موعەمەر، بەرپرسی لقی هەولێری پەیمانگەی فەرەنسی بۆ رۆژهەڵاتی نزیک لە هەڤپەیڤینێکی کورتی تۆڕی میدیایی رووداودا کە رۆژی هەینی، 03-11-2023 پێشکێش کرا، ئاشکرای دەکات، پەیمانگەکەیان پرۆژەیەکی درێژخایەنی بە هاوبەشی لەگەڵ شوێنەوارناسان و لێکۆڵینڤانانی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی دەستپێکردووە بۆ ساخکردنەوەی مێژووی شاری هەولێر و پێیانوایە مێژووی شارەکە لەوە کۆنترە کە تاوەکو ئێستا نووسراوەتەوە.
"شار لەسەر شار"
پەیمانگەی فەرەنسی بۆ رۆژهەڵاتی نزیک ناوەندێکی توێژینەوەیە سەر بە ناوەندی نیشتمانی فەرەنسی بۆ توێژینەوەکان و سەر بە وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسایە ئێستا لقێکی تایبەتی لە هەولێر کردووەتەوە و ئۆفیسەکەی لەسەر قەڵای هەولێرە، وەکو بەرپرسی لقەکە دەڵێت، "ئێستا کە لەسەرەوە تەماشای هەولێر دەکەین دەبینین لە شارێکی کۆتایی سەردەمی عوسمانی دەچێت لە سەتەی 16 بۆ سەتەی 20، ئەوەی بەچاو دەبینرێت کۆنترە بۆیە ئێستا ئێمە سەرقاڵی توێژینەوەین و هەرچەند زیاتر لاپەڕەی کتێبەکان هەڵبدەینەوە و هەرچەند زیاتر هەڵبکۆڵین دەگەینە قۆناخی کۆنتر و کۆنتر تا دەگەینە سەرەتاکانی زەوی کە هێشتا شارستانییەت بونیاد نەنرابوو."
جۆرج موعەممەر، گوتی "لە قەڵای هەولێر بە بەرزی 30 مەتر چینی شوێنەواریی هەیە، کە ئەوە شتێکی نموونەییە و زۆر کەمن ئەو شارانەی بەمجۆرە بونیادنراون."
دەشڵێت، "بەرزی قەڵای هەولێر نزیکەی 30 مەترە کە بە چەند چینێک شوێنەوار دادەنرێن، با بڵێین چەند شارێکن لەسەر یەکتر، هەولێر یەکێکە لە کۆنترین شارەکانی جیهان، هەربۆیە ئێمە هەوڵ دەدەین لە چینە نوێیەکانەوە کە پەیوەندییان بە مێژووی نوێی ئیسلامەوە هەیە دەستپێبکەین تاوەکو دەگەینە مێژووی کۆنی ئەم شارە گرنگە کە هەزاران ساڵ پێش زاینە وەکو پایتەخت و وەکو شارێکی گەورەی تەمەن پێنج هەزار ساڵە کە ناوی هەولێر لە بەڵگەنامەکاندا هاتووە وەکو پایتەختێکی مێژوویی."
"هەڵکۆڵینی قەڵا"
لەبارەی پرۆژەکەیانەوە بەرپرسی لقی هەولێری پەیمانگەی فەرەنسی بۆ رۆژهەڵاتی نزیک وردەکارییەکەی بۆ رووداو باسدەکات و گوتی، "لەسەر دوو کەرت کاردەکەین، کەرتێکیان لە ناوەندی قەڵای هەولێردا و کەرتێکیشیان لەو بەشەی کە پێی دەڵێین شاری نزم، لە ئاستی بازاڕدا، هەوڵمانداوە شوێنەوارێک لەبارەی شارەکە بدۆزینەوە، شورەیەک هەیە بەدەوری قەڵای هەولێردا لە سەرەوە و دڵنیاین شورەی دیکە هەبووە لە نزمایدا بۆ پاراستنی شارەکە، چونکە جگە لە قەڵا لە رابردوودا شاری هەولێر زۆر گەورە بووە لە ساڵانی پێش زایینی."
بەگوتەی بەرپرسی لقی هەولێری پەیمانگەی فەرەنسی "ئێستا بەشێک لە شورە کۆنەکانمان بەدیکردووە کە مێژوویان دەگەڕێتەوە بۆ پێش زاین، هەوڵ دەدەین مێژووەکانیان دەستنیشان بکەین بەپێی ئەو پارچە شوێنەوارییانە، هاوکات بەشێک لە نموونە کاربۆنییەکان دەنێرین بۆ ئەوروپا بۆ دەستنیشانکردنی مێژووی بونیادنانیان."
لەبارەی هەڵکۆڵینی قەڵای هەولێریشەوە دەڵێت، ئێستا لە پەیمانگەی فەرەنسی پرۆژەیەکی تایبەتیان هەیە ئەویش هەڵکۆڵینی شوێنەوارە مێژووییەکانە بۆ یەکەمجار لە قەڵای هەولێر، پێشتر چەند هەڵکۆڵینێكی بچووک کرابوون، بەڵام ئێستا لە ناوەندی قەڵای هەولێر دەستیان کردووە بە هەڵکۆڵین و گەڕان بەدوای شوێنەوارەکاندا و بۆ یەکەمجاریش پارچەیەکی زۆر گرنگیان دۆزیوەتەوە کە دەبێتە سەرەتای دووبارە نووسینەوەی مێژووی دێرینی هەولێر.
"نوسینی بزماری"
"بۆ یەکەمجار چەند هەڵکۆڵدراوێکی بزماریمان دۆزیوەتەوە کە دەگەڕێنەوە بۆ هەزار ساڵ پێش زایین، ئەوەش یەکەمین بەڵگەی نووسراوە کە لە هەولێر هەیە و دۆزینەوەیەکی گرینگە." ئەمە دەقی گوتەی جۆرج موعەمەر بەرپرسی لقی هەولێری پەیمانگەی فەرەنسی بۆ رۆژهەڵاتی نزیک بوو، کاتێک بە دڵخۆشییەوە باسی لە دۆزینەوەی پارچە شوێنەوارێکی گرنگی لە قەڵای هەولێر دەکرد کە تاوەکو ئێستا نەدۆزرابووەوە ئەویش نووسینی بزمارییە.
گوتیشی، بە ئەگەرێکی زۆرەوە شاری هەولێر گەنجینەی زۆر گرنگی لەخۆیدا شاردووەتەوە لەرووی شارستانی و رۆشنبیرییەوە بۆ نموونە بە نووسینی بزماری و خوێندنەوەیان مێژووی هەولێر دەستنیشان دەکرێت کە ئەوە بۆ شارەکانی دیکە نامۆ نییە، بەڵام ئەوان بۆ یەکەمجار لە هەولێر نووسینی بزمارییان دۆزییەوە و دەبێتە سەرەتای قۆناخێکی نوێ بۆ نووسینەوەی مێژووی دیرۆکی هەولێر.
پەیمانگەی فەرەنسی بۆ رۆژهەڵاتی نزیک ناوندێکی توێژینەوەیە سەر بە ناوەندی نیشتمانیی فەرەنسی بۆ توێژینەوەکان و سەر بە وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسایە، پەیمانگەکە لە سێ بەش پێکهاتووە، بەشێکیان تایبەتە بە مێژوو و شوێنەوار لە چاخی دێریندا تاکو چاخی ناوەڕاست (عەرەبی بێت یان کوردی)، هاوکات، بەشێکی پەیمانگەکە تایبەتە بە توێژینەوە هاوچەرخەکان، بە شێوەیەکی گشتی ئێستا لە هەرێمی کوردستان نۆ لێکۆڵینڤانی شوێنەوارناسییان هەیە و بەدواداچوون بۆ مێژوو و شوێنەواری هەولێر دەکەن و پرۆژەیەکیان هەیە بۆ هەڵکۆڵینی قەڵای هەولێر لە سەرەوە تاکو ژێر قەڵاکە کە یەکەمجارە پرۆژەی وا گەورەی گەڕان بەدوای شوێنەواردا لە هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت.
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ جۆرج موعەمەرس، بەرپرسی لقی هەولێری پەیمانگەی فەرەنسی بۆ رۆژهەڵاتی نزیک
رووداو: بەڕێز جۆرج دڵخۆشم بە گفتوگۆ لەگەڵت، لەسەر قەڵای هەولێر کە شوێنێکی زۆر جوانە.
جۆرج موعەمەر: بەخێربێن بۆ پەیمانگەی فەرەنسی بۆ رۆژهەڵاتی نزیک لە هەولێر.
رووداو: سوپاس، کاتێک باسی پەیوەندی فەرەنسی کوردی دەکەین، یان پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا، بە راشکاوی ئێمە ئێستا لە یەکێک لە دەستکەوتەکانی ئەو پەیوەندییانە دانیشتووین، ئەویش ئەم پەیمانگەیەیە، کارەکانتان ئێستا گرنگیدانە بە شوێنەوار، پێشئەوەی دەستپێبکەین شتێکم بینی و تووشی سەرسوڕمان بووم پێمباشە کەمێک گفتەگۆ بکەین لەسەر ئەو کارەی ئێستا ئەنجامی دەدەن لە پەیمانگەکە.
جۆرج موعەمەر: پەیمانگەی فەرەنسی بۆ رۆژهەڵاتی نزیک ناوندێکی توێژینەوەیە سەر بە ناوەندی نیشتمانیی فەرەنسی بۆ توێژینەوەکان و سەر بە وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسایە، پەیمانگەی فەرەنسی لە 3 بەش پێکهاتووە، بەشێکیان تایبەتە بە مێژوو و شوێنەوار لە چاخی دێریندا، هاوکات چاخی نێوەڕاست جا عەرەبی بێت یان کوردی، لە هەمان کاتدا توێژینەوە هاوچەرخەکان، بە شێوەیەکی گشتی سەرنجمان لەسەر پاراستنی کولتوور و پارچە شوێنەوارییەکانە، فەرەنسا ئێستا لە هەرێمی کوردستان 9 نێردەی لێکۆڵینەوەی شوێنەوارناسیی هەیە بۆ توێژینەوە لە قۆناخی پێش مێژووەوە تاکو دەگاتە سەردەمی ئیسلامی لە هەرێمی کوردستان. ئێستا لە پەیمانگەی فەرەنسی پرۆژەیەکی تایبەتمان هەیە ئەویش هەڵکۆڵینی شوێنەوارە مێژووییەکانە بۆ یەکەمجار لە قەڵای هەولێر، پێشتر چەند هەڵکۆڵینیكی بچووک کرابوون، بەڵام ئێستا لە ناوەندی قەڵای هەولێر دەستمان کردووە بە هەڵکۆڵین و گەڕان بەدوای شوێنەوارەکاندا..
رووداو: بۆ یەکەمینجار..
جۆرج موعەمەر: بۆ یەکەمینجار پارچەیەک هەڵدەکۆڵین لەناو قەڵای هەولێردا، لەکاتێکدا بەرزی قەڵای هەولێر نزیکەی 30 مەترە کە بە چەند چینێک شوێنەوار دادەنرێن، با بڵێین چەند شارێکن لەسەر یەکتر، هەولێر یەکێکە لە کۆنترین شارەکانی جیهان، هەربۆیە ئێمە هەوڵ دەدەین لە چینە نوێیەکانەوە کە پەیوەندییان بە مێژووی نوێی ئیسلامەوە هەیە دەستپێبکەین تاوەکو دەگەینە مێژووی کۆنی ئەم شارە گرنگە کە هەزاران ساڵ پێش زایینە وەکو پایتەخت و وەکو شارێکی گەورەی تەمەن 5 هەزار ساڵە کە ناوی هەولێر لە بەڵگەنامەکاندا هاتووە وەکو پایتەختێکی مێژوویی.
رووداو: کەواتە باسی هەولێر بکەین کە وەکو گوتت قەڵای هەولێر شار لەسەر شارە، کەوایە لە سەرەتاوە شاری هەولێر یان قەڵای هەولێر قەڵا نەبووە و لە ئاستی ئێستای بازاڕدا بووە، راستە..
جۆرج موعەمەر: بە تەواوی وایە.
رووداو: کەواتە بە تێپەڕبوونی سەردەم شار لەسەر شار بونیادنراوە، شار لەسەر شوێنەواری شاری دیکە.
جۆرج موعەمەر: لەسەر شوێنەوار بە تەواوی..
رووداو: تا گەیشتووەتە ئێرە، هەرچەند زیاتر بچینە قوڵاییەوە..
جۆرج موعەمەر: هەرچەند زیاتر بچینە قوڵاییەوە زیاتر دەچینە رابردوو. ئێستا کە لەسەرەوە تەماشای هەولێر دەکەین دەبینین لە شارێکی کۆتایی سەردەمی عوسمانی دەچێت لە 16 بۆ سەدەی 20، جگە لەو گەرماوە نێودارەی تەنیشت مزگەوتەکە کە کە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی 18، ئەوەی بەچاو دەبینرێت کۆنترە بۆیە ئێستا ئێمە سەرقاڵی هەڵکۆڵینین، بۆیە هەرچەند زیاتر لاپەڕەی کتێبەکان هەڵبدەینەوە و هەرچەند زیاتر هەڵبکۆڵین دەگەینە قۆناخی کۆنتر و کۆنتر تا دەگەینە سەرتاکانی زەوی کە هێشتا شارستانییەت بونیاد نەنرابوو لە قەڵای هەولێر بە بەرزی 300 مەتر چینی شوێنەواری هەیە کە ئەوە شتێکی نموونەییە و زۆر کەمن ئەو شارانەی بەمجۆرە بونیادنراون.
رووداو: تا ئێستا لە هەڵکۆڵینەکاندا چیتان دۆزیوەتەوە؟
جۆرج موعەمەر: ئێمە لەسەر دوو کەرت کاردەکەین، کەرتێکیان لە ناوەندی قەڵای هەولێردا و کەرتێکیشیان لەو بەشەی کە پێی دەڵێین شاری نزم، لە ئاستی بازاڕدا، هەوڵمانداوە شوێنەوارێک لەبارەی شارەکە بدۆزینەوە، شوورەیەک هەیە بەدەوری قەڵای هەولێردا لە سەرەوە دڵنیاین شوورەی دیکە هەبووە لە نزمایدا بۆ پاراستنی شارەکە، چونکە جگە لە قەڵا لە رابردوودا شاری هەولێر زۆر گەورە بووە لە ساڵانی پێش زایینی، هەربۆیە ئێستا بەشێک لە شوورە کۆنەکانمان بەدیکردووە کە مێژوویان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵێک یان دوو ساڵ پێش زاین، هەوڵ دەدەین مێژووەکانیان دەستنیشان بکەین بەپێی ئەو پارچە شوێنەوارییانە، هاوکات بەشێک لە نموونە کاربۆنییەکان دەنێرین بۆ ئەوروپا بۆ دەستنیشانکردنی مێژووی بونیادنانیان، لەبارەی ئەو کەرتەی سەریشەوە بۆ یەکەمینجار چەند هەڵکۆڵدراوێکی بزماریمان دۆزیوەتەوە کە دەگەڕێنەوە بۆ هەزار ساڵ پێش زایین، ئەوەش یەکەمین بەڵگەی نووسراوە کە لە هەولێر هەیە و دۆزینەوەیەکی گرنگە، بەئەگەرێکی زۆرەوە شاری هەولێر گەنجینەی زۆر گرنگی لەخۆیدا شاردووەتەوە لە رووی شارستانی و رۆشنبیرییەوە، بۆ نموونە بە نووسینی بزماری و خوێندنەوەیان مێژووی هەولێر دەستنیشان دەکرێت کە ئەوە بۆ شارەکانی دیکە نامۆ نییە، بەڵام ئێمە بۆ یەکەمینجار لە هەولێر نووسینی بزماریمان دۆزییەوە.
رووداو: کەواتە باسی رووداوێکی مێژوویی دەکەین؟
جۆرج موعەمەر: رووداوێکی مێژووییە بە دڵنیاییەوە.
رووداو: لەم ناوەندە.
جۆرج موعەمەر: بە دڵنیاییەوە، دۆزینەوەی یەکەم نووسراوی بزماری لە شاری هەولێر.
رووداو: سەرنجراکێشە، لەرووی سیاسییەوە دەمەوێ گفتوگۆ بکەین ئەگەرچی کارەکەی ئێوە سیاسی نییە و وەکو گوتمان بەرهەمی پەیوەندییەکی باشە، پێشکەوتنی ئەو پەیوەندییە، سەردانێکی سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەیە بۆ فەرەنسا و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا ئیمانوێل ماکرۆن پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییە چۆن کاریگەری هەیە لەسەر کارەکانتان لێرە؟
جۆرج موعەمەر: بە دڵنیاییەوە لە سەرەتاوە دەبێت بڵێم ئاسانکارییەکی زۆرمان بۆ دەکرێت لەلایەن قەڵا و پارێزگاوە و کارەکەمان ئێستا لە قەڵای هەولێر بەرهەمی ئەو هاریکارییەیە، پەیوەندییەکی زۆر باشمان هەیە لەگەڵ دەستەی باڵای قەڵای هەولێر ئێمە میوانین لەم قەڵایە، قەڵاکە ئەم شوێنەی پێبەخشیوین و ئێمەش توێژینەوەی پێدەبەخشین هاریکارییەکی رۆشنبیری و مرۆیی هەیە لە هەموو بوارەکاندا، ئاسانکارییەکی زۆرمان بۆ دەکرێت لەلایەن پارێزگا و بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوارەوە و زۆر سوپاسگوزارین بۆ هەموو ئاسانکاریی و هاوکارییەکانی پەیمانگەی فەرەنسی، جا سیاسی بێت یان کۆمەڵایەتی و رۆشنبیریی، پەیوەندییەکی تایبەتمان لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی شوێنەوار و زانکۆکانی کوردستان هەیە، زانکۆی سەڵاحەدین و زانکۆکانی سلێمانی و زانکۆی سۆران، ئێستا تیمی هەڵکۆڵینی قەڵای هەولێر کە پەیمانگەی فەرەنسی پرۆسەکە ئانجام دەدات لێکۆڵەران لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی شوێنەوار و مۆزەخانەکان و زانکۆی سەڵاحەدین و زانکۆی سۆران لەگەڵمانن.
رووداو: کەواتە هاریکاریش هەیە لەگەڵ کەسانی ئەکادیمی لە هەرێمی کوردستان.
جۆرج موعەمەر: بە دڵنیاییەوە ئامانجی ئێمە هەمیشە توێژینەوە و پەرەپێدانی توێژینەوەکانە و بۆ ئەمەش پێویستمان بە هاریکاریی و بەشداریی هاوکارەکانمانە لە کوردستان بۆیە پێکەوە پەرە بە کارەکان بدەین، هەفتەی رابردوو خولێکی راهێنانمان هەبوو چەندین توێژەری بەتوانا لە دەرەوە هێنرابوون بۆ ئەنجامدانی خولێکی راهێنان و توانیمان لە سەرانسەری کوردستان 80 شوێنەوارناس کۆبکەینەوە بۆ خولەکە کە بە یەکێک لە گەورەترین خولەکانی راهێنان دادەنرێت لە هەرێمی کوردستان.
رووداو: کەواتە بەرێز جۆرج، بوونتان لێرە وەکو ناوەندێکی توێژینەوەی ئەکادیمی سەر بە وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا دەتوانین بڵێین مێژووی هەولێر دەنوسرێتەوە بە رێگەیەکی جیاواز لەسەر بنەمای ئەوەی ئێوە دۆزیوتانەتەوە دەتوانین بڵێین مێژووی هەولێر گۆڕاوە، یان گێڕانەوەی مێژووی هەولێر بە جۆرێک لە جۆرەکان دەگۆڕێت، چونکە بەڵگە و بەڵگەنامەی نوێ هەن ئێستا؟
جۆرج موعەمەر: ئەوە زۆر گرنگە، هەموو ئەوەی دەیزانین لەبارەی مێژووی هەولێر لە رێگەی دەق و نووسراوە کۆنەکانەوەیە، جا نووسراوی بزماری، یان نووسراوی عەرەبی ئیسلامی یان نووسراوە کوردییەکان بێت هەولێر شارستانییەتی خۆرهەڵاتی نزیکە، لە هەزار و 600 ساڵ پێش زاینەوە وەکو کەمترین خەمڵاندن تاکو سەردەمی نوێ، شاری هەولێر شاهیدی تێپەڕینی سەرجەم شارستانییەتەکانی جیهان بووە، بەڵام هەموو ئەوانەی لەبارەی هەولێرەوە دەیزانین لە رێگەی نووسراوەکانەوەیە، بەڵام ئێستا ئێمە بەڵگەی بەرجەستەمان لەبەردەستدایە، بۆ یەکەمینجار هەرچی دەدۆزینەوە دەبێتە یەکەمینجار لە مێژووی هەولێردا جا پارچەی شوێنەواریی بێت یان نووسراو و بەڵگەنامەی کۆن بێت، هەوڵدەدەین پەرە بە مێژووی هەولێر بدەین لە رێگەی ئەوەی دەیدۆزینەوە لە پرۆسەی هەڵکۆڵیندا بە ئاگەداری قەڵای هەولێر و شوێنەوار و نەتەوەیەکگرتووەکان.
رووداو: جۆرج دەمەوێ پرسیارێکی کەسیت لێ بکەم، بەوپێیە تۆ شوێنەوارناسی و زۆر گرنگی بە کارکردن لێرە دەدەیت هەستت چۆنە رۆژانە کاتێک کار دەکەیت، تەنانەت نووسینگەکەت لێرەیە لە هەولێر بەڵام لەناو هەولێر نا بەڵکو لە قەڵای هەولێر تۆ ئێستا رۆژانە لە کۆنترین شاری مێژووی مرۆڤایەتی کاردەکەیت بە گشتی هەستت چۆنە؟
جۆرج موعەمەر: پرسیارێکی زۆر گرنگە..
رووداو: رەنگە ئەمە بۆ تۆ شتێک بێت..
جۆرج موعەمەر: زۆر زۆر، تۆ ئێستا لە یەکێک لە گرنگترین شارە مێژووییەکانیت کە هەولێرە ئەم شوێنە تەمەنی هەزاران ساڵە، ئێستا من و تۆ لەسەر مێژوویەکی زۆر دوور و درێژ دانیشتووین کە مێژووی یەکێک لە گرنگترین شارەکانی جیهانە لە مێژوودا بۆیە هەستێکە کە پێناسە ناکرێت کاتێک لەو تیمەیت کە بۆ یەکەمجار بەدوای شوێنەواری مێژوویدا دەگەڕێن لە شاری هەولێر و بۆ هەر شوێنەوارناسێک ئەوە زۆر گرنگە، بەڵام من رۆژانە لەم ماڵەدا دەژیم، شوێنەوارناسانی بیانی دێن بۆ گەڕان و پشکنین رەنگە دوو مانگ بمێننەوە و بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکانیان بەڵام ئێمە لە پەیمانگەی فەرەنسی لەم شوێنە نیشتەجێین، پەیوەندییەکی زۆر باشمان دروستکردووە لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە و لەگەڵ قەڵای هەولێر و لەگەڵ هاوکارەکانمان لە بواری شوێنەوار، دروستکردنی ئەو پەیوەندییە گرنگترە لە هەموو شتێک، شتێکی زۆر تایبەتە تۆ لە شارێکی مێژوویی بژیت کە تەمەنی دەیان هەزار ساڵە.
رووداو: پێموایە کارەکەتان، نەک پێموایە دڵنیام کە کارەکەتان زۆر گرنگە و هیواخوازم زۆر بدۆزینەوە و جارێکی دیکە گفتوگۆ بکەین لەبارەی دۆزینەوەی نوێ، کە ببێتە هۆی داڕستنەوەی ئەوەی لەبارەی هەولێر نایزانین جۆرج، زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە.
جۆرج موعەمەر: سوپاسی تۆ و تیمەکەت دەکەم لە کۆتایدا ئەوە یەکەم پرۆسەی هەڵکۆڵینە بۆیە ئەم پرۆژەیە دەیان ساڵ دەخایەنێت، هیوادارین بەشێکی کارا بین لە پاراستن و پشتراستکردنەوەی مێژووی هەولێر.
رووداو: بە دڵنیاییەوە ئێمەش ئامادە دەبین.
جۆرج موعەمەر: بە خۆشحالییەوە.
رووداو: سوپاس جۆرج، زۆر سوپاس.