غالب ئەنساریئۆغڵو بۆ رووداو: ئەگەر بەربەست نەبن پرۆسەکە ئەم ساڵ کۆتایی دێت

رووداو دیجیتاڵ

غالب ئەنساریئۆغڵو، پەرلەمانتاری پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداودا رایگەیاند، ئەگەر هیچ بەربەستێک نەیێتە پێشەوە، چاوەڕوانن "پرۆسەی چارەسەری" تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ کۆتایی بێت.
 
ئەنساریئۆغڵو ئاماژەی بەوەکرد، چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) متمانە لە پرۆسەکەدا زیاتر دەکات و گوتی، دوای چەکدانانی هەموو گەریلاکان، پێویستە هەنگاوی یاسایی بۆ تێکەڵبوونەوەیان بە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی بنرێت.
 
غالب ئەنساریئۆغڵو، پەرلەمانتاری ئامەدی ئاکپارتی، ئاماژەی بەوەدا کە پرۆسەی چارەسەری بە شێوەیەکی باش بەڕێوەدەچێت و گوتی:"ویستی بەهێزی بەڕێز سەرۆککۆمار، رۆڵی رێخۆشکەرانە و ئاسانکارییانەی بەڕێز دەوڵەت باخچەلی، هەروەها پشتیوانی و ویستی بەهێزی ئۆجەلان خزمەتێکی گەورە بە چارەسەرکردنی کێشەکە دەکات."
 
ئەو پەرلەمانتارەی ئاکپارتی ئاماژەی بەوەشدا کە دوای یەکەم هەنگاوی چەکدانان لەلایەن پەکەکەوە دەنرێت و پرۆسەکە باش بەڕێوەدەچێت، وای دەبینێت کە دەوڵەتی تورکیا هەندێک هەنگاو دەنێت، وەک خاڵ و رێککەوتن نا، بەڵام دەڵێ وەک نموونە لەوانەیە هەندێک هەنگاو بنرێن، "دوای ئەوە، رەنگە من ئەمە وەک نموونە بڵێم، بۆ ئەوەی بزانرێت پرۆسەکە چۆن بەڕێوەدەچێت، زیندانییە نەخۆشەکان ئازاد بکرێن. دواتر رێکخراوەکە هەنگاوی دیکە دەنێت و رەنگە ئەو فەرمانبەرانەی دەوڵەت کە لەلای ئەوانن ئازادیان بکات. لە هەنگاوەکانی دواتردا، دەوروبەری مانگەکانی ئەیلوول-تشرینی یەکەم، پاکێجێکی چاکسازیی دادوەریمان دەبێ".
 
ئەنساریئۆغڵو رایگەیاند، پرۆسەکە لەمەودوا خێراتر دەبێ و گوتی: "ئەگەر هیچ کارێکی نەرێنی روونەدات، وا بیردەکەینەوە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ کۆتایی بێت". غالب ئەنساریئۆغڵو جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان لەم پرۆسەیەدا "رۆڵێکی گرنگ"ی هەیە.
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ غالب ئەنساریئۆغڵو
 
رووداو: وەک دەزانن پرۆسەی چارەسەری بە خێرایی بەڕێوەدەچێ. لەم چوارچێوەیەدا، هەندێک زانیاری لەنێو رای گشتی دا بڵاودەبنەوە کە پەکەکە لە ماوەیەکی نزیکدا لە هەرێمی کوردستان رێوڕەسمێکی چەکدانان دەکات. هەڵسەنگاندنی گشتیی ئێوە لەبارەی ئەو قۆناخەی پرۆسەکە پێیگەیشتووە چییە؟ پرۆسەکە چۆن بەڕێوەدەچێت؟ ئایا هیچ بەربەستێک هەیە؟
 
غالب ئەنساریئۆغڵو: بێگومان، وەک هەمووان دەزانن، ئەمە پرۆسەیەکە بە شێوەیەکی زۆر ئاشکرا بەڕێوەدەچێت و تاوەکو ئێستا کێشەیەک دروست نەبووە. بەدڵنیاییەوە، پرۆسەی لەم جۆرە هەرگیز پرۆسەی بێ کێشە نابن. بەدڵنیاییەوە هەندێک بەربەستی جیاواز، کێشەی متمانە و لە سەرووی هەمووشیانەوە دەستوەردانی هێزە نێودەوڵەتییەکان روودەدات . لەم پرۆسەیەدا گەورەترین نیگەرانیی ئێمە ئێران و ئیسرائیل بوون کە دەستوەردان بکەن. بەهۆی شەڕی ئەم دواییەی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل و هەندێک هۆکاری پێشووتر، ئێستا ئەوان بە کێشەکانی خۆیانەوە سەرقاڵن و لەم قۆناخەدا توانای دەستوەردانیان نەماوە. سەرەڕای ئەوە، هێشتا هەوڵدەدرێت پرۆسەکە تێکبدرێت، بەڵام پرۆسەکە بەباشی بەڕێوەدەچێت. لێدوانەکانی ئیسرائیل و هەوڵە تێکدەرانەکانی کە جاروبار دەیکردن، سەرنەکەوتن. بێگومان، لێرەدا بەتایبەتی ویستی بەهێزی بەڕێز سەرۆککۆمار و رۆڵی رێخۆشکەرانە و ئاسانکارییانەی بەڕێز دەوڵەت باخچەلی هەیە. هەروەها پشتیوانی و ویستی بەهێزی ئۆجەلان بۆ ئەم پرۆسەیە یارمەتیدەرێکی گەورەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە. هەروەک پێویستییەکی سرووشتی، لەلایەکی دیکەوە خەڵکیش ئیدی دەیەوێت ئەم کارە کۆتایی بێت. ئەو ئاستەی دیموکراسیی تورکیا پێیگەیشتووە و ئەو چاکسازییە جیدیانەی لە پرسی کورددا کراون، نیشانیاندا کە ئیدی لەم بابەتەدا رەوایی بۆ تووندوتیژی و چەک نەماوە. خەڵکیش ئیدی باوەڕی بەم تووندوتیژی و چەکە نییە و نایەوێت.
 
رووداو: باست لەوە کرد کە رەوایی بۆ تووندوتیژی و چەک نەماوە. منیش دەمەوێت وردتر باسی ئەم خاڵە بکەم. ئایا هیچ زانیارییەکی روونتان لەبارەی کاتی چەکدانانی پەکەکەوە هەیە؟ کات و شوێنی رێوڕەسمەکە دیارە؟ ئێوە ئەم هەنگاوەی پەکەکە بۆ پێشڤەچوونی پرۆسەکە چۆن هەڵدەسەنگێنن و لە بەرامبەریدا، لە داهاتوودا چ هەنگاوێک دەکرێت بنرێت؟
 
غالب ئەنساریئۆغڵۆ:  لە راستی دا، ئەم پرۆسە تەکنیکییانە زیاتر لەلایەن دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەتەوە بەڕێوەدەبرێن. واتە، ئێمە پەیوەندیمان بە لایەنی سیاسیی کارەکەوە هەیە. لایەنی تەکنیکیی کارەکە بەتایبەتی لەلایەن دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی (میت) و یەکە جیاوازەکانی دەوڵەتەوە بەڕێوەدەبرێت. بێگومان، ئێستا ویستێک هاتووەتە ئاراوە، لە ئەنجامی ئەم ویستەدا رێکخراوەکەش بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی خۆیدا؛ کۆنگرە بەسترا و بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی دا، بەڵام دوای ئەمە پرۆسەکە چۆن بەڕێوەدەچێت، ئێمە ئەوکاتەش گوتوومانە، ئەمانە ئیدی پرۆسەی تەکنیکین. ئەم کارە بە هەنگاوی دوولایەنەی زیادکردنی متمانە بەڕێوەدەچێت. بۆ ئەوەی رای گشتیی تورکیا بەمە رازی بێت، دەبێت دیمەنی چەکدانان ببینرێت. دوای چەکدانان، هەفتەی داهاتوو (تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە) ژمارە و رێژەیەکی دیاریکراوی چەک بە شێوەیەکی سیمبوولی دادەنرێن، بەڵام لانیکەم ئەمە وەک هەنگاوێکی بەرجەستەی ئەم ویستەیە، رێکارێکی زیادکردنی متمانە دەبێت. دوای ئەوە، رەنگە من ئەمە وەک نموونە بڵێم بۆ ئەوەی بزانرێت پرۆسەکە چۆن بەڕێوەدەچێت، زیندانییە نەخۆشەکان ئازاد دەکرێن، دواتر رێکخراوەکە (پەکەکە) هەنگاوێکی دیکە دەنێت، رەنگە ئەو فەرمانبەرانەی دەوڵەت کە لەلای ئەوانن، شتی جیاواز هەن، رەنگە رێکخراوەکە ئەوان ئازاد بکات. لە هەنگاوەکانی دواتردا، دەوروبەری مانگەکانی ئەیلوول-تشرینی یەکەم، پاکێجێکی چاکسازیی دادوەریمان دەبێت. دواتریش بێگومان منداڵی دایکانی ئامەد هەن، رەنگە ئەوان ئازاد بکرێن. ئەمانە هەنگاوی سیمبوولین، بەڵام گرنگن. بەم هەنگاوە دوولایەنە ئەرێنی و زیادکەرەکانی متمانە، پشتیوانیی تەواوی رای گشتی بەدەستدەهێنرێت. دوای ئەوەی پشتیوانیی رای گشتی بەدەستهێنرا، هەروا پێشبینی دەکرێت لیژنەیەکی پەرلەمان پێکبهێندرێت کە جگە لە ئیی پارتی، کە نەیویست لەم کارەدا بەشداربێت، پارتە سیاسییەکانی دیکە بەشدار دەبن و دواتریش بێگومان، بۆ تێکەڵبوونەوەیان بە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی، دەکرێت هەنگاوی یاسایی پێویست بنرێن.
 
رووداو: باشە، چارەنووسی ئەو ئەندامانەی پەکەکە چی دەبێت کە چەکەکانیان دادەنێن؟ مستەفا کاراسو، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە لە دوایین لێدوانی دا رایگەیاند کە حکومەت لەم بارەیەوە هیچ هەنگاوێکی نەناوە. لە پرۆسەی داهاتوودا، بۆ تێکەڵکردنەوەی ئەم کەسانە بە کۆمەڵگە، کام هەنگاوی یاسایی دەنرێن؟
 
غالب ئەنساریئۆغڵو:  سەیرکە، هەر پێویست ناکات مرۆڤ رستەی لەم جۆرە نەرێنی بەکاربێنێت. ئەو کەسانەی ئەم کارەیان ناوێت، قسەی لەم جۆرە دەکەن. هێشتا تۆ هیچت نەکردووە، باسی کام هەنگاو و رێکاری یاسایی دەکەیت؟ ئایا دەکرێت سیاسەتمەدارێک دژی رای گشتی هەنگاو بنێت؟ وەک گوتم، پێویستیی ئەمە ئەوەیە کە هەنگاوی دوولایەنەی زیادکردنی متمانە بنرێن. پشتیوانیی خەڵک بە تەواوی بەدەستبهێنرێت. دواتریش، بۆ تێکەڵبوونەوەیان بە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی چی پێویست بێت، ئەو هەنگاوانە دەنرێن. ئێستا من نامەوێت بڵێم ئەم رێکارە یاساییە یان ئەو هەنگاوە. من لە سەرەتاوە نەمویستووە لەبارەی ئەم پرۆسەیەوە رستەی بەرجەستە بەکاربێنم. نامەوێت هەندێک رستە بەکاربێنم کە بۆ لایەکی دیکە رابکێشرێن، چونکە ئەو کەسانەی دەیانەوێت ئەم پرۆسەیە تێکبدەن، لەنێو رای گشتیی تورکیادا و لەنێو رای گشتیی کوردیش دا هەن. مانای نییە بیانوو بدەیتە دەست ئەو کەسانەی کە نایانەوێت ئەم پرۆسەیە سەرکەوێت. ئێستا ئێمە لە لایەکەوە دەڵێین هیچ مامەڵەیەک نەکراوە؛ نە شتێک وەرگیراوە و نە شتێک دراوە. با هەموو لایەک دڵنیابن. ئەمە پرۆسەی برایەتییە. ئەمە پرۆسەی بونیادنانەوەی تورکیای گەورەیە. ئێمە باس لە پرۆسەیەک دەکەین کە کورد و تورک پێکەوە گەورە دەبن و بەختەوەر دەبن، بەڵام کاتێک بەو کەسانەی ئەم کارەیان ناوێت دەڵێیت 'ئەمە دەبێت، ئەوە دەبێت'، ئەوان لەو شتانەی کە دەبێت ببن، ئەنجامی مامەڵەیەکی لێ دەردەهێنن و لەسەر ئەوەش، بۆ ئەوەی بیانوو نەدەمە دەست ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت بە قسەی وەک 'دەتانگوت مامەڵە نییە، بەڵام سەیری بکەن ئەمە مامەڵەیە و ئەم هەنگاوە' کارەکە تێکبدەن، نامەوێت بە رستەی بەرجەستە شتێکی وابڵێم. بەڵام من شتێک زۆر بە روونی دەڵێم. دوای ئەوەی ئەم هەنگاوە ئەرێنییانە نران و دوای ئەوەی پەکەکە بە تەواوی چەکی دانا، بۆ تێکەڵبوونەوەیان بە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی هەر رێنمایی و هەنگاوێکی یاسایی پێویست بێت، ئەوا دەگیرێنەبەر. ئەمە دەربڕینێکی زۆر روونە. ئێوە چی دەخەنە نێو ئەمەوە، بیخەنە نێوی. باشە، ئایا ئەمە دوای چەکدانان روودەدات، چۆن روودەدات؟ ئایا ئەم ماوەیە درێژ دەبێت؟ نەخێر، ئەوەی ئێمە لە سەرەتاوە ئەم کارەمان پێ بەڕێوەبردووە و گوتوومانە ئەمەیە، ئەم پرۆسەیە زۆر بەخێرایی بەرەوپێش دەچێت. ئەگەر هیچ کارێکی نەرێنی روونەدات، وا بیردەکەینەوە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ کۆتایی بێت.
 
رووداو: دەزانین ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی میت، چەند رۆژێک پێش ئێستا سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، لە سەرووشیانەوە سەرۆک مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. لەم پرۆسەیەدا هیچ هاوئاهەنگییەک لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە؟ ئێوە ئەگەری بەشداریی هەرێمی کوردستان لە پرۆسەکەدا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
 
غالب ئەنساریئۆغڵو: بێگومان، لەو رۆژەوەی ئەم پرۆسەیە دەستیپێکردووە، ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بەڕێز مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی، لە لێدوانەکانیاندا گوتوویانە کە ئەوان زۆر بە ئەرێنی سەیری ئەم پرۆسەیە دەکەن و دەیانەوێت یارمەتیدەربن. لە تەواوی پرۆسەکەدا پەیوەندی لەگەڵیاندا هەبووە، وەک دەزانن هەفتەی رابردوو سەردانی بەڕێز ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی میت بۆ هەرێمی کوردستان هەبوو. لەو سەردانەشدا کۆبوونەوە کران. بێگومان، ئەمانە لەم پرۆسەیەدا پێویستن. هەروا زۆرینەی هێزە چەکدارەکانی پەکەکە لە خاکی ژێر کۆنترۆڵی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و ئێرانن. لە هەر دۆخێکدا، بەشداری و هاوکاریی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەبێت.
 
رووداو: وەک دەزانرێت، ساڵانێکە هەندێک هیوا و داواکاریی کورد لە تورکیا هەن. لەم پرۆسەیەشدا، بۆ ئەوەی کورد رازیبێ، دەیەوێ هەندێک هەنگاوی کرداری ببینێت. بۆ نموونە، زمانی کوردی ببێتە زمانی خوێندن یان لە دەستووردا مافی هاووڵاتیبوونی یەکسانی کورد مسۆگەر بکرێت و هەنگاوی هاوشێوە. بۆ ئەوەی هاووڵاتیی کورد هەست بکات تورکیا وڵاتی ئەوانە، هەروەک چۆن وڵاتی هاووڵاتییەکی تورکە، دەسەڵاتی ئاکپارتی لە ماوەی داهاتوودا پلانی هەیە چ هەنگاوێکی بەرجەستە بنێت؟
 
غالب ئەنساریئۆغڵو: سەیربکەن، دوای ئەوەی ئەم چەک و تووندوتیژییە لەنێودەچێت، دەستی سیاسەت بەهێزتر دەبێت. کاتێک مرۆڤ گومانی لە یەکدی نەبێت، دەتوانیت هەندێک هەنگاوی دیموکراسی زۆر بە ئاسوودەیی بنێیت. بەداخەوە، چەک و تووندوتیژی نەوەک بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، بەڵکو بۆ چارەسەرنەکردنی خزمەتیان دەکرد. لە راستی دا، ئێمە دەمانتوانی زۆر زووتر هەنگاو بنێین. لە تورکیا هەموو بەربەستە یاساییەکانی بەردەم ناسنامەی کورد و زمانی کوردی لابراون. ئێمە سەدان چاکسازیی یاساییمان کردووە. تەنیا یەک دوو کێشەی دەستووری ماون. ئەم کێشە دەستوورییانەش، دوای ئەوەی ئەم چەکانە دانران، ئەگەر پارتە سیاسییەکانی ئێستا پشتیوانی لە دەستوورێکی نوێی مەدەنی و دیموکراسی بکەن، پشتیوان بە خودا ئەو هەنگاوە ماقووڵانەی کە پێشبینی دەکرێن، دەنرێن. دوای ئەوەی ئەم پرۆسەیە دەستیپێکرد، قسەیەکی زۆر روونی بەڕێز سەرۆککۆمار هەیە، لەمەودوا، کۆماری تورکیا دەبێتە وڵاتێک کە کورد و تورک، سوننە و عەلەوی و هەموو کەسێک کە لە تورکیا دەژی، وەک هاووڵاتیی هاوبەش و یەکسان بە ئازادی تێیدا بژین. گەرەنتیی ئەمەش بێگومان دەستوورە.
 
رووداو: بڕیارە شاندی دەم پارتی لەم رۆژانەدا لەگەڵ بەڕێز رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمار، کۆببێتەوە. بەڕای ئێوە، ئەم کۆبوونەوە گرنگە چ سوودێک بە پرۆسەکە دەگەیێنێت؟
 
غالب ئەنساریئۆغڵو: ئەمانە بۆ پرۆسەکە هەنگاوی ئەرێنین. واتە، ئەم بەشداری و هەنگاوە ئەرێنییانە بۆ پرۆسەکەن. هەروا پێویستیی پرۆسەکە ئەمەیە. ئەوان دوای کۆبوونەوەکە لێدوانی خۆیان دەدەن.