باڵیۆزی بەنگلادیش لە عێراق: هەرێمی کوردستان هەرێمێکی زۆر گرنگە بۆ گەشەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی
رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزی بەنگلادیش لە عێراق هەرێمی کوردستان بە "هەرێمێکی زۆر گرنگ بۆ گەشەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی" ناودەبات و دەڵێت، هەوڵیان داوە گەشە بە پەیوەندیی دوولایەنەی بازرگانییان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان بدەن، بەرەوپێشتربردنی پەیوەندییەکانیشیان بە "زۆر گرنگ" دەزانێت.
محەممەد فەزڵ باری، باڵیۆزی بەنگلادیش لە عێراق لەمیانی هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو باسی لە ژیانی بەنگلادیشییەکانی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، "هەموویان بە خۆشحاڵییەوە پێیان گوتم لێرە ژیانێکی زۆر باش دەژین و، لە هەموو لایەکەوە یارمەتییان دەدرێت، واتە لەلایەن دانیشتووانی ئێرە و ئەوانەی مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن. هەروەها خاوەنکارەکانیشیان وا وەسفیان کردن کە کەسانی پابەند و خاوەن هەڵسوکەوتی جوانن".
لەبارەی ئەگەری کردنەوەی کۆنسوڵخانە لە هەولێر، باڵیۆزی بەنگلادیش لە عێراق ئاماژەی بەوە کرد، "پلانمان هەیە کۆنسوڵخانەیەکی فەخری لێرە بکەینەوە. ئەم بابەتەم لەگەڵ کەسانی پەیوەندیدار باس کرد، بەڵام ئەو پەیامەمان پێ راگەیێندرا کە لەجیاتی کردنەوەی کۆنسوڵخانەی فەخری، کۆنسوڵخانەی هەمیشەیی یاخود ئاسایی بکەینەوە".
رووداو: بەڕێز فەزڵ باری، لە کاتێکدا ئێوە دەستتان بە بەرپرسیارێتیی تازە کرد وەکو باڵیۆزی بەنگلادیش لە عێراق، کە عێراق بەرەو هەڵبژاردنەکان دەچێت. چۆن لە داهاتووی هەڵبژاردنەکان دەڕوانن؟
فەزڵ باری: وەکو دەزانرێت هەڵبژاردنەکان لە 10ی ئۆکتۆبەر بەڕێوەدەچن. هیوادارین هەموو پارتە دیموکراسییەکان بەشداری بکەن و هەڵبژاردنەکان بە شێوازێکی ئاشتییانە بەڕێوەبچن. تاوەکو ئەم کاتە هیچ جۆرە هەڕەشەیەکی مەترسیدار نابینین کە ببێتە هۆی پەکخستنی هەڵبژاردنی ئاشتییانە.
رووداو: بەڕێز باڵیۆز، سەردانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانیتان کرد لە هەولێر. چی گوترا؟ دەزانم بانگهێشتی فەرمیی سەرۆک نێچیرڤانتان کردووە بۆ بەنگلادیش، ئامانجی ئەم بانگهێشتە چییە؟
فەزڵ باری: سوپاس بۆ پرسیارەکەت. لە بنەڕەتدا، هەر لە راگەیاندنی سەربەخۆیی بەنگلادیشەوە لە ساڵی 1971، پەیوەندیی دوو لایەنەی باشمان لەگەڵ عێراق هەبووە. عێراق لەو یەکەمین وڵاتە عەرەبییە موسڵماننشینانە بوو کە ساڵی 1972 دانینا بە سەربەخۆیی بەنگلادیشدا. خەڵکی عێراق شوێنێکی باشیان لە دڵی ئێمەدا هەیە، جگە لەوەی خەڵکی هەردوو وڵات موسڵمانن. هەوڵمانداوە گەشە بە پەیوەندیی دوو لایەنەی بازرگانی لەگەڵ عێراق بدەین. پێشمانوایە هەرێمی کوردستان هەرێمێکی زۆر گرنگە بۆ گەشەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، سەرەڕای ئەوەی ژمارەیەکی زۆر خەڵکی بەنگلادیشی لە هەرێمی کوردستان دەژین و ماوەیەکی زۆرە لێرە کار دەکەن. هەندێکیان چواردە بۆ پازدە ساڵە لێرە کار دەکەن. لەبەر ئەم هۆکارانە بیرمان لەم سەردانە و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردەکانی ئێرە کردەوە. پێمانوایە بەرەوپێشتربردنی پەیوەندییەکە زۆر گرنگە.
رووداو: ئەم بازرگانییە لە کرداردا چۆن دەبێت و لە چ بوارێکدا دەبێت؟
فەزڵ باری: بە شێوەی بنچینەیی، بیرمان لە دروستکردنی پەیوەندیی بازرگانی کردەوە کاتێک زانیمان لێرە زەمینەیەکی باش هەیە بۆ بونیادنانی پیشەسازیی پێستە، یاخود ئەو پیشەسازییانەی پشت بە پێستە دەبەستن. بەنگلادیش یەکێکە لەو وڵاتانەی چەندین جۆر کەلوپەلی لە پێستە دروستکراو بەرهەمدەهێنێت و هەناردەیان دەکات بۆ چەندین وڵاتی جیهان. دوای هەڵسەنگاندنی ئەگەرەکان و بە باش زانینی هەلومەرجەکان، بە دڵنیاییەوە هەوڵدەدەین پێشنیاز و دەرفەتی لەو جۆرە لەبەرچاو بگرین.
رووداو: شتێکی دیکە هەیە؛ ژمارەیەکی زۆر گەنجی بەنگلادیشی لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، نێوبانگی باشیان هەیە لەڕووی نیازپاکی و دڵسۆزییان بۆ کارەکەیان. ئێوە چۆن سەیری رەوشی ئەوان دەکەن، چ تێگەیشتوون لە ژیانی ئەوان؟
فەزڵ باری: لەم سەردانەمدا دەرفەتی ئەوەم بۆ رەخسا چاوم بکەوێت بە ژمارەیەک بەنگلادیشیی دانیشتووی هەرێمی کوردستان. گفتوگۆی باشمان کرد. هەموویان بە خۆشحاڵییەوە پێیان گوتم لێرە ژیانێکی زۆر باش دەژین و، لە هەموو لایەکەوە یارمەتییان دەدرێت، واتە لەلایەن دانیشتووانی ئێرە و ئەوانەی مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن. هەروەها خاوەن کارەکانیشیان وا ستایشیان کردن کە کەسانی پابەند و خاوەن هەڵسوکەوتی جوانن. کەواتە رەوشیان باشە و خۆشحاڵن کە لێرە دەژین و کار دەکەن. ئەوە زانیارییەکی دڵخۆشکەرە کە دەمەوێت بیبەمەوە وڵاتەکەم و حکومەتەکەمی لێ ئاگادار بکەم لە بەنگلادیش.
رووداو: هێندەی ئێوە بزانن، مامەڵەی خەڵک لە عێراق و لە هەرێمی کوردستانیش لەگەڵ ئەو هاووڵاتییانەی بەنگلادیش چۆنە، رازین لە مامەڵەکە؟
فەزڵ باری: بەڵێ ئێمە رازین. هەموویان پێیان گوتم کە دڵخۆشن و هیچ کێشەیەک و خراپ مامەڵەکردنێک لەئارادا نییە. لەلایەن دانیشتووانی ئێرە و خاوەن کارەکانیان و کارمەندانی فەرمانگەکان و لە هەموو گۆشەکانەوە مامەڵەی باشیان لەگەڵ دەکرێت، بۆیە دڵخۆشن. ئەوە هەواڵێکی زۆر خۆشە بۆ من وەکو باڵیۆز.
رووداو: هێندەی ئێوە بزانن بۆ کرێکارانی بەنگلادیش چ کێشەیەک کە رووبەروویان دەبێتەوە زەحمەتە بۆیان؟
فەزڵ باری: لە راستیدا هیچ کێشەیەکی هێندە گەورە نییە کە لێرە ئاماژەی بۆ بکەم. پێشتر چەند کێشەیەک هەبوون وەکو پێنەدرانی کارتی نیشتەجێبوون یان مۆڵەتی کارکردن، هەروەها ڤیزاش. دیارە چەند ساڵێک لەمەوبەر بە یاسا مۆڵەتی نیشتەجێبوون و کارکردنیان پێدرا. دواتر زۆربەیان ئەو دەرفەتەیان قۆستەوە، ئێستا لێرە کار دەکەن و دەژین بە مۆڵەتی فەرمی. لەوبارەوە هیچ نیگەرانییەک نییە.
رووداو: قسەی تۆ چییە بۆ دانیشتووانی بەنگلادیشی لە هەرێمی کوردستان، پێتوایە دەبێت چی بکرێت بۆئەوەی ژیانیان باشتر بێت؟
فەزڵ باری: ئەوان حەزدەکەن زوو زوو سەردانیان بکەین و لە ئەگەری تووشبوونیان بە هەر کێشەیەک چاومان لێیان بێت و لەگەڵ بەرپرسانی ئێرە قسە بکەین بۆ ئەوەی هەر کاتێک تووشی کێشە بوون، بە ئاسانی چارەسەر بکرێت.
رووداو: بۆ نموونە ئەگەر ئەوان مامەڵەیەک، دۆکیۆمێنتێک یان شتێکیان هەبێت و بیانەوێت لەگەڵ بەنگلادیش قسە بکەن، چی دەکەن؟ لە هەولێر و کوردستان چیتان هەیە، ئۆفیستان هەیە؟ ئایا بەنیازن لە داهاتوودا چی بکەن؟
فەزڵ باری: هیچ ئۆفیسێکمان لێرە نییە، بەڵام کارمەندەکانی باڵیۆزخانەمان چەند مانگ جارێک سەردانی هەولێر یان شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان دەکەن. ئەوان خزمەتگوزاریی هاوشێوەی کۆنسوڵخانە پێشکێش دەکەن. با شتێکیشت پێبڵێم؛ پلانمان هەیە کۆنسوڵخانەیەکی فەخری لێرە بکەینەوە. ئەم بابەتەم لەگەڵ کەسانی پەیوەندیدار باس کرد، بەڵام ئەو پەیامەمان پێ راگەیێندرا کە لەجیاتی کردنەوەی کۆنسوڵخانەی فەخری، کۆنسوڵخانەی هەمیشەیی یاخود ئاسایی بکەینەوە. ئەمە ئەو پەیامە بوو کە لەلایەن بەرپرسانی ئێرە بەر گوێم کەوت. دەبێت منیش لەگەڵ حکومەت و بڕیاربەدەستانی وڵاتەکەم گەنگەشەی بکەم.
رووداو: واتە پلانەکە کردنەوەی کۆنسوڵخانەیە یان شتێکی دیکە؟
فەزڵ باری: پلانەکە کردنەوەی کۆنسوڵخانەی فەخرییە، بەڵام وەکو گوتم ئەو پەیامەمان پێ راگەیێندرا ئەگەر کۆنسوڵخانەی فەرمی بکەینەوە باشتر پێشوازیی لێدەکرێت. هاوشێوەی چەندین وڵاتی دیکە کە لێرە کۆنسوڵخانەیان کردووەتەوە. کەواتە ئەم پەیامەم پێگەیشتووە و حەزدەکەم بیگەیێنمە حکومەتەکەم لە بەنگلادیش و چاوەڕێی وەڵامی ئەوان دەکەم.
رووداو: ئەم پرسەت لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسکرد؟
فەزڵ باری: بەڵێ
رووداو: رای ئەو چی بوو؟
فەزڵ باری: ببوورە؟
رووداو: رای ئەو چی بوو؟ پێیخۆشبوو کۆنسوڵخانە بکەنەوە؟
فەزڵ باری: وەکو پێشتر باسم کرد، ئەو پەیامەم پێگەیشت کە ئەوان زۆرتر حەزدەکەن کۆنسوڵخانەیەکی فەرمی بکەینەوە. هەمان پەیامم لە بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان پێگەیشت.
رووداو: بەڕێز باڵیۆز، پلانی خۆت چییە بۆ ئەو ماوەیە کە لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەبیت. چی دەکەیت؟
فەزڵ باری: ئامانجی خێرا و سەرەکی ئەوەیە پەیوەندیی دوو لایەنەی نێوان هەردوو وڵات بەرەوپێش ببەم. بۆ بەدەستهێنانی ئەو ئامانجەش پێویستە بە باشی کار بکەم. هەستیش دەکەم پێویستە لەسەر ئاستی باڵا سەردان هەبن لەنێوان هەردوو وڵاتدا. هەم لەلایەن بەرپرسانی حکومەت هەم بازرگانان و وەبەرهێنەران. دیارە پلانی من ئەوەیە گەشە بەمە بدەم. هیوادارم هەڵبژاردن بە خۆشی تەواو ببێت، دواتر دەتوانم وردتر کاری لەسەر بکەم.
رووداو: محەممەد فەزڵ باری، باڵیۆزی بەنگلادیش لە عێراق، گەلێک سوپاس.
فەزڵ باری: سوپاس بۆ رەخساندنی ئەم دەرفەتە بۆئەوەی لە کەناڵەکەتان قسە بکەم.