فاتح شارستێنی: پێویستە بانگخوازان مۆرکی نەتەوەیی و قەوارەی کوردستان بپارێزن
رووداو دیجیتاڵ
بانگخوازێکی دیاری هەرێمی کوردستان داوادەکات مینبەری مزگەوتەکان بۆ ئاشتی و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان بەکاربهێنرێن نەک هاندانی تووندوتیژی و دابەشکردنی کۆمەڵگە و بانگەشە بۆ حیزب و رەوت و تەوژمی جیاواز.
فاتح شارستێنی، بانگخواز و گوتاربێژی ئایینی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات و گفتوگۆیەکی هەمەلایەن بوو لەبارەی کاری بانگخوازی و رۆڵیان لەسەر کۆمەڵگە، گوتی: "ئێستا گوتاربێژ زۆر زۆر بووە، بەڵام خەڵک پێویستی بە بینینی کرداری چاکە."
"وشەی بریندارکەر"
فاتح شارستێنی، بانگخوازی دیاری کوردستان دەڵێت: "ئاینی ئیسلام کۆمەڵگە بە تەبایی و برایەتی رادەگرێت، بەڵام ئەگەر ئاگادار نەبین ئەوانەی شیکردنەوە بۆ ئاینەکە دەکەن میللەتەکەمان تووشی دووبەرەکی دەکەن، مامۆستایانی ئاینی زۆرترین کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگە هەیە و مینبەرەکان پانتاییەکی فراوانی بیرکردنەوە ئاراستە دەکەن و پێویستە بانگخوازی و بانگکردنی خەڵک بۆ دینی خودا بە شارەزایی و زانایی بێت."
فاتح شارستێنی پێیوایە مەرج و ئەرکەکانی مامۆستای ئاینی لە مەرج و ئەرکەکانی دادوەر قورسترە، "چونکە مامۆستای ئاینی پەیامی پەروەردگار دەگەیێنن، ئەگەر دادوەرێک هەڵەیەک بکات زیان بە کەسێک دەگەیێنێت کە بڕیارێکی هەڵەی لەبارەوە داوە و دەتوانێت هەڵەکە راست بکاتەوە، بەڵام گەیاندنی پەیامی خودا بە هەڵە زیان بە کۆمەڵگەیەک دەگەیێنێت و دینەکە کە لە بنەمادا دینی رەحمەتە دەبێتە زەحمەت بۆ کۆمەڵگە."
ئەو بانگخوازە باسی لەوەکرد، زۆرجار وشەی بریندارکەر لەلایەن بانگخوازانەوە لە کۆمەڵگەی ئێمە بەکاردەهێنرێت ئەوەش زۆر خراپ و مەترسیدارە، مامۆستا و بانگخوازی ئاینی هەرگیز رێگە بەخۆی نادات هیچ وشەیەکی نەشیاو بەکاربهێنێت.
فاتح شارستێنی، باسی گەیاندنی پەیامی ئاینی دەکات و لەو بارەیەوە رەخنە لە هەندێک مامۆستای ئاینی دەگرێت و دەڵێت: "زۆرجار مامۆستایانی ئاینی ناهێڵن خەڵک لە پەیامی خودا تێبگات، رەنگە کەسێک پابەندی ئاین نەبێت، بەڵام دەشێت بە گوفتاری جوان و روونکردنەوەی جوانییەکانی ئاینی ئیسلام بۆی بگاتە ئەو بڕوایەی پەیڕەوی ئاینەکە بکات، بەڵام مامۆستای ئاینی مافی ئەوەی نییە گوزارشتی بێ رەوشتی و ناشرین بخاتە پاڵی، ئافرەتێک سەرپۆش نەکات گوناهێکی کردبێت، بەڵام مامۆستای ئاینی نابێت رێگە بەخۆی بدات بڵێت هەر ئافرەتێک باڵاپۆش نەبێت بێ ئەخلاقە، ئەمە تێگەیشتنێکی هەڵەیە و پێدەچێت قسەی ئەو مامۆستایە بەجۆرێک لە دڵی ئەو ئافرەتە بدات، هیچکات ئامادەنەبێت باڵاپۆش بێت.
"مینبەری هێرش"
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا ئەو بانگخوازە دەڵێت: "مینبەر شوێنی شیکردنەوەی پەیامی خودایە، شوێنی هێرش و دەنگبەرزکردنەوە و هێرشکردنە سەر هیچ کەس نییە، پێغەمبەر درودی خوای لەسەر بێت، لەکاتی گفتوگۆ و دانوستاندنەکاندا بەردەوام چاوپۆشی لە مافی خۆی کردووە بۆ راگرتنی هەستی کەسی بەرامبەری، ناکرێت مامۆستایانی ئاینی ببنە سەرچاوەی هێرش و شکاندنی هەستی بەرامبەر."
فاتح شارستێنی باسی ئەرکی مامۆستای ئایینی بەرامبەر گەل و نەتەوە و نیشتمانەکەی دەکات و دەڵێت: "مامۆستایانی ئاینی ئەرکیان زۆر قورسە، ئەم کیانەی کوردستان بەرهەمی خوێنی هەزاران شەهیدە هەزاران کەس ژیان و گیان و ماڵی خۆی بەخت کردووە بۆ پێکهێنانی ئەم کیانە کوردییە، ئەگەر لەناوخۆدا مار و دووپشکیشمان هەبێت بەڵام ناکرێت کیانەکە بڕوخێنین، کەسێک لەناو ماڵەکەیدا مار و دووپشکی هەبێت نابێت ماڵەکە بڕوخێنێت و دواتر گورگ خۆی و منداڵەکانی بخوات، مامۆستای ئاینی ئەرکی ئەوەیە خەڵک هۆشیار بکاتەوە و کەموکوڕییەکان چارەسەر بکرێن، ئەگەر ئەم قەوارەیە درزێکی تێدا بێت کاری مامۆستای ئاینی ئەوەیە درزەکان چارەسەر بکات نەک هێندەی دیکە بیڕوخێنێت".
"چەتری کوردی"
ئەو بانگخوازە، کە لە هەمانکاتدا گوتاربێژی ئاینییە و رۆژانی هەینی لە پیرەمەگروونەوە دێتە هەولێر بۆ پێشکێشکردنی گوتاری هەینی، دەڵێت: "بانگخواز و مامۆستایانی ئاینی ئەگەر بەریەک بکەون و قسە لەسەر یەک بکەن ئاینی پڕ رەحمەتی ئیسلام دەکەنە هۆکاری دابەشکردنی کۆمەڵگە، ئەرکی مامۆستای ئاینی بانگکردنی خەڵکە بۆ رێبازی خودا نەک رێباز و حیزب و تەوژم و ئایدۆلۆژیای خۆیان، مامۆستایانی ئاینی دەبێت تەنیا چاوەڕێی پاداشتی خودا بن نەک پاداشت و پێداهەڵدانی خەڵک، ئێستا گوتاربێژ زۆر زۆر بووە، بەڵام خەڵک پێویستی بە بینینی کرداری چاکە."
فاتح شارستێنی گوتیشی: "ئێستا تەوژمی زۆری ئیسلامی لە کوردستان هەیە، هەموو برا و مامۆستامانن بەڵام ئەگەر بمانەوێت بەریەککەوتن نەبێت و نەبین بە دووژمنی یەکدی و خەڵک لە سۆشیال میدیا بەکارمان نەهێنێت."
فاتح شارستێنی داوا لە مامۆستایانی ئایینی دەکات، ئەگەر لە شتێکدا بۆچوونی جیاواز یان گومانیان هەبوو، با بگەڕێنەوە بۆ سەرچاوە خۆماڵی و کوردییەکان و دەڵێت: "وەکو کوردێکی موسڵمان زانای پایەبەرز (مەلا عەبدولکەریمی مودەریس)مان هەیە، ئەگەر خیلافێک هەبێت لەنێوان مامۆستایانی ئایینی لە زاخۆوە تاوەکو خانەقین با بگەڕێینەوە بۆ تەفسیرەکانی، هەروەها تەفسیری (مەلای گەورەی کۆیە)مان هەیە، کە دەیخوێنیتەوە هەست دەکەی چەند سەرنجڕاکێشە کە لە ساڵانی چلەکاندا نووسراوە، ئێمە مامۆستا عوسمانی هەڵەبجەمان هەبوو کە تەفسیری قورئانی هەبوو لە 10 بەرگدا."
فاتح شارستێنی گوتیشی: "دەبێت هەوڵ بدەین زانایانی رەسەنی خۆمان کۆمان بکەنەوە. ئێمە نموونەی باڵای وەکو مەلا عەبدولکەریمی مودەریسمان هەیە، پیاوی وەکو مەولانا خالیدی نەقشبەندیمان هەیە، پیاوی وەکو شێخ مارفی نۆدێ باوکی حاجی کاک ئەحمەدی شێخی سلێمانیمان هەیە، تەواوی جیهانی عەرەبی بگەڕێی پیاوی وەکو شێخ مارفی نۆدێی تێدا نەبووە، هەر زانستێک لە زانستەکانی مەلایەتی و ئیسلامی باس بکەیت ئەو بە شیعر کتێبێکی لەبارەی هەیە، بە دەیان نامەی ماستەر و دکتۆرا لەسەر شیعرەکانی نووسراون و هێشتا یەک لەسەر سەدی تەواو نەبووە، ئێمە ئەم مەرجەعەمان هەبێت بۆچی بگەڕێینەوە بۆ میسر، بۆچی بگەڕێینەوە بۆ سعودیە
ئەو بانگخوازە باسی عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریش دەکات و دەڵێت: "پیاوی وەکو مامۆستا عەلی باپیرمان، هەیە لایەنە حیزبییەکەی کوشتی، ئەو پیاوە دەنا بیرمەندێکی گەورەی ئیسلامە و تائێستا 29 بەرگ لە تەفسیرەکەی دەرچووە هەندێ کەس حیزب گەورەی دەکات و هەندێ کەس حیزب لەناوی دەبات، پیاوێکە وەکو مامۆستا عەلی باپیر ئەگەر لە کاری حیزبیدا نەبووایە و تەنیا بانگخواز بووایە بیرمەندێکی گەورەی نەتەوەکەمان بوو."
سەبارەت بە د. عەبدوللەتیف سەلەفیش، دەڵێت: "تەوژمەکەی بچووکی کردووەتەوە دەنا پیاوێکی تا بڵێی خوێندەوارە، کاریگەر و زمان شرینە و شارەزای قورئان و فەرموودەیە، بەڵام چونکە تەوژمێکی هەیە تەنیا ئەو جەماعەتەی خۆی قبووڵیان کردووە، بۆیە من داوادەکەم بانگخوازان بێنە دەرەوە لەو دۆخە و ببنە چەترێکی کوردی."
"مۆرکی نەتەوەیی"
لەبارەی پۆشینی بەرگی نەتەوەیشەوە فاتح شارستێنی دەڵێت: "جلی پیاو هەمووی شەرعییە، مامۆستای ئاینی دەتوانێت بە چاکەت و پانتۆڵ و بۆینباخەوە بچێتە سەر مینبەر، من بۆچوونم وایە ئێمە مادام لە کوردستانداین هەوڵبدەین مۆرکی نەتەوەیی خۆمان بپارێزین و بۆ یەکگرتنمان مامۆستایان رۆژانی هەینی بە جلی کوردییەوە گوتار پێشکێش بکەن، بۆچی عەبای شێخێکی عەرەب بەشانی منەوە بێت، بۆچی دشداشەم لەبەردا بێت ئەی هاوار بۆ قاتێکی کەتافی پێشمەرگانە لەبەرناکەن خۆ بە خودا ئەوەیان شەرعیترە لە دشداشەی کابرایەکی عەرەب، جامەدانی کوردیمان لەسەردا بێت لەوە باشترە عەگالێکی عەرەبی بکەیتە سەرت."
رووداوی ئەمڕۆ بەرنامەیەکی رۆژانەیە، شرۆڤەی رووداوەکانی رۆژ دەکات و پێشبینییەکان شەنوکەو دەکات. جگە لە رۆژانی شەممە و یەکشەممە، هەموو شەوێک لە کاژێر 22:00 بە کاتی هەولێر لەلایەن نوێنەر فاتیح پێشکێش دەکرێت.