دڵشاد شەهاب: داوای یەک لیستی لایەنە کوردستانییەکانمان کردووە و دەستیشمان لێی هەڵنەگرتووە
دڵشاد شەهاب بۆ رووداو: داوای یەک لیستی لایەنە کوردستانییەکانمان کردووە و دەستیشمان لێی هەڵنەگرتووە
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیێنێت، بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەمجارە پێگەیشتووترە و چاڵێنجی "یەک ملیۆن دەنگ"ـی نێچیرڤان بارزانی نەک هەر پارتی، بەڵکو لایەنە عەرەبییەکانیشی گەرم کردووە. دڵشاد شەهاب رەخنە لە گوتاری بانگەشەی یەکێتی دەگرێت و دەڵێت، "کاتێک هیچت پێ نییە باسی بکەیت، هێرش دەکەیتە سەر پارتی."
دڵشاد شەهاب، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی ئاشکرای دەکات، پارتی پێشنیازی وەرگرتنی وەزارەتە خزمەتگوزارییەکانی وەک شارەوانی، دارایی و تەنانەت دەزگای ئاسایشی بۆ یەکێتی کردووە و دەڵێت: "ئەگەر هێزی راگرتنت هەیە، بڕۆ ئەوانە رابگرە کە مووچە و بودجەی هەرێم دەبڕن." لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستانیشەوە، جەخت دەکاتەوە کە "هەرێمی کوردستان بێ حکومەت نابێت."
بەرپرسەکەی پارتی دەڵێت: "داوای یەک لیستیمان کردووە و ئامانجێکی پارتییە و دەستمان لێی هەڵنەگرتووە."
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ دڵشاد شەهاب، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان
رووداو: بانگەشەی هەڵبژاردن تاوەکو ئێستا چۆن دەڕوات؟
دڵشاد شەهاب: بەشێوەیەکی گشتی، من پێموایە زۆر باش دەڕوات، چونکە بەرەوپێشچوونێکی تر هەستی پێدەکرێت، چ بۆ ئاستی کۆمەڵگە و چ بۆ ئاستی مامەڵەکردنی لایەنە سیاسییەکان و دەزگا راگەیاندنەکان لەگەڵی. واتە جۆرێکی تر یان هەنگاوێکی تری پێگەیشتنی کۆمەڵگەیە بۆ هەزمکردنی ململانێیەکی سیاسیی سەردەمییانە. ئەمە یەکێکە لە دیمەنە گشتییەکانی بانگەشە. بانگەشەی پارتیش زۆر باش بەڕێوەدەچێت.
رووداو: ئەمڕۆ لە دهۆک دەبن؟
دڵشاد شەهاب: ئەمڕۆ لە دهۆک دەبین و کەرنەڤاڵێکی زۆر گەورە بەڕێوەدەچێت. دوو سێ شت هەن کە دەبنە مایەی جیاوازی یان رووە جوانەکانی بانگەشەکەی ئێمە؛ یەکەم، تاوەکو ئێستا پارتی پابەند بووە بە رێنماییەکانی جەنابی سەرۆک بارزانی کە ئێمە نەک دەستپێشخەریی شەڕ نەبین، بەڵکو ئەگەر هەندێک جار هەندێک شتمان بۆ خەڵک روون کردبێتەوە، ئەگینا نەچووینەتە ناو ئەو شەڕانەی هەوڵ دەدرێت و ناشچین، هەوڵ دەدرێت پارتی رابکێشرێتە نێو ئەو شەڕانە، چونکە ئێمە دەزانین ئامانج لەپشت ئەم مەسەلەیەوە چییە. دووەمیش، راستییەکەی کرانەوەیەکی باش بە رووی پارتیدا هەیە. زۆر جار دەیانگوت هەڵمەتی هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گەرموگوڕیی تێدا دروست نابێت و خەڵک ئەوەندە حەماسەتی نییە، بەپێچەوانەوە، ئێمە هەست دەکەین خەڵک حەماسەتێکی زۆر زۆر باشی هەیە. راستییەکیش بڵێم، چاڵێنجەکەی "یەک ملیۆن"ـی جەنابی کاک نێچیرڤان، نەک هەر هەڵمەتی پارتی، بەڵکو هەڵمەتی لایەنە عەرەبییەکانیشی گەرم کردووە. ئێستا زانیاریمان هەیە لایەنە عەرەبییەکان دەڵێن، ئەم تەحەدییە... ئەم چاڵێنجە لەسەر ئاستی عێراقە، نەک پارتی. لەسەر ئاستی عێراقە و پەنابەخوا پارتی ئەمە بەدەست دێنێت، چونکە ئومێدمان زۆرە بەو وەڵامدانەوەیەی هەیە. خۆشت شتێک نووسیبوو کە کرانەوە بە رووی پارتیدا ئەمجارە هەست پێدەکرێت جیاوازترە.
رووداو: گوتم لە سلێمانی
دڵشاد شەهاب: ئەمە بۆچوونی خۆت بووە، بەڵام هەڵسەنگاندنی ئێمەش وایە. راستیی گۆڕەپانەکەش وادەڵێت. ئەمە غروور نییە، بەڵام ئەمە متمانە بەخۆبوونە، هەروەها بۆ بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستانە، چونکە یەکێک لە دروشمە دووبارەکانی ئێمە ئەوەیە، هەرکاتێک پارتی بەهێز بێت، بەرگریکردن لە هەرێمی کوردستان بەهێزتر دەبێت. پێکەوەژیان و ئاشتەوایی و تەباییش بەهێز دەبێت، چونکە پارتی هیچ کاتێک هێزی خۆی بۆ پەرتەوازەکردنی کورد بەکارنەهێناوە. هەمیشە دەستی برایەتیمان بۆ هەمووان درێژکردووە.
رووداو: لەسەر ئەم بنەمایە کە بانگەشە گەرموگوڕە و چاڵێنجێکی یەک ملیۆنیشتان راگەیاندووە، کەواتە چەند کورسی دێنن بە بۆچوونی ئێوە؟
دڵشاد شەهاب: دەزانی کاک سەنگەر، چونکە هەندێک هۆکار کاریگەرییان دەبێت، ئەم هەڵبژاردنە چونکە رێژەیی نییە، ژمارەی کورسییەکانیش سنووردارە، ئێمە بەداخەوە ئەو زوڵمەی کە لە یاسای هەڵبژاردن لێمان کراوە، ئێمە هەرچەندێک دەنگ بهێنین هەر بۆ نموونە هەولێر 15 کورسی دەبێت، هەر بۆ نموونە... واتە کورسییەکانی هەرێمی کوردستان. بەڵام گرنگە ئەم ئامادەبوونە، راسته لە کۆتاییدا لە پەرلەمان دەنگدان و پرۆسە دیموکراسییەکە بە ژمارەی کورسییەکانە، بەڵام زۆر گرنگە حیزبێک لەسەر ئاستی عێراق بە یەک ملیۆن دەنگەوە لە پەرلەمان بێت. راستییەکەی ئەم ئامانجەمان داناوە، چونکە ئەگەر بچینە ژماردن، لە هەموو حاڵەتێکدا کورد کەمینەیە، لە هەموو حاڵەتێکدا. بۆیە پارتی دەڵێت دەبێت هاوسەنگی و هاوبەشی و سازان هەبێت، چونکە نابێت بە پێوەری کەمینە و زۆرینە مامەڵە بکرێت، بەڵام ئەو پێگەیە، هێزێکی تر دەدات بە پارتی، هێزێکی تر دەدات بە کوردستان، و دڵنیاشم بەرەنجامی باشی دەبێت.
رووداو: ئەم هەڵبژاردنە بۆ پەرلەمانی عێراقە، بەڵام کێبڕکێی زۆر تووندە لەنێوان پارتی و یەکێتی، بەتایبەتی کاک بافڵ لە هەولێر هێرشێکی تووندی کردە سەر پارتی؟
دڵشاد شەهاب: دەزانی، کاتێک بۆشایی لە گوتاردا هەبێت، ئێمە هێرشمان نەکردووەتە سەر کەس، هیچ، هەرگیز، هیچ هێرشێکمان بۆ سەر هیچ کەسێک نەکردووە. باسمان لە خۆمان کردووە، باسمان لە روئیای پارتی کردووە، باسمان لە مێژووی پارتی کردووە، باسمان لە ئەمڕۆی پارتی کردووە، باسمان لە بەرنامەی باڵادەستبوون یان دەرفەت هەبوون بۆ ئەوەی پارتی چۆن دەڕوانێتە حوکمڕانی، چ لەسەر ئاستی هەرێم و چ لەسەر. رەنگە زۆر جار بڵێن پڕۆژە و خزمەتگوزاری چ پەیوەندیی بە بەغداوە هەیە؟ بەڵێ پەیوەندیی هەیە. کاتێک تۆ بەهێز بیت و بتوانیت پارێزگاری لە مافەکانی هەرێمی کوردستان بکەیت لە بەغدا، ئەو کاتە دەتوانیت پشتیوانییەکی گەورە بیت بۆ حوکمڕانیی هەرێمی کوردستان. بۆ نموونە یەکێک لە کێشەکانی ئێمە لەگەڵ بەغدا بابەتی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانە، نەک تەنیا مووچە. هەرێمی کوردستان تەنیا مافی مووچەی نییە. کەواتە تۆ بەهێز لە بەغدا بوویت، دەتوانیت ئەمە دابین بکەیت. کە ئەمەت دابین کرد، حوکم لە دەستی خەڵکانێکدا بێت کە شارەزاییان لە حوکمڕانی و خزمەتکردندا هەبێت، ئێمە باسی شتێکی خەیاڵیمان نەکردووە، ئێمە باسی خزمەتگوزارییەکانی خۆمانمان کردووە.
رووداو: ئەو گوتارەی ئەوان بۆچی بەم شێوەیە تووند بوو؟
دڵشاد شەهاب: راستییەکەیت پێ بڵێم، شتێک دروست دەکەن بۆ ئەوەی سەرنجی خەڵکی پێ رابکێشن، هیچیان لەوە ئاسانتر دەست ناکەوێت کە هێرش بکەنە سەر پارتی. ئەگینا، خەڵکیش من پێموایە لەم بابەتانە ماندوو بووە. دەزانی ئەگەر بە راشکاوی قسە لەگەڵ جەنابت بکەم، بۆ نموونە یەکێک لەو بابەتانەی کە باسی لێوە دەکرێت، باسی خزمەتگوزاری و نادادپەروەری و ئەم بابەتانەیە. ئەم گفتوگۆیانە بە کاژێر، بە رۆژ، بە چەندین رۆژ لە کاتی گفتوگۆی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، هەموو ئەم باسانە باسیان لێوە کراوە. کە باسی پڕۆژە کراوە و جیاوازی دەکرێت و لێرە ئەم شەقامە دەکرێت و لێرە پڕۆژەی ئاو دەکرێت و لێرە گرنگی بەم شارە دەدرێت، چارەسەرمان پێشکەش کردوون. پێمان گوتوون: باشە، ئێوە زۆر هەست بە خزمەتکردن دەکەن، حەز دەکەن جادە دروست بکەن، حەز دەکەن گرنگی بە شارەکان بدەن، حەز دەکەن باخ و گوڵ و جوانی بۆ شارەکان دروست بکەن، حەز دەکەن شارەکان پڕۆژەی ئاویان هەبێت، فەرموون وەزارەتی شارەوانی وەربگرن. 80٪ـی ئەو پڕۆژانەی کە ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە و بەردی بناخەی بۆ دادەنرێت و خەڵک دەیبینێت و بەرجەستەیە، لە وەزارەتی شارەوانیدایە. کاکە لەبری ئەوەی تۆ بێیت بە من بڵێیت و رەخنە بگریت و ناهێڵم ئەم ئیشە بکرێت، کاکە خۆت وەرە بیکە. بیکە بۆ هەرێمی کوردستان، با خەڵکی کوردستان سوودمەند بێت. دەڵێن نادادپەروەری هەیە لە داهات و دابەشکردنی داهات و تەرخانکردنی پارە. دەڵێین کاکە بەسەرچاو، هەیە و پێتان وایە، ئێمە پێمان وا نییە، بەڵام بۆ ئەوەی دڵنیا بن لەوەی کە ئێمە هیچ دوودڵییەکمان لەم مەسەلەیەدا نییە، فەرموون وەزارەتی دارایی هی ئێوە بێت. وەزارەتی دارایی.. ئەمە. دەزانیت. کاکە، کاروباری ئەمنی، مامەڵەی ئەمنی، شێوازی مامەڵەکردنی دەزگا ئەمنییەکان.. کاکە فەرموو سەرۆکی دەزگای ئاسایش بۆ ئێوە بێت.
رووداو: رەتیان کردووەتەوە ئەمانە؟
دڵشاد شەهاب: لە کۆتاییدا بەپیریەوە نەهاتوون، ئەگەر بە وردی شتێک بڵێم، من پێموایە برادەرانی یەکێتی لە هەڵسەنگاندنی ئەم شێوازەدا هیچ ورد نەبوون، لەوەی کە پێیان وابوو ئەگەر حکومەت.. ئێمە زۆر جار دەمانبیست یەکێتی نایەتە پێشەوە تاوەکو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران دەکرێت.
رووداو: بڕیار بوو کۆبوونەوەیەکیش بکەن و ئەوان نەهاتن؟
دڵشاد شەهاب: نەخێر نەهاتن، راستییەکی دیکەش هەیە، ئێمە دەڵێین پارتی لە باڵادەستیدا، دەستی هاوکاری و تەبایی و یەکڕیزی درێژ دەکات بۆ هەموو لایەنەکان. خۆ پارتی لە هەڵبژاردنی رابردوودا سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا. ئینجا ئێمە بۆ ئەم هەڵبژاردنە، چووینەتە لای یەکێتی، پێمان گوتوون: چی دەڵێن لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، چی دەڵێن لەسەر ئاستی بەتایبەتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بە چ شێوازێک دەڵێن، فەرموون با ئێمە، ئەمجارە ئێمە دەستپێشخەر بین، خۆمان، پارتی و یەکێتی، بگەینە رێککەوتنێک کە دواتر پێشکەشی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانیشی بکەین، ئێمە یەکێتییەکی کوردستانیمان هەبێت بۆ ناوچە کوردستانییەکان، بەلای کەمەوە. هەردوو پێشنیازەکەمان پێدان، پێمان گوتوون ئەتوانن لەسەر تاسەری هەموو کوردستان بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیشەوە، یان دەتانەوێ تەنیا لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.
رووداو: پێشنیازی یەک لیستیتان پێدان؟
دڵشاد شەهاب: بەڵێ داوای یەک لیستیمان کرد، چونکە ئامانجێکمان هەیە کاک سەنگەر، ئێستاش دەستمان لەو ئامانجە هەڵنەگرتووە، ئێستاش ئەم هەڵچوونەی هەڵبژاردنە و تەواو دەبێت، بەڵام دیسان دەگەڕێینەوە سەر ئەو بابەتەی کەوا ئەم وتارە کە "راتدەگرم، ناهێڵم تۆ ئیش بکەیت، ناهێڵم حکومەتت هەبێت،" ئەمە هەرێمی کوردستان گوناحە، خەڵکی کوردستان گوناحە. تۆ بوویتە هۆی ئەوەی من رابگریت، پڕۆژەی حکومەت رابگریت. باشە پارتی رادەگریت لە خزمەتکردن؟ ئەگەر هێزی راگرتنت هەیە، بڕۆ ئەوانە رابگرە کە مووچەی هەرێمیان بڕیوە، ئەوانەی بودجەی هەرێمیان... ئەوانەی کە کێشە بۆ هەرێم دروست دەکەن. ئاخر مەنتقە هێرشکردنە سەر هەولێر بە درۆن، بە چاوی پارتیدا بدرێتەوە؟ واتە لەبری ئەوەی ئەگەر تۆ قودرەتێکت هەبێت لەم عێراقە، کاکە هێرش نەکراوەتە سەر پارتی، هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان.
رووداو: مەبەستت لە گوتارەکەی سەرۆکی یەکێتییە؟
دڵشاد شەهاب: یەکێک لەوانە. واتە، کە هێرش کراوەتە سەر فڕۆکەخانەی هەولێر، بۆ هێرشە بوو سەر پارتی؟ بۆ دێیت ئەمە بە... واتە نازانم ئامانج چییە؟ دەتەوێت بڵێیت من دڵخۆشم بەوە ،دەتەوێت بڵێیت پارتی لاوازە، کاکە ئەمە هێرشکردنە بوو سەر خاک و پیرۆزییەکانی هەرێمی کوردستان. ئەمە دەبێت خەمی هەموومان بێت. دەبێت خەمی حزبێکی گەورەی وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بێت. نابێت ئەمە ببێتە بەشێک لە ململانێکانمان. دووپاتی دەکەمەوە کاکە، لەبری ئەوەی کە ئەم گوتارە تووندە، لەناو هەرێمی کوردستان، هەرێمێکی ئارام، هەرێمێکی ئازاد، هەرێمێکی خۆشگوزەران، هەرێمێکی بەرەوپێشچوو. شاندێکی پەرلەمانتارانی بەسرە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان، من خۆم بینیومن. لە دانشتنەکەدا بووم. دەڵێن: "کاکە ئێمە نیگەرانین لەوەی کە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەیان نییە، بەڵام دەزانن ئێوە بەس یەک کێشەتان هەیە، ئەویش مووچەیە؟ وەرن سەیری ژیانی ئێمە بکەن، بزانن ئێمە لە چ حاڵێکدا دەژین. کێشەی ئاوی خواردنەوەمان هەیە." باشە بۆ ئێمە شانازی نەکەین ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بە پارتی و بە یەکێتییەوە، خۆ یەکێتیش شەریکی حوکم بووە. واتە بۆچی بۆ نموونە خۆی نیشان بدات کە هیچ دەستکەوتێک بۆ حوکمڕانیی هەرێمی کوردستان نەبووە؟ لەبری ئەوەی کە بێت، ئەمە بە دەستکەوتی حوکمڕانییەکی شەریکایەتیی ئەساسیی پارتی و یەکێتی بزانێت.
رووداو: باسی فڕۆکەخانەی هەولێرت کرد، کاک نێچیرڤان لە سلێمانی گوتی ئاسمانی هەموو کوردستان یان یەک ئاسمانە ئاسمانی سلێمانی، ئاسمانی کوردستانە جیاوازی نییە بۆ ئێمە وەکو پارتی ئەو گوتی یەکێتی وا بیر ناکاتەوە؟
دڵشاد شەهاب: کاکە سەنگەر من نازانم یەکێتی چۆن بیر دەکاتەوە لەوە، بەڵام تۆ سەیری ئەم دوو پێناسەیە بکە، یەکێک دێت دەڵێت تۆ بڕۆ خۆت بپارێزە درۆنت بۆ دێت، درۆن بۆ فڕۆکەخانەی هەولێر دێت، پارتیش دەڵێت هەموو توانایەکی خۆی لە رێگەی دەسەڵاتە فەرمییەکانەوە دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەی کە فڕۆکەخانەی سلێمانی بکرێتەوە، چونکە فڕۆکەخانەی سلێمانی فڕۆکەخانەی یەکێتی نییە، بەڵکو هی خەڵکی سلێمانییە، هی هەموو ئەو قوتابی و گەشتیار و نەخۆش و بازرگانی و هاووڵاتییانەیە کە دەیانەوێت لەو رێگەیەوە گەشت بکەن، بە داخستنی فڕۆکەخانەی سلێمانی پارتی دڵی خۆش نەبووە، وامان نەبینیوە کە گورزێکە بەر یەکێتی کەوتووە، بەڵکو زۆر پێی نیگەرانین، چونکە خەڵکی سلێمانی خەڵکی ئێمەیە و خەڵکی هەرێمی کوردستانە، هی پارتی و یەکێتی نییە، هی وڵاتە، دەزانێت ئێمە کەدامەزراوە بەڕێوەدەبەین، بۆ نموونە پارتی سەرۆکایەتیی هەرێم و حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ ململانێی حیزبی بەکارنەهێناوە. بەڵکو بۆ خزمەتکردن بەکاری هێناوە کە ئێستا هەموو دونیا شاهێدی بۆ سەرکەوتنی هەرێمی کوردستان دەدات. ئەوەیە جیاوازیی هەرێمی کوردستان. دامەزراوەی حکومەتە و پارتی بە دەنگی میللەت بەڕێوەی دەبات. بەڵام با من شتێک بە جەنابت بڵێم، دەزانی پارتی دەریایەکی گەورەیە، بەو بەردە بچووکانە ناشڵەقێت. ئەمانە دێن و دەڕۆن، ئەم شتانە دەگوترێن، بەڵام لە کۆتاییدا پارتی نە سەقامگیریی تێکدەچێت، وە نە بەرنامەی دەگۆڕدرێت. تێڕوانینێکی روونی هەیە و هیوادارم کەوا ئەم شەش حەوت رۆژەش خۆمان رابگرین و دەشتوانین و پابەندیش دەبین،. ناشهێڵین هیچ نیگەرانییەک لەلایەن ئێمەوە دروست بێت.
رووداو: دوای هەڵبژاردن چی، کاریگەریی ئەم تووندییە، ئەم گوتارە تووندە، بۆ دوای هەڵبژاردن چی دەبێت؟ پارتی و یەکێتی نزیک دەبنەوە یان دوور دەکەونەوە؟
دڵشاد شەهاب: من پێم وا نییە کاریگەرییەکی ئەوەندە بەجێبهێڵێت. دەزانیت، زۆر شت خەڵک وایان پێشبینی دەکرد، بۆ نموونە لە پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، سەدان وتار و هاتوهاوار لەسەر "هەژماری من" کرا. "هەژماری من" پڕۆسەیەکی دارایی روونی ئەم وڵاتە بوو. خەڵکیان وا تێگەیاند وەک ئەوەی شتێکی زۆر گەورە لە دژی خەڵک دەکرێت. دواتر هەڵبژاردن تەواو بوو، دوو سێ دانیشتن کران، گوتیان: "کاکە وەڵاهی ئێمە تازە تێگەیشتین ئەم پڕۆژەیە چییە." ئەمەش هەر شتێکی وا دەبێت. بەرهەمی ئەمانە، بە حساب بۆ گەرمکردنی ئەم بازاڕەیە. ئەم بازاڕە، ئەو بارودۆخە بەوە گەرم ناکرێت. پارتی کاتێک خەڵک بەرەو رووی دێت، سەیری روئیای پارتی دەکات بۆ ئایندە. دەزانیت، کەسمان نە هاوار دەکەین، نە تەنگاو دەبین، نە رەخنە لە کەس دەگرین، بەشی ئەوەمان شت پێیە خۆمان، بەشی ئەوە شتمان بەدەستەوەیە کە ناچار نەبین باسی کەس بکەین. ئاراستەی پارتیش بۆ هەڵمەتی خۆی و بۆ رێکخستنەکانی خۆی هەر ئەوەیە: کارێکی ئاساییە کە تۆ لە هەڵبژاردندا دەستکەوتەکانی خۆت بخەیتە ڕوو، بە خەڵک بڵێیت من دەتوانم، ئەمانەم کردووە و ئەگەر پشتیوانیم لێبکەن. متمانەکم پێبکەن، دەتوانم زیاتریش بکەم.
رووداو: یەکێتی ئەمەی نییە بە خەڵک بڵێت؟
دڵشاد شەهاب: ئەگەر میوانێکی یەکێتیت هەبوو، لێی بپرسە: کاکە لەبری ئەوەی ئێوە باسی ئەوە بکەن و بڵێن ئەم پڕۆژەیە خراپە، ئەم ئیشە بوەستێنرێت، ئەمە نادادپەروەرییە، ئەمە وایە و ئەمە وایە، ئێوە خۆتان شتێکتان پێیە؟ واتە خۆت حیزبێکیت مێژووت هەیە، ئامادەییت هەیە، بەشداریی حکومەتیت. بەشداریی حکومەتیت، وەرە کاکە خۆت لە ئیشەکانی حکومەت بکە بە خاوەن. دەزانی، ئەمە هەر خۆی کاک سەنگەر، پرسیار لەسەر ئامادەیی حزبێک دروست دەکات. دەزانی، تۆ بەم هەموو قورساییەوە لە حکومەت بیت و ئەمڕۆ خۆت وا نیشان بدەیت وەک ئەوەی هیچت بۆ خەڵک پێنەکراوە، خەڵک پرسیارت لێدەکات، دەڵێت: "باشە من بۆ دەنگت پێبدەم؟" دەزانی، ئەم حیساباتانە. پاش هەفتەیەکی تر دەردەچێت کەوا ئەم حیساباتانە هەڵە بوون. حیساباتی ئەوەی کە نەهاتنە حکومەت و نەهێشتنی پێکهێنانی حکومەت و ئیتر ئەمە وتارێکی بەهێزە و سەرنجی خەڵکی پێ رادەکێشن، هەفتەیەکی تر خەڵک وەڵامی ئەمە دەداتەوە.
رووداو: لە یەک خولەکدا وەڵامم بدەرەوە، دوای هەڵبژاردن حکومەت پێکدێت؟ حکومەتی هەرێمی کوردستان؟
دڵشاد شەهاب: هەرێمی کوردستان بێ حکومەت نابێت.
رووداو: لەگەڵ یەکێتی؟
دڵشاد شەهاب: هەرێمی کوردستان بێ حکومەت نابێت.