سەرکردەیەکی عەزم: نێچیرڤان بارزانی لە بەغدا ناگەڕێتەوە تاوەکو رێککەوتن نەکات
رووداو دیجیتاڵ
سەرکردەیەکی هاوپەیمانیی عەزم دەڵێت، بەربژێری راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ، 24 بۆ 48 کاژێری دیکە کابینەکەی یەکلایی دەکاتەوە. سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانیشی بە یەکلاکەرەوە وەسفکرد و گوتی، نێچیرڤان بارزانی ناوی وەزیرەکان (پارتی) پێشکێشی عەلی زەیدی دەکات.
محەممەد دەحام فەهداوی، رێگەپێدراوی هاوپەیمانیی عەزم لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) رایگەیاند، دابەشکاریی پۆستەکان بەپێی "سیستمی خاڵبەندی و بەرکەوتەی هەڵبژاردن" دەبێت، بە جۆرێک سوننەکان شەش وەزارەت و پۆستی جێگری سەرۆکوەزیرانیان بەردەکەوێت، کوردیش وەک قۆناخەکانی پێشوو پشکی خۆیان لە وەزارەتە سیادییەکان دەپارێزن.
فەهداوی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا بە "سەردانێکی یەکلاکەرەوە" وەسف دەکات کە شەرعییەت بە کابینەکەی زەیدی دەدات و مافەکانی کورد لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی سیاسیی فەرمیدا جێگیر دەکات.
محەممەد فەهداوی بایەخی مێژوویی و سیاسیی سەرکردایەتیی کورد بۆ سەقامگیریی عێراق دەخاتەڕوو و رایدەگەیێنێت کە "بێ پشتگیریی هەولێر و بەڕێز مەسعود بارزانی، مەحاڵە حکومەتی عێراق رووناکی ببینێت".
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو و محەممەد فەهداوی:
رووداو: لە کارنامەی ئەم کابینەیەی حکومەتی عێراق چ شتێکی تازەی تێدا دەبێت، بۆ هەموو گەلی عێراق و بەتایبەتیش سوننە؟
محەممەد دەحام: بێگومان ئەو دەستی کردووە بە زنجیرەیەک دیدار و جموجۆڵ بۆ تەواوکردنی کابینە وەزارییەکەی لە ماوەی دەستوورییدا کە 30 رۆژە. پێویستە هەموو هێزە سیاسییەکان بەشدار بن، پێکهاتەی سوننەش یەکێکە لەو هێزە سیاسییانەی کە شایستەییەکەی بەپێی عورفی دەستووری 6 وەزارەتە. ئەم وەزارەتانەش لەنێوان هێزە سوننەکاندا دابەش دەکرێن بەپێی خاڵبەندی و شایستەیی هەڵبژاردن. سەرباری هەوڵی هەندێک لایەن بۆ تێکدانی پڕۆسەی دابەشکردنی وەزارەتەکان، بەڵام ئێستا رێکارەکان جێگیر بوون و بە رێککەوتن لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو و لیژنەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، وەزارەتەکان بەپێی خاڵبەندی دابەش دەکرێن، بە شێوەیەک کە دابەشکردنێکی دادپەروەرانە بێت بۆ هەموو هێزە سوننەکان، چونکە پێکهاتەی سوننە پێکهاتەیەکی سەرەکییە لە پڕۆسەی سیاسییدا.
رووداو: تاوەکو ئێستا ئەوە یەکلایی نەکراوەتەوە کە وەزارەتەکان لەسەر چ بنەمایەک دابەش دەکرێن؟
محەممەد دەحام: بێگومان بۆ دابەشکردنی وەزارەتەکان دوو کێشە هەیە؛ یەکەمیان ئەگەری گۆڕینەوەی وەزارەتەکانە، واتە گۆڕینی وەزارەتێک لە پێکهاتەیەکەوە بۆ پێکهاتەیەکی دیکە. کێشەی دووەمیش رەنگە بابەتی هەژمارکردنی خاڵەکان بێت. بەڵام بە گشتی، رێککەوتن هەیە لەنێوان زۆربەی هێزە سیاسییەکاندا کە دابەشکردنەکە دادپەروەرانە بێت و لەسەر بنەمای خاڵبەندی بێت. وەزارەتەکان بۆ سێ جۆر دابەشکراون کە گرنگترینیان وەزارەتە سیادییەکانە. سوننەکان سێ وەزارەتی گرنگ و سەرەکییان بەردەکەوێت، بەتایبەتی وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی پلاندانان و وەزارەتەکانی تر. هەروەها پشکی سوننە لەم خولەدا پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران دەبێت و ئەگەری هەیە دوای چالاککردنەوەی پۆستی جێگری سەرۆککۆمار، جێگرێکی سوننەش بۆ سەرۆککۆمار هەبێت.
رووداو: کورد چەندی بەردەکەوێت و چی بەردەکەوێت؟
محەممەد دەحام: بەپێی زانیارییەکان، کوردیش پشکی خۆیان دەبێت وەک وەزارەتەکانی پێشوو. بێگومان برا کوردەکان داوای وەزارەتی دەرەوە دەکەن، چونکە وەزارەتێکی سیادی و گرنگە بۆیان و لە چەند خولێکی هەڵبژاردندا ئەو وەزارەتەیان هەبووە. هەروەها جێگرێکی سەرۆکوەزیرانیان دەبێت لەگەڵ وەزارەتەکانی دیکە بەپێی رێککەوتنەکانی پێشوو. ئەمە واتای ئەوەیە هیچ گۆڕانکارییەک لە ژمارەی وەزارەتەکانی هەر پێکهاتەیەکدا نابێت، بەڵکو تەنیا ئەگەری گۆڕانکاری لە جۆری وەزارەتەکاندا هەیە، ژمارەی وەزارەتەکان بۆ هەموو پێکهاتەکان وەک خۆی جێگیرە.
رووداو: قسەیەک هەیە کە دەگوترێ وەزیرەکانی پێشوو دووبارە ناکاتەوە، ئەمە بە سوننەکانیش گوتراوە؟
محەممەد دەحام: ئەوەی هەندێک لە کەسە نزیکەکانی سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو ئاماژەی پێ دەکەن ئەوەیە کە هیچ وەزیرێکی پێشوو لە حکومەتەکانی رابردوودا دووبارە راناسپێردرێنەوە. ئەمەش بۆ پێدانی دەرفەتە بە خوێنی نوێ و کەسایەتی نوێ بۆ وەرگرتنی پۆستە وەزارییەکان لە کابینە نوێیەکەدا. چونکە یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی بەرنامەی حکومەتی بەڕێز زەیدی رووبەڕووبوونەوەی کۆمەڵێک ئاڵنگاری ئابووری و ئەمنییە. رەنگە کەسانی لێهاتوو راسپێردرێن، بەڵام سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو پێویستی بە هاوئاهەنگی و هاوکاری و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی هەیە لەلایەن هێزە سیاسییەکانەوە بۆ کاندیدکردنی کەسانی لێهاتوو کە پێشتر وەزیر نەبووبن.
رووداو: ئێستا نێچیرڤان بارزانی لە بەغدایە، بۆ ئەوەی حکومەتێکی تۆکمە دروست بێت پێویست دەکات کورد پێداگری لە چی بکات؟
محەممەد دەحام: ناکرێت نکۆڵی لە رۆڵی برا کوردەکان بکرێت لە پڕۆسەی سیاسییدا، ئەوان هاوبەشێکی سەرەکین لە پڕۆسەی سیاسی و پێکهێنانی حکومەتدا و ناکرێت چاوپۆشی لە شایستەکانیان بکرێت. ئەوەی تێبینی دەکرێت ئەوەیە کە برا کوردەکان لەپێشینەیی دەدەنە کێشە کوردییەکان و پێداویستییەکانی برایان لە هەرێمی کوردستان، چ حکومەت و چ گەل، ئەمەش شتێکی ئەرێنییە بۆ برا کوردەکان. سەبارەت بە راسپاردنی وەزارەتەکانیش، ئەوە بابەتێکی ئاساییە، بەڵام وا دیارە سەردانەکەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا سەردانێکی خاوەن ئاماژەی گەورەیە. نیشانی دەدات کە برایان لە کوردستانی عێراق هەست بە بەرپرسیارێتی دەکەن لەگەڵ هاوبەشەکانیان لە بەغدا و دەبێت رۆڵیان هەبێت، ئەمەش مافی سروشتی خۆیانە. برا کوردەکان لە ساڵانی رابردوودا لە کەرتی مووچە و بابەتە ئابوورییەکانی دیکەدا تووشی کێشە بوون و زۆر زیانیان بەرکەوتووە. ئێستا شاندەکە لەم ئاستەدا باس لە شایستەی برا کوردەکان دەکات لە حکومەتدا و هەروەها پڕۆسەی پشتگیریکردنی ئەم حکومەتە، بە شێوەیەک کە بەرژەوەندی کوردیش لەبەرچاو بگرێت.
رووداو: کەواتە نێچیرڤان بارزانی دەتوانێت تاوەکو چەند رۆڵی هەبێت داواکارییەکانی کورد لە کارنامەی ئەم حکومەتەدا جێگیر بکات؟
محەممەد دەحام: بەدڵنیاییەوە بەڕێز بارزانی خاوەن جەماوەرێکی بەهێزە، ئەو پیاوێکی شارەزا و سیاسییەکی لێهاتوو و درەوشاوەیە. پێویست بوو بێتە بەغدا بۆ نەرمکردنەوەی پەیوەندییەکان و بۆ ئەوەی رۆڵێکی یەکلاکەرەوەی هەبێت. بێگومان ئەو لە بەغدا ناچێتە دەرەوە تاوەکو رێککەوتنێک نەیەتە ئاراوە. پێم وایە ئەم رێککەوتنە بە شێوەیەکی فەرمی لە کاخەزی رێککەوتنی سیاسی لەنێوان ئەو هێزە سیاسییانەی کە دیداریان لەگەڵ دەکات، بەدۆکیۆمێنت دەکرێت. مافەکانی کورد لەم بەڵگەنامەیەدا جێگیر دەکرێن و دواتر کۆمەڵێک کەسایەتی بەربژێر دەکرێن. پێم وایە ئەمڕۆ بەڕێز بارزانی لە بەغدایە، دوای ئەوەی هەموو دیدارەکانی تەواو دەکات، کۆمەڵێک کەسایەتی پێشکێش دەکات بۆ وەرگرتنی پۆستە وەزارییەکان، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر پەرۆشی و هەستی بەرپرسیارێتی ئەو. لە هەمان کاتدا، ئەو شەرعییەت دەداتە حکومەتەکەی بەڕێز زەیدی، بە جۆرێک کە پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەت خێرا بکات.
رووداو: مەبەستت ئەوەیە کە وەزیرەکان لەلایەن نێچیرڤان بارزانییەوە ئەمڕۆ پێشکێش بە عەلی زەیدی دەکرێت؟
محەممەد دەحام: بەڵێ، چونکە دوای تەواوبوونی ئەم جموجۆڵە سیاسییە، پێم وایە لە ماوەی 24 بۆ 48 کاژێری داهاتوودا، بەڕێز زەیدی بەرەو تەواوکردنی کابینە وەزارییەکەی دەچێت. تەواوکردنی کابینەکەش پێویستی بە ناوهێنانی کەسەکان هەیە بە دیاریکراوی. پێم وایە دەرفەت دەدرێتە کۆمەڵێک جێگرەوە، بەڵام پێویستە ئەم ناوانە کەسایەتی پەسندکراو بن و توانای بەڕێوەبردنی ئەم قۆناخەیان هەبێت، چونکە عێراق بە بارودۆخێکی ئابووری و ئەمنی سەختدا تێپەڕ دەبێت. پێویستمان بە کابینەیەکی وەزاری و وەزیری لێهاتوو هەیە کە خزمەت بە بەرژەوەندی عێراق بکەن و لەگەڵ بەرنامەی حکومەتی بەڕێز زەیدی بگونجێن.
رووداو: بە حوکمی ئەوەی لە رووی جوگرافییەوە کورد و سوننە نزیکترن لەیەکەوە و بەو متمانەیەی هەتانە بە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، چاوەڕێ دەکەن کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەرگری لە مافی سوننەکانیش بکات لە حکومەتی عێراقدا؟
محەممەد دەحام: بێگومان شتێکی نامۆ نییە لەسەر بەڕێز مەسعود بارزانی کە داکۆکی لە مافی هەموو عێراقییەکان بکات، چونکە ئەو کەسایەتییەکی عێراقییە و رۆڵێکی گەورەی لە کاری سیاسییدا هەیە. ئێستا عێراقییەکان چاویان لە هەولێرە، چونکە ناکرێت چاوپۆشی لە هەولێر و بەتایبەتی بەڕێز مەسعود بارزانی بکرێت، چونکە ئەو کۆڵەکەیەکی سەرەکییە لە پڕۆسەی سیاسییدا. بێگومان ئەو تەنیا داوای مافی گەلی کورد ناکات، بەڵکو داوای مافی هەموو عێراقییەکان دەکات و لە هەموو هێزە سیاسییەکانەوە نزیکە. ئەزموونەکان دەریانخستووە کە ئەو تەنیا بەرگری لە مافی کورد نەکردووە، بەڵکو بەرگریکار بووە لە هەموو مەزڵوومەکان. هەڵوێستی زۆر شکۆدار و گەورەی هەبووە لەگەڵ پێکهاتەی سوننە لە رۆژانی ئاوارەییدا، ئەم هەڵوێستە لە مێژوودا بۆی دەنووسرێتەوە و نەوەکانی داهاتووش باسی دەکەن. بە پێچەوانەوە، مانەوەی بەڕێز مەسعود بارزانی لە پڕۆسەی سیاسی و بەشداریی لە حکومەتدا وەک پارێزەری ئارامی دادەنرێت و ئەمە ئەو شتەیە کە هەموو عێراقییەکان ئاواتی بۆ دەخوازن. هیوادارین بەشدارییەکی چالاک و پشتگیرییەک بۆ پڕۆسەی سیاسی هەبێت، چونکە بەبێ پشتگیری هەولێر و بەڕێز مەسعود بارزانی، مەحاڵە حکومەتی عێراق رووناکی ببینێت.