باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق: داعش کۆتایی نەهاتووە

 
رووداو دیجیتاڵ 

باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق دەڵێت: ستانداردەکانی ئازادیی راگەیاندن لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی بەرزدا نین و نەبوونی ئابوورییەکی بەهێز و سەقامگیر کاریگەریی خراپی کردووەتە سەر ئازادیی راگەیاندن.
 
تۆماس زایلەر، باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق لە هەڤپەیڤینێکی رووداوی ئەمڕۆ کە نوێنەر فاتیح لە بەغدا لەگەڵی ئەنجامداوە باس لە زۆر پرسی هەنووکەیی و هەستیار دەکات و لە بەشێکیدا دەڵێت: ساڵی 2022 لە یەکێتیی ئەوروپا بە هەموو وڵاتانی ئەندامەوە 17 هەزار داوای مافی پەنابەرێتیمان لە عێراق و هەرێمی کوردستانەوە بۆ هاتووە و لە ئامارەکاندا بە روونی دەردەکەوێت کە سێیەکی ئەم داواکارییانە وەڵام دەدرێنەوە.
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق باس لە دۆخی عێراق و هێرشی گرووپە چەکدارەکان و خواستی عێراق بۆ کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش دەکات و دەڵێت داعش کۆتایی نەهاتووە.
 
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ تۆماس زایلەر، باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق:
 
رووداو: با لە پەیوەندی و پرۆژەکانی یەکێتیی ئەوروپا و عێراقەوە دەست پێبکەین، ئێستا لە لایەن یەکێتیی ئەوروپاوە چ پرۆژەیەک جێبەجێ دەکرێت؟ 
 
تۆماس زایلەر: ئەرکی من لێرە بۆ ئەوەیە یارمەتیی عێراق بدەم سەقامگیر ببێت و وەک وڵاتێکی سەروەر و دەوڵەتێکی سەقامگیر بونیات بنرێتەوە لەگەڵ هەبوونی دڵنیایی بۆ هاووڵاتییان. من زۆر حەزم لەوەیە کە عێراق بۆ عێراقییەکان بێت. جا ئێمە لێرەین بۆ یارمەتیدان لە رێگەی ئەوەی دەتوانین لە لایەنی ئەوروپییەوە وەک خزمەتگوزاری و ئەزموون دابینی بکەین کە ئەوەیش دەوڵەت بونیاتنانەوەیە لەگەڵ یارمەتیدان بۆ بونیاتنانەوەی دەسەڵاتەکان. پرسیاری زۆر لەسەر ستانداردەکان هەیە و رەنگە دوایی بێینە سەر پرسیاری وەک بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی. بۆیە ئەرکی ئێمە لێرە بە شێوەیەکی سەرەکی یارمەتیدانی عێراقە دوای ئەو هەموو مێژووە خراپەی 30 – 40 ساڵی رابردوو، بۆ ئەوەی دەوڵەتێک بۆ هاووڵاتییان دروست بکرێت. جا وەک پرۆژەیش، ئێمە بە پرۆژەی دارایی و گفتوگۆی سیاسییانە هاوکاریی ئەمەمان کردووە. ئێستا 411 ملیۆن یۆرۆمان هەیە کە بۆ نزیکەی 60 پرۆژە تەرخان کراون لەو ناوچە جیاوازانەی کاریان تێدا دەکەین. بەڵام هێشتا ئێمە بە شێوەیەکی بنچینەیی سەرنجمان لەسەر هەمەچەشنکردنی ئابوورییە، وەک پەرەدان بە کەرتی تایبەت لە بواری پەروەردە و حوکمڕانیدا. هەروەها کۆچکردن و ئاوارە ناوخۆییەکانیش خاڵی سەرەکین.  
 
رووداو: ئێستا ئەم پەیوەندییانە لەگەڵ عێراقدا زیاتر سەرنجیان لەسەر کوێیە؟
 
تۆماس زایلەر: سەرنجی لەسەر گەشەسەندنی سیاسییە. بە راستی ئێمە عێراقێکی سەقامگیرمان دەوێت. مەبەست لە سەقامگیر ئەوەیە لە ناوخۆدا و لەناو خەڵکدا و هەروەها لە ناوچەکەیشدا. من پێم وایە عێراق لە رووی جوگرافی و سیاسییەوە دەتوانێت لە ناوەڕاستی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیدا رۆڵێکی زۆر گەورەتر بگێڕێت. عێراق شیعە و سوننی و کورد و کریستیانی تێدایە. ئەمە جۆراوجۆریی سەرچاوەکانە کە وڵاتانی دیکە ئەمەیان نییە. بۆیە ئەمە تواناییە لەم وڵاتەدا کە دەبێت بەرەو پێش ببرێت.  
 
رووداو: لەبارەی کۆمپانیا ئەوروپاییەکانەوە لە عێراق، ئایا پێت وایە کۆمپانیا ئەوروپاییەکان وەک پێویست دەرفەتیان هەیە بێنە عێراق و پرۆژە وەربگرن و لق بکەنەوە؟ 
 
تۆماس زایلەر: ئێمە خەریکین ئەمە بکەین. لەگەڵ حکومەتدا پێکەوە خەریکین ئەمە بکەین. لەم لایەنەوە لە بارەی حکومەتەکەی سەرۆکوەزیران سوودانییەوە هەست بە دڵنیاییەکی گەورە دەکەم. وەک لە سەرەتاوە گوتم، ئێمە دەمانەوێت یارمەتیی عێراق بدەین کە ئەم تواناییانە بونیات بنێت و هەیکەلی هەبێت و سەرنجی کۆمپانیا و خاوەنکارانی دەرەوە رابکێشێت. بۆچی ئەمە دەڵێم؟ چونکە پێویستت بەوەیە پێوەرەکانت هەبن بۆ ئەوەی کە کۆمپانیاکان لە ئەوروپاوە هاتن بزانن کە دەبێت بەم شێوەیە باج بدەن و بەم شێوەیە موڵک وەربگرن و بتوانن لە وەربەرهێنانەکەیاندا پشت بە ئاسایش و تەناهی ببەستن. ئەمە زۆر گرنگە. ئێمە لە سەرەتای پرۆسەکەداین، بەڵام هەست بە پابەندبوونی تەواوی حکومەت بۆ پێشکەوتن دەکەم.  
 
رووداو: ئاماژەت بەوەدا لە رووی سیاسییەوە یارمەتیی حکومەتتان داوە تا زیاتر لە رووی سیاسییە پەرە بستێنێت. بۆ نموونە کێشەیەکی وەک کێشەی کەرکووکمان هەیە. یەکێتیی ئەوروپا لە رابردوودا یارمەتیی چارەسەری چەند کێشەیەک و پرسە کێشەلەسەرەکانی وەک کەرکووکی لەنێوان وڵاتان و حکومەتەکاندا داوە. ئایا هیچ پشتیوانییەکی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن تا کێشەی کەرکووک چارەسەر بکەن؟  
 
تۆماس زایلەر: ئێمە ئامادەی یارمەتیین من ناڵێم نێوانگری، بەڵام ئامادەی یارمەتیین بۆ قسەکردن لەگەڵیان بین. بەڵام رەنگە بە درێژایی ساڵانی رابردوو گۆڕانێک لە سیاسەتی دەرەوەی ئەوروپایشدا رووی دابێت و، لە زۆرێک لە وڵاتانی دنیادا تێگەیشتووین کە باش نییە بچینە ئەوێ و بڵێین رێک ئاوا بیکە چونکە ئێمە ئەمە باش دەزانین. ئێمە بۆ زاڵبوون و رامکردن و خۆسەپاندن لێرە نیین. ئێمە ئامادەی یارمەتیین، بەڵام پێم وایە دواجار پێویستە چارەسەرەکە لە ناوخۆوە بێت، چونکە ئەو کاتە دەبێتە چارەسەرێکی بەردەوام و چارەسەرێک کە دەتوانێت بمێنێتەوە. لەگەڵ ئەوەیشدا زۆر خۆشحاڵین کە یارمەتی بدەین، نەک شتی زیاتری وەک پێشنیاری زۆرەملێ و زۆرلێکردن بکەین، بەڵکو لە رێگەی ئامادەبوون بۆ ئاسانکارییەوە یارمەتی دەدەین.  
 
رووداو: کەواتە ئەوە دەکەوێتە سەر کورد و عێراقییەکان کە کێشەکانیان چارسەر بکەن و دەستپێشخەریی بۆ بکەن، ئەوجا ئێوە دەتوانن لەوێ بن و ئامادەی یارمەتی بن.  
 
تۆماس زایلەر: دەبێت چارەسەری کێشەکان لە ناوخۆی وڵاتەوە بێت، ئەگەر ئەوە لە عێراقدا بە راستی جێی بایەخ بێت. من هەرگیز لێرە وام هەست نەکردووە کە ئێمە هێزێکی گەورەی داگیرکەرین، بە پێچەوانەی ئەوەی چاوەڕێ دەکرێت. 
 
رووداو: لەبەر ئەوەیە هەمیشە ئەم چاوەڕوانییە هەیە، بە تایبەتی لە لایەن کوردەوە کە پێویستە گوشارێک لە حکومەتی عێراق بکرێت تا مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتەدا بکات.  
 
تۆماس زایلەر: ئەمە بەشێکە لە سیاسەتمان. ئێمە هێشتا لە دۆخەکەداین، بەڵام ئەوە نییە کە بەمیان بڵێیت دەبێت ئەمە بکەیت و بەویان بڵێیت ئەوە بکەیت. لەناودابوونەکە بەو جۆرەیە کە بیانهێنین لەگەڵ یەکدی کۆ بننەوە و بۆ یارمەتیدانە لەم بارەیەوە، نەک بۆ ناچارکردنیان.  
 
رووداو: بابەتێک کە لە عێراق کێشەیە و وەک لە رابردوویشدا دیومانە رەنگدانەوەی لەسەر ئەوروپایش هەبووە، تووندڕەوییە بە تایبەتی تووندڕەویی ئایینی. هەموومان داعشمان بیرە. چۆن یارمەتیی حکومەتی عێراق دەدەن تا تووندڕەوی و بە تایبەتی تووندڕەویی ئایینی نەهێڵێت؟ 
 
تۆماس زایلەر: ئەمە پرسیارێکی زۆر گرنگ و خاڵێکی زۆر گرنگە. ئێمە لە عێراق لە گفتوگۆی سیاسیدا لە بارەی داعشەوە پەرەسەندن دەبینین. دەزانین کە داعش بەزیوە. ئیدی وەک پێشوو زۆر پێویستمان بەمە نییە. بەڵام تا ئاستێکی دیاریکراو راستە. لەگەڵ ئەوەیشدا هێشتا پاشماوەکانیان ماون. ئەو هێرشە ترسناکەمان لە ئێران بینی کە زیاتر لە 100 کەسیان کوشت. بۆیە بە تەواوەتی کۆتاییان نەهاتووە. دیاردەیەکی تازەیش هەیە کە دەبێت وریای بین. ئیدی تیرۆر و تووندڕەوی دیاردەیەکی نێوخۆیی نین، بەڵکو نەتەوەبڕ یان سنووربڕن، دیاردەیەکی نێودەوڵەتین. پەیوەندیی بە دژەایەتیی پارەسپیکردنەوەوە هەیە کە دەبێت بیکەین. پەیوەندیی بە بەرەنگاربوونەوەی تووندڕەوییەوە هەیە چ ئایینی بێت چ هەر جۆرێکی دی، هەرچەندە زیاتر ئایینییە.  
 
بەر لە هەر شتێک دەبێت ئەوەمان لا روون بێت کە ئیدی ئەمە گرفتێکی نێوخۆیی نییە. بە تایبەتی لە عێراق کە ئێوە کارلێکتان لەگەڵ دراوسێکانتاندا هەیە و کۆنترۆڵتان نییە. هەر بۆیە ئێمە گەڕاینەوە بۆ دەوڵەت بونیاتنانەوە و توانایی بونیاتنانەوە. ئەوەیش زۆر گرنگە. ئێمە سەروکاریمان لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ و راوێژکارانی ئاسایشی نیشتمانیدا هەیە تا لە بەرنەگاربوونەوەی تیرۆر و دژایەتیی پارە سپیکردنەوەدا پەرە بە بەرنامەکان بدەین. جا ئەوە بەرەنگاربوونەوەی تووندڕەوییش لە خۆی دەگرێت. جا ئێمە ئەمە پێکەوە دەکەین. وەک دەزانیت لێرە ئەرکێکی راوێژکارمان هەیە بۆ ئاسایشی خەڵک و چاکسازیی دامەزراوەکان. ئەوان لەمەدا زۆر باشن. حکومەتیش لەم لایەنەوە داوای یارمەتیمان لێ دەکات. 
 
رووداو: کاتێک باسی تووندڕەوی دەکەین، بە دڵنیاییەوە کوردی ئێزدیمان بیر دێتەوە. ئایا ئێستا وەک یەکێتیی ئەوروپا هیچ پرۆژەیەکتان بۆ پشتیوانیی کوردی ئێزدی و بونیاتنانەوەی شاری شنگال هەیە؟  
 
تۆماس زایلەر: دەمێکە لەگەڵ ئیزدییەکاندا پرۆژەمان هەیە. رێم بدە زۆر بە روونی بڵێم: ئەوەی بەسەر ئێزدییەکاندا هات جینۆساید بوو و ئەمە بە هیچ شێوەیەک قسە هەڵناگرێت. لە رابردوودا گرفتگەلێکمان هەبوون بە تایبەت بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ زێد و ماڵی خۆیان. جا ئەمە شتێکە کە دەمانەوێت لە کردنی بەردەوام بین. ئێستا ئەوەی لێرە لە بەغدا لەگەڵ حکومەتدا لەسەری رێککەوتووین بەرنامەیەک بۆ سێ ساڵی دواتر بە بەهای 20 ملیۆن دۆلار بۆ یارمەتیدانی ئاوارە ناوخۆییەکان تا بگەڕێنەوە زێدی خۆیان. ئەمە ئێزدییەکانیش دەگرێتەوە. بڕێکی زۆر لە پارەکە بۆ ئەوە تەرخان کراوە. لە هەفتە و مانگەکانی داهاتوودا دەچین دانوستاندن لەگەڵ حکومەتدا دەکەین تا بزانین چۆن ئەمە بە تەواوەتی چارە بکەین و لەم بارەیەوە چ پرۆژەیەکی بەهێز جێبەجێ بکەین و پەرەی پێ بدەین. دەبێت رێککەوتنەکە دەبێت جێبەجێ بکرێت کە هێشتا نەکراوە. هێشتا خەڵک ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ شارەکەیان.  
 
رووداو: ئایا جێبەجێنەکرانی ئەم رێککەوتنە بە جۆرێک لە جۆرەکان کاریگەریی لەسەر دیدگا و جێبەجێکردنی پرۆژەکانتان بۆ ئێزدییەکان و شارەکە دەبێت؟  
 
تۆماس زایلەر: بەڵێ ئەوە بەشێکە لەوەی نەخشەمان بۆ داناوە بیکەین.  
 
رووداو: مەبەستم ئەوەیە کاتێک دەبینین هێشتا ئەم رێککەوتنە جێبەجێ نەکراوە، ئەوە چۆن کاریگەریی لەسەر پرۆژەکانتان دەبێت؟ 
 
تۆماس زایلەر: ئێمە سەیری ئەو شتە کۆنکرێتییانە دەکەین کە دەتوانین بیانکەین، دەکرێت نۆژەنکردنەوەی خانوو و بیناکان و چاککردن و نۆژەنکردنەوەی رێگەکان بێت. هەروەها سەیری ناسنامە دەکەین کە بزانین کێ خەڵکی کوێیە و کەی چی لە کوێ بکەین. بۆ ئەوەیە بۆمان دەربکەوێت کە چۆن بتوانین چاودێریی تەواوی پرۆسەی گەڕاندنەوەکە بکەین. دواجار ئەوە کارێکی کارگێڕییە، بەڵام لەگەڵ کاریگەرییەکی گەورەی سیاسیدا.  
 
رووداو: کۆچی نایاسایی لەم ناوچەیەوە بۆ بۆ ئەوروپا زیادیکردووە، چیتان کردووە بۆ هاوکاریی کردنی حکەموتی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ رێگریی لە کۆچکردن لەم ناوچەیەوە؟
 
تۆماس زایلەر: هەندێک وڵاتی ئەندام لەم بارەیەوە زۆر چالاکن. ئێمە وەک یەکێتیی ئەوروپا لەم پرۆسەیەدا زۆر لە سەرەتاداین. بەشێکە لەوەی تۆزێک لەمەو بەر لەبارەی تووندڕەوی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرەوە قسەمان لەسەر کرد. ئەم دیاردانە هەن و تێکەڵ بوون. تیرۆر و تاوانی رێکخراو و قاچاخیی ماددەی هۆشبەر هەن. شتەکە پەیوەندیی بە ماددەی هۆشبەرەوە نییە، پەیوەندیی بە پارەوە هەیە، بۆ دەستکەوتنی پارەیە. پێشتر باسی کۆچمان کرد، جا ئەمانە هەموویان لێکئاڵاون. بەڵی، ئێمە لەگەڵ حکومەتدا سەروکاریمان هەیە تا بزانین دەتوانین چ شتێک باشتر بکەین.  
 
رووداو: قاچاخیی مادە هۆشبەرەکان هەیە کە کێشەیەکی نێودەوڵەتییە وەکو تیرۆریزم هیچ هاوکارییەکتان هەیە لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمبارەیەوە؟ 
 
تۆماس زایلەر: بەشی یەکەمی ئەوەیە کە پێی دەڵێین مامەڵەکردن لەگەڵ هۆکارە ریشەییەکاندا. بۆچی خەڵک دەیانەوێت وڵاتەکەتان جێ بهێڵن؟ بۆچی خەڵک دەیانەوێت هەرێمی کوردستان جێ بهێڵن؟ دەبێت سەیری هۆکارە ریشەییەکان بکەین. ئەمە پەرەسەندنی ئابوورییانەیە. وەک لە سەرەتاوە گوتم: دەبێت هەمەچەشنیی زیاتر و کەرتی تایبەتی زیاتر پەرەبسێنن. ئەگەر خێزانێک بتوانن لە وڵاتەکەتاندا لە ژینگەیەکی پارێزراو و ئاسایشدا بە هەبوونی داهاتەوە بژین، ئیدی بۆچی خەڵک دەبێت بچنە دەرەوە؟ بۆیە ئەمە هۆی ریشەیی هەیە. خاڵێکی دیکەی هۆکاری ریشەیی دیموکراسییە. ئەگەر خەڵک هەست بکەن مافەکانیان نەماوە، ناتوانن رای خۆیان دەرببڕن، لە ئازادییە کەسییەکانیان رێگرییان لێ دەکرێت، ئەوا جێی دەهێڵن. جا ئەمە لە سەری سەرەوەیە. تۆ راست دەکەیت، هێشتا خەڵک هەن کە دەڕۆن. ئێمە ساڵی 2022 لە یەکێتیی ئەوروپا بە هەموو وڵاتانی ئەندامەوە 17 هەزار داوای مافی پەنابەرێتیمان لە عێراقەوە بۆ هاتووە. 17 هەزار و تۆزێک زیاتر. وا دەردەکەوێت کە لە 2023ـدا تۆزێک کەم ببێتەوە، بەڵام ئامارەکانمان بە روونی دەڵێن کە بە لای زۆرەوە سێ‌یەکی ئەم داواکارییانە وەڵام دەدرێنەوە. دەبێت ئەوە بزانرێت کە دەبێت هەرچی خەڵکە بگەڕێنەوە. جا کاتێک پێویستە بگەڕێنەوە ئەوا دوای پرۆسەیەکی درێژ کە قەرەبووی یاسایی و پشتڕاستکردنەوەی بڕیارەکان لەلایەن دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکانەوە لە خۆ دەگرێت.  
 پاشان پرسیارەکە ئەوەیە لێرە چی بکەین؟ حکومەت لێرە چی لەم خەڵکە بکات؟ چونکە دەبێت تێکەڵ بکرێنەوە. ئەوە پرسیارێکی زۆر سەرەکییە. ئەم وڵاتە کێشەیەکی گەورەی لەگەڵ ئەمەدا هەیە، خۆی ناکاتە بەرپرسیار، چونکە ئەمەیش بەسەر حکومەتدا دەکەوێت. ئێوە خۆتان ئاوارەی ناوخۆییتان هەیە، تەنانەت ئەوانەیش کە لە کەمپی هۆلەوە گەڕاونەتەوە. هەروەها حەز دەکەم پێت بڵێم کە سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا، ڤۆن دەر لاین، بەم دواییانە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیراندا گفتوگۆیان لەسەر ئەوە کرد کە لەگەڵ ئەوروپاییەکاندا لە ئەلهۆل چی بکەن کە لە بنەمادا عێراق لەوە بەرپرسیار نییە. بەڵام هێشتا کەسانێک هەن کە پێویستە تێکەڵ بە کۆمەڵگە بکرێنەوە. بۆیە ئێوە لە لایەکەوە ئاوارە ناوخۆییەکانتان هەن کە دەبێت تێکەڵ بکرێنەوە، لە لایەکی دیکەیشەوە ئەوانەتان هەن کە لە ئەوروپاوە دەگەڕێنەوە، چونکە داواکەیان بۆ مافی پەنابەرێتی وەڵام نەدراوەتەوە و درەنگ یا زوو دەگەڕێنەوە. بۆ ئەوەیش بەرنامەی دارایی و هەشت بەرنامەی دیکەمان هەیە کە بە راستی دەمانەوێت دڵنیا ببینەوە کە ئەو خەڵکە لە گونجاوترین دۆخدا بتوانن بگەڕێنەوە بۆ ئەو شوێنەی بە جێیان هێشتووە. 
 
رووداو: لەم ساڵانەی دواییدا گەلێک وتارم خوێندووەتەوە و زۆرم لە بارەی کەمپی هۆلەوە بیستووە. ئەم رستەیە بەردەوام دەبیستمەوە کە "بۆچی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا هاووڵاتییەکانیان لە کەمپی هۆل نابەنەوە؟" 
 
تۆماس زایلەر: ئەوە زۆر ئاسانە، چونکە ئەوان دەزانن ئەم خەڵکانە کێن، بەڵام نایانەوێت بگەڕێنەوە. بەڵام ئێمەیش ناچاریان دەکەین بیانبەنەوە، هەر بۆیە دەبێت بیانبەینەوە. دەیڵێمەوە، ئێمە دەمانەوێت لەگەڵ حکومەتدا بەردەوام بین تا بزانین چۆن ئەمە بە کردەیی بکەین. ئینجا ئێمە لای خۆمانەوە دەبێت لە وڵاتەکانماندا بەرنامەی تێکەڵکردنەوەی ئەم خەڵکانەمان هەبێت کاتێک دەگەڕێنەوە. جا هیچ بژارەیەک نییە و دەبێت ئەمە بکەین. 
 
رووداو: یەکێتیی ئەوروپا گرنگیی زۆر بە ئازادیی رۆژنامەڤانی و مافەکانی ئافرەتان دەدات. دۆخی ئازادیی رۆژنامەڤانی و مافەکانی ئافرەتان لە عێراق و هەرێمی کوردستان چۆن دەبینیت؟ 
 
تۆماس زایلەر: با لە ئازادیی راگەیاندنەوە دەست پێبکەم. ئێمە لە یەکێتیی ئەوروپا ستانداردی بەرزمان هەیە. ئەگەر کەمترین گومان هەبێت کە راگەیاندن یان رۆژنامەڤانان لە کارەکەیاندا رێگرییان لێ دەکرێت و دەستی تێ وەردەدرێت، ئەوا دەستبەجێ دەنگ هەڵدەبڕدرێت. ئێمە ستانداردی زۆر بەرزمان هەن. ئێستا ئەم ستانداردە بەرزانە لە عێراقدا نین، لە هەرێمی کوردستانیشدا نین. ئەمەیش هۆکاری مێژووییان هەیە. هەروەها هۆکاریشیان لە نەبوونی ئابوورییەکی بەهێزی گەشەسەندوو لە وڵاتدا هەیە. هۆکاریشیان لە کاریگەرییەکانی نێوان بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا هەیە. هێشتا ئەوە نییە. ئێمە بە تایبەتی پێمان خۆشە عێراق بگاتە ئەوە.  
 هێشتا دەرفەتی باشترکردن ماوە. ئیتر ئێمەیش لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەڵسوکەوت دەکەین، لەم لایەنەوە زۆر زیاتر لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەڵسوکەوت دەکەین بۆ ئەوەی دەنگی خۆمان زوڵاڵ بکەین. بەڵام وەک گوتم، نەک بە شێوەی سەپاندن. ئێمە دەڵێین پێمان خۆشە ئەم شتە ببینین، چونکە لە ئەزموونی خۆمانەوە پێمان وایە ئەمە بۆ گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی و ئابووری وڵاتەکەتان باشە.  
 
رووداو: پێت وایە ئەم ئازادییانە، ئازادیی رادەربڕین و راگەیاندن و مافەکانی ئافرەتان باشتر دەبن یان لە کشانەوەدان؟ 
 
تۆماس زایلەر: پێموایە بە گشتی باشتر دەبن، بەڵام پرۆسەیەکی زۆر خاوە. جا ئێستا لەگەڵ هەموو ئەو کارانەی دەکرێن، هەڕەشەی هێرشە سەربازییەکان و گوشەرە دەرەکییەکان لەسەر ئەم وڵاتە بە تایبەتی دوای هێرشی حەوتی ئۆکتۆبەر لە ئیسرائیل، ئەمانە وا دەکەن ئەوە قورستر ببێت. دەبێت لەگەڵ خۆماندا راستگۆ بین کە ناتوانین چاوەڕێی پەرجوو بین لە کاتێکدا وڵاتێکی وەک عێراق لەژێر گوشارێکی دەرەکیی ناخۆشدایە کە تەنیا تا رادەیەک لەوە بەرپرسیارە. بەڵام ئەوە هانمان دەدات کاری زیاتر بکەین. بۆ بابەتی مافەکانی ئافرەتیش بە هەمان شێوەیە. دەزانی، من لە وڵاتانی دیکەیش بووم، ئەگەر راشکاو بم، دۆخەکە لێرە ئەو خراپەیش نییە. بەڵێ، تۆ پێت خۆشە کە دەچیتە کۆڕ و کۆبوونەوە و دیدارەکانەوە ئافرەتی زیاتر ببینیت. دڵنیام ئەوە روودەدات، بەڵام کاتی دەوێت. لە تەواوی پرۆسەی بونیاتنانی دەوڵەتێکدا کە بەرەو دەوڵەتێکی دیموکراسی بچێت دەبێت یارام بگرین. ئەوە کاتی دەوێت. من دەزانم کە سیاسەتمەداران ئارامگرن نین چ لە عێراق بێت چ لە ئەوروپا یان هەر جێیەکی دیکە، بەڵام پێویستە کات بەم پرۆسەیە بدەین. 
 
رووداو: گرووپەکانی سەر بە ئێران لە عێراق هێرش دەکەنە سەر بنکەکانی هاوپەیمانان. ئەوانە چ هەڕەشەیەک لەسەر یەکێتیی ئەوروپا دروست دەکەن؟ 
 
تۆماس زایلەر: ئەمە بابەتێکە کە سەرئێشەیەکی زۆری بۆ ئێمە دروست کردووە. با پێت بڵێم، لەوم کاتەوەی هاتوومەتە ئێرە و لەو کاتەوەی شەڕی ئیسرائیل دژ بە حەماس دەستی پێکردووە، من هەستێکی روونم هەیە کە ئەوروپا لە عێراق و ناوچەکەدا پێگەکانی لە دەست دەدات، چونکە وەک هاودەستی ئیسرائیل یان بە چاوی ئیسرائیلەوە لێمان دەڕوانرێت، رەنگە بەم رەهاییە دەرنەکەوتبێت، چونکە لە لایەنی دیپلۆماسییەوە و لە پشتی پەردەوە کاری زۆر دەکەین بۆ ئەوەی هەرچییەکمان کردووە ئەم شەڕە نەگریسە بوەستێنین. لەبارەی ئەم هێرشانەی ئێرەیشەوە، تەنیا دەتوانم بڵێم کە دەبێت هەردوو لا گرژییەکان نەهێڵن و ئێمە لەم بارەیەوە زۆر روون بووین. تاقمە سەربازییانەی هێرش دەکەنە سەر بنکەکانی ئەمریکا کە هەر تەنیا هێرش بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا نین، بەڵکو هێرش دەکەنە سەر بنکەکانی هاوپەیمانان کە زۆربەیان سەربازی ئەوروپاییان تێدان. ئێستا نامەوێت بیر لەوە بکەمەوە کە چی دەقەومێت ئەگەر سەربازی بەلجیکایی، ئەڵمان، فەرەنسایی یان سەربازی دیکەمان لەناکاو بکوژرێن.  ئێمە داوایشمان لە ئەمریکا کردووە دوو جار بیر بکاتەوە و بە روونی بیر بکاتەوە. روونی رێی دەربازبوونمان لەمە گفتوگۆیە، گفتوگۆی سیاسی. من دەزانم کە زۆر سیاسیی عێراقیی بەرپرسیار و ژیریش لە هەر لایەن و گرووپێک بن ئەم رێگەیەیان دەوێت، چونکە دواجار ئەمە گەمەیەکی دۆڕاوە. بۆیە پێم وایە دەبێت هەر هەموومان تەواو وریا بین کە ئەمە لەوە زیاتر نەتەقێتەوە.  دەبێت بڵێم، من بە داوی ئەمەدا چووم و لەگەڵ حکومەتدا قسەم کردووە. دەبینم کە محەممەد سوودانیی سەرۆکوەزیران هەموو هەوڵی دەدات قسە لەگەڵ ئەم تاقمانە (فەسیلانە)دا بکات و قایلیان بکات چالاکییەکانیان کەم کەم بکەنەوە. من بە راستی متمانەم هەیە کە ببینین لە هەفتەکانی داهاتوودا گرژییەکان کەم ببنەوە. 
 
رووداو: وەک گوتت، ئەم هێرشانە بۆ سەر بنکەکانی هاوپەیمانانن کە ئەندامانی یەکێتیی ئەوروپایان تێدایە. بەڵام نابینین وڵاتە ئەورپاییەکان لەگەڵ ئەمریکادا بۆ تۆڵەکردنەوە بەشداری بکەن و هێرش بکەنە سەر ئەم گرووپانە.  
 
تۆماس زایلەر: ئەوە سیاسەتی ئێمە نییە ئەمە بکەین. هەروەها بە پێچەوانەی ئەمریکاییەکانەوە تا ئێستا سەربازی ئێمە بریندار نەبووە و کوژراومان نەبووە. جا وەک گوتم، شێوازی ئێمە ئەوەیە کە زیاتر گفتوگۆ بکەین و بۆ ئەمە بچینە چارەسەری سیاسییەوە. من ناڵێم کە ئەمە وەک خۆی دەمێنێتەوە.  
 
رووداو: وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بەشێکن لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، وەک گوتمان لە دژی داعش، ئایا لەو باوەڕەدایت هێشتا داعش مەترسی بێت بۆ سەر عێراق؟ 
 
تۆماس زایلەر: ئەوەی بە باشی بۆم دەرکەوتووە، ئەوەیە چارەسەر گفتوگۆی سیاسییە. ئەوە شتێکی پێویستە. ئێستا گفتوگۆکان لەژێر چاودێریی ئەنجوومەنی باڵای سەربازیدا دەستیان پێ کردووە. ئەجێندای ژمارە یەکی ئەرکەکە کە بە هەردوو لا دراوە ئەوەیە بزانرێت هێشتا داعش لە عێراق و سووریا چەندە بەهێزە. ئەوە پرسیاری ژمارە یەکە. پێم وایە زۆر گونجاوە ئەمە پشتڕاست بکرێتەوە. من وەک خۆم باوەڕم وایە داعش تەواو نەبووە، هەرچەندە لە رابردوودا سەرکەوتنێکی گەورە تۆمار کراوە. سوپاس بۆ سوپای عێراق. ئەمە تەنیا بە هێزەکانی هاوپەیمانان نەکراوە. کاری پێکەوەیی هێزەکانی هاوپەیمانان و سوپای عێراق بوو. پێم وایە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ئەمە. جا ئەگەر ئەنجوومەنی باڵای سەربازی بتوانێت لە کارەکەی بەردەوام بێت کە ئێمە پێشوازییەکی گەرمی لێ دەکەین، ئەوا ئەم پرسیارە و بە دوایشیدا پرسیارەکانی دیکە بە وردی شی دەکرێنەوە. وا دەزانم شارەزایان دیدگەیەکی تەواو روونیان لەسەر ئەمە دەبێت. باوەڕی خۆم ئەوەیە کە زۆر بە دەست هاتووە. رەنگە هەندێک بابەت مابن. دەگەڕێمەوە بۆ ئەوەی کرمانی ئێران و بینیمان لەوێ چی روویدا.  
 
رووداو: وەک گوتت، دانوستاندن لەنێوان عێراق و ئەمریکادا بە شێوەیەکی سەرەکی لەبارەی کشانەوە یان دۆزینەوەی شێوازێکی نوێی هاوپەیمانیی سەربازییە لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا. ئایا یەکێتیی ئەوروپا لەم دانوستاندنانەدا بەشدار دەبێت؟ 
 
تۆماس زایلەر: ئێمە بە پلەی یەکەم لە شێوەی وڵاتە ئەندامەکانماندا لە دانوستاندنەکاندا بەشداری دەکەین، چونکە ئێمە وەک یەکێتیی ئەوروپا سەربازمان نییە. ئێمە بەشێک نیین لە هێزەکانی هاوپەیمانان، بەڵام بە دڵنیاییەوە راوێژ بە یەکدی دەدەین و داومانە. لەناو خۆماندا لەسەر ئەم پرۆسەیە گفتوگۆ دەکەین. بەڵام دیسان دەیڵێمەوە، ئەوەی دواجار لەسەری رێک دەکەون، ئەگەر کشانەوەی یەکجارەکی یان کشانەوەی نیمچەیی بێت، دەبێت لە رێگەی گفتوگۆی سیاسییەوە بێت. با بزانین گفتوگۆکان بە کوێمان دەگەیەنن، چونکە چارەسەرەکەی هەمیشەیی دەبێت. ئەگەر لایەنێک خۆی بەسەر لایەنەکەی دیکەدا بسەپێنێت، ئەو کاتە چارەسەرەکە هەمیشەیی نابێت. 
 
رووداو: بەپێی راپۆرتەکان، هێرشە و جووڵەکانی داعش لە عیراق و سووریا بە جۆرێک لە جۆرەکان زیادیان کردووە. رەنگە هێرشو جووڵانەوەی بچووک بن، بەڵام هێشتا هەن. پێت وایە نەمانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و هەڵوەشانەوەی بە جۆرێک لە جۆرەکان دەرفەتێک بێت بۆ داعش تا مەترسیی گەورەتر لەوەی ئێستا دروست بکات؟ 
 
تۆماس زایلەر: نەخێر، پێم وانییە. دەیڵێمەوە، ئەگەر لە ئاستی باڵادا لەم گفتوگۆیاندا لەبارەی ئەم راوێژکارییانەوە لەنێوان سیاسەکاندا و لە هەموویشی گرنگتر لەنێوان شارەزا و سەرکردە سەربازییەکاندا چارەسەرێک بە شیکارییەکی روونەوە پەیدا ببێت کە بەدەر بێت لە هەر ئایدۆلۆجیایەک و تەواو شیکارییانە بێت، ئەوا پێم وایە ئەوەی دواجار گەڵاڵە دەکرێت دەتوانێت کاریگەر بێت کە نەهێڵێت داعش سەرهەڵبداتەوە.