د. دلاوەر عەلادین لەبارەی شانۆگەریی Safe Haven: بۆ سیاسییەکان و دۆستانی کورد لە جیهان گرنگە
رووداو دیجیتاڵ
کریس باوەرز، دیپلۆماتی پێشووی بەریتانی چیرۆکی کۆڕەوی کوردی کردووەتە شانۆگەرییەک و لە لەندەن نمایش دەکرێت. مەزڵووم گوڵ، ئەکتەری سەرەکیی شانۆگەرییەکە دەڵێت: "وەک کوردێک لە ئازار و چیرۆکەکانی ساڵانی نەوەدەکان تێدەگەم و... هیوادارم بینەران دوای شانۆکە بچن فێری کولتوور و مێژووی کورد ببن."
لەم هەڤپەیڤینەدا، د. دلاوەر عەلادین، وەزیری پێشووتری خوێندنی باڵا و سەرۆکی دامەزرێنەری ئینستیتیوتی مێری، لەگەڵ مەزڵووم گوڵ، ئەکتەری سەرەکیی شانۆگەریی "ناوچەی ئارام،" باسی چیرۆکی پشت شانۆگەرییەکە و پەیامە سیاسی و مرۆییەکانی دەکەن.
د. دلاوەر، تیشک دەخاتە سەر رۆڵی خۆی وەکو چالاکوانێک لە راپەڕینی ساڵی 1991 لە رازیکردنی سەرکردەکانی جیهان بۆ دامەزراندنی ناوچەی ئارام لە هەرێمی کوردستان.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ دلاوەر عەلادین، سەرۆکی سەنتەری مێری و مەزڵووم گوڵ، ئەکتەر
رووداو: بەخێرهاتن بۆ ئەم هەڤپەیڤینە. نزیکەی 35 ساڵ لەمەوبەر هاوپەیمانان بە سەرکردایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئۆپەراسیۆنێکی گەورەیان بۆ پاراستنی کورد دوای راپەڕینەکەی ساڵی 1991 لە عێراق ئەنجام دا. ئەو ئۆپەراسیۆنە ناوی "ئۆپەراسیۆنی ناوچەی ئارام" بوو. ئۆپەراسیۆنەکە خۆی لەلایەن ئەمریکاوە سەرکردایەتی دەکرا، بەڵام بەریتانیا، فەرەنسا و زۆرێک لە وڵاتانی رۆژئاوا تێیدا بەشدار بوون. یەکێک لەوانە ئەم وڵاتە بوو، واتە بەریتانیا. دیپلۆماتکارێکی پێشووی بەریتانی کە وەکو کونسووڵی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر کاری کردووە، لەبارەی ئەم ئۆپەراسیۆنەوە شانۆگەرییەکی نووسیوە. ئەم شانۆگەرییە بۆ یەکەم جار لێرە لە لەندەن نمایش دەکرێت. لەگەڵمدا د. دلاوەر عەلادین، زانستخواز و وەزیری پێشووی کورد، هەروەها سەرۆکی دامەزرێنەری ئینستیتیوتی مێری (MIRI) دانیشتووە. لە تەنیشتی ئەویش مەزڵووم گوڵ، کە خەڵکی مێردینە و ئەکتەرە لەم شانۆگەرییەدا. زۆر سوپاس بۆ ئامادەبوونی هەردووکتان. دکتۆر عەلادین، با لە تۆوە دەست پێبکەین. چۆن بوو بوویتە بەشێک لەم شانۆگەرییە؟
د. دلاوەر عەلادین: لە راستیدا شانۆگەرییەکە لەسەر بنەمای رووداوە راستەقینەکانی ساڵی1991 نووسراوە. تۆش باست کرد کە چۆن خەڵک لەژێر ئاگری هێرشەکانی سەدامدا بوون و، لە ماڵەکانیان لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک و تەواوی ناوچەکانی کوردستان بەرەو سنوورەکان هەڵاتن. ئێمە دەبوو لە ئەوروپا بە تووندی کار بکەین و لۆبی بکەین بۆ ئەوەی هاوپەیمانان رازی بکەین سیاسەتەکانیان بگۆڕن و، بێن بۆ رزگارکردنی ئاوارەکان و پاشان بییانپارێزن و بیانگەڕێننەوە سەر ماڵ و حاڵیان. ئەمە پێویستی بە بڕواپێهێنان و گوشارێکی زۆر هەبوو. زۆر کەس تێیدا بەشدار بوون. لەبیرت بێت، ئەمە راستەوخۆ دوای رزگارکردنی کوەیت بوو لەلایەن سوپایەکی گەورەی هاوپەیمانان بە سەرکردایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەڵام شانشینی یەکگرتوو و ئەوروپاش تێیدا بەشداربوون. دوای ئەوەی سەدام و هێزەکانیان لە کوەیت وەدەرنا، رێگەی بۆ خۆش بوو کە هێزەکانی بەربداتە کورد و کۆمەڵکوژی روویدا. ئێمە زۆر بێدەسەڵات بووین، دەستمان کرد بە لێدانی هەموو دەرگاکانی ئەوروپا و ئەمریکا. سەرەنجام توانیمان گوشار و دۆخێکی ئەوتۆ دروست بکەین کە بووە هۆی گۆڕینی سیاسەتەکان و، ئۆپەراسیۆنی دابینکردنی ئارامی دەستیپێکرد کە بووە هۆی دامەزراندنی ناوچەی ئارام. رۆڵی من لەو رۆژانەدا وەکو هەر یەکێک لە چالاکوانەکان بوو، من ئەو کەسە بووم کە خانم تاتچەر و هەروەها قەشەی باڵای کانتەربەریم رازی کرد. هەردووکیان لە پێگەیەکی باشدا بوون بۆ ئەوەی گوشار بخەنە سەر جۆن مەیجەر، کە ئەو کاتە سەرۆکوەزیران بوو، تاوەکو هەنگاو بنێت بەرامبەر ئەو کارەساتە مرۆییە و هاوکاری پێشکەش بکات. ئەوان پێکەوە جۆرج بوشی سەرۆکی ئەمریکایان رازی کرد کە بەشداری بکات. بێگومان ئەمریکا بەهۆی ئەو سوپایەی کە هەیەتی و، هەروەها ئامادەیی و سەرکردایەتییەکەی لە ناوچەکەدا، هەمیشە لە پێگەیەکدا بووە کە سەرکردایەتی بکات. کەواتە دەتوانی بڵێی ناوچەی ئارام بەرهەمی هەوڵی هەمووان و هەوڵێکی لۆبیکردن بوو بۆ گۆڕینی سیاسەت لە رۆژئاوا. ئەو ناوچەی ئارامە بووە هۆی یەکەم هەڵبژاردنی حکومەتی کوردستان، لەو کاتەوە ئێمە ئازادین و خاوەنی قەوارەی خۆمانین کە بووە قەوارەیەکی فیدراڵی لەنێو عێراقدا. لەو رۆژانەدا من تەمەنم وەکو تەمەنی مەزڵووم بوو. وەکو چالاکوان لەکاتی زیادی کاری پزیشکی خۆمدا کارم کرد. دوای دەوام خەریکی ئەو لۆبیکردنە بووم و لە دەرگای هەموو کەسم دەدا. بێگومان، لە کاتی کۆڕەوە گەورەکەدا، خێزانەکەی منیش قوربانی بوون. یەکێک لەوانە خوشکەکەم بوو بەناوی نەجات، کە ئەویش لە شانۆگەرییەکەدا دەردەکەوێت. پاشان، لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرۆکانی رێکخراوە خێرخوازییەکان و رۆژنامەنووسان و پەرلەمانتاران چووین بۆ ئێران بۆ هەڵسەنگاندنی بارودۆخی سەدان هەزار پەنابەر و بینینی ئەوەی چۆن دەتوانین یارمەتییان بدەین. لەنێو جەنجاڵییەکەدا خوشکەکەم دۆزییەوە. ئەو رۆژنامەنووسە بەریتانییانەی لەگەڵم بوون کۆمەڵێک وێنەیان گرت، دۆکیومێنتیان کرد و بڵاویان کردەوە. تەواوی چیرۆکەکە سەرنجی کریس باوەرزی راکێشا. ئەو پێی وابوو دەتوانێت لۆبیکردن، سیاسەت، سیاسەتی نێودەوڵەتی، کارەساتی نێوخۆیی و لایەنە مرۆییەکەی چیرۆکەکە تێکەڵ بکات. ئەوە بوو پەیوەندی پێوە کردم و گفتوگۆی لەگەڵ کردم. بەو شێوەیە بوومە بەشێک لەم چیرۆکە کە دواجار بوو بە شانۆگەری.
رووداو: ئایا دەزانی پڕۆژەی سەرەتایی ئەم شانۆگەرییە چی بوو؟ چونکە بەرهەمهێنانی پرسێکی ئاوا ئاڵۆز وەکو شانۆگەرییەک لەوانەیە کاتێکی زۆری بووێت؛ لەوانەیە وەک فیلم ئاسانتر بووایە.
د. دلاوەر عەلادین: لە راستیدا بە وردی بیرم نەماوە. تەنانەت ئەوەش نازانم چۆن چیرۆکەکە لە گێڕانەوەیەکی سادە و گفتوگۆیەکی دۆستانە لەگەڵ هاوڕێیەکەوە گۆڕا بۆ کتێب، چونکە کریس کەسێکی زۆر قووڵە و زۆر دەچێتە نێو بابەتەکانەوە. ئەو حەزی لێ بوو و بەردەوام پرسیاری دەکرد و پرسیاری دەکرد. پاشان رۆژێکیان گوتی، "من ئەمە دەنووسمەوە." مەبەستی چی بوو، نایزانم، بەڵام سەرەتا وەکو شانۆگەری نەدەهاتە بەرچاو. بەڵام کاتێک گۆڕا بۆ شانۆگەری، تەنانەت ئەوەش گۆڕا بۆ چەند وەشانێکی جیاواز. وەشانە سەرەتاییەکان لە وەشانەکانی کۆتایی جیاواز بوون. بێگومان من و کریس مێژوویەکی دوورودرێژمان هەیە، چونکە لە ساڵی 2008 من چوومە نێو حکومەت لە کوردستان و ئەویش کونسووڵی گشتیی شانشینی یەکگرتوو بوو لە کوردستان. بۆیە پەیوەندییەکی پیشەییمان هەبوو لەسەر زەمالە و پەروەردە و خوێندنی باڵا. ئەوکاتە یەکترمان دەناسی، بەڵام بەو شێوەیە زۆر لە نزیکەوە یەکترمان نەدەناسی. دیدار و کۆبوونەوەکانی دواتر بوونە هۆی گێڕانەوەی زیاتری ئەم چیرۆکە کەسییانە، کە سەرنجی ئەوی راکێشا بۆ ئەوەی وەکو کتێبێک بیانووسێت و، پاشانیش کتێبەکە بووەتە شانۆگەری. لەو لایەنەوە زۆر نازانم، بەڵام ئەوەی دەیزانم ئەوەیە کە ئەو بەردەوام دەگەڕایەوە بۆ زانیاری و چیرۆکی زیاتر، پاشان قووڵتر چووە نێو لایەنی خێزانی و سیاسییەوە. زۆر سەرسامم کە دەبینم لێکۆڵینەوەیەکی زۆری لە لایەنی بەریتانیشەوە کردووە. لەنێو وەزارەتی دەرەوەدا ئەو کەسانەی دۆزییەوە کە لە داڕشتنی بڕیارەکاندا کاریگەر بوون. ئەو کەسانەی دۆزیوەتەوە کە ناوی "Safe Haven"یان نا ناوچەی ئارام. ئەو لە لێکۆڵینەوەکانیدا ناوازەیە، چۆن چیرۆکێکی کەسیی وەرگرتووە و بەستوویەتییەوە بە مێژووەوە، ئەو شتانەی خۆی بینیونی و لەبیری ماون. پاشان شتێکی جوانی لێ دروست کردووە، من خۆم بە بەختەوەر دەزانم کە ئەو پیاوەم ناسیوە و ئێستا بوومەتە بەشێک لەم نمایشە سەرنجڕاکێشە.
رووداو: پێتوایە ئەو بەڕێزەی تەنیشتت دەتوانێت رۆڵی تۆ لە 35 ساڵ لەمەوبەر بە باشی بگێڕێت؟
د. دلاوەر عەلادین: سەرەتا، زۆر دڵخۆش بووم کە کەسێکی تەمەن 30 ساڵی قۆز رۆڵی من دەگێڕێت، ئەوە خاڵێکی ئەرێنییە. ئێمە لە راستیدا سەرەتا بە شێوەی ئۆنلاین و لە گرووپێکدا یەکترمان بینی. ئەوان هەندێک پرسیاریان لێکردم و بەنێو ئەو مێژووەدا چووین کە رووداوەکان چۆن بوون، منیش زۆر سەرسام بووم بە ئاستی خولیایان، جۆش و خرۆشیان و قووڵیی تێگەیشتنیان لەوەی رۆژ بە رۆژ چی روویداوە. بەڵام دواتر کاک مەزڵووم داوای گفتوگۆیەکی دیکەی ئۆنلاینی لێکردم. دوای دوو هەفتە گفتوگۆیەکی قووڵمان کرد، من زۆر سەرسام بووم بە ئاستی ژیریی ئەو و بە پابەندبوونی بە کارەکەیەوە. پێی گوتم ئەمە یەکەم رۆڵییەتی وەکو ئەکتەر دوای دەرچوونی لە کۆلێژ. بۆیە دەتوانم لەودا ئەوە ببینم کە خۆم وەک دەرچوویەکی گەنج چۆن بووم، لە رووی سیاسییەوە هۆشیار، هەروەها خولیای زانینی كە چی بەسەر نەتەوەکەت و کوردستان و کورد هاتووە و ببیتە بەشێک لێی. بۆیە زۆر دڵخۆش بووم و شانازی دەکەم کە ئەوم ناسیوە.
رووداو: مەزڵووم، ئەمە یەکەم دەرکەوتنی پیشەیی تۆیە لەم شانۆگەرییەدا، بەڵام پێشتر لە چەندین شانۆگەریدا رۆڵت گێڕاوە. جیاوازی نێوان شانۆگەرییەکانی پێشوو و ئەمەیان چییە؟ ئایا چیرۆکەکەیە، پرسەکەیە، یان تەواوی شانۆگەرییەکەیە؟
مەزڵووم گوڵ: بەڵێ جیاوازییەکی زۆر هەیە. ئەمە یەکەم کاری پیشەیی منە، ئەمەش جیاوازییەکی گەورەیە. پێشتر زیاتر مەشقکردن بوو لە پەیمانگەی دراما و پەرەپێدانی کارامەییەکان بۆ ئەوەی بتوانی بچیتە نێو جیهانی پیشەیی و کارێکی باش بکەیت. ئەو شانۆگەرییانەی پێشتر کارم تیایاندا کردووە زیاتر لەبارەی ژیانی خەڵک لە بەریتانیا و گەنجانی بەریتانیا و کێشە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان لە لەندەن و ئەڤین و پەیوەندییە خۆشەویستییەکان بوون. هەرگیز سیاسی نەبوون. من هەمیشە دەمویست و ئاواتەخواز بووم بتوانم چیرۆکی کوردی بگێڕمەوە، بەڵام بەهۆی گەورەبوونم لە لەندەن و ئەو مەشقانەی کردبوومن، زیاتر وەکو ئاواتێک بوو. هەمیشە بەخۆمم دەگوت هیوادارم رۆژێک بتوانم چیرۆکێک بگێڕمەوە کە بە دڵ هەستی پێبکەم، بە تایبەتی کاتێک گەورە دەبووم هەموو ئەم چیرۆکانەم دەبیست، بەتایبەتی ئەوانەی ساڵانی نەوەدەکان. ئەوە گەورەترین جیاوازی بوو. پێشتر زیاتر چیرۆکی لەندەن بوون، وەکو چیرۆکی هەژاری و چیرۆکی ئەڤین لە لەندەن. بەڵام ئێستا چیرۆکێکی کوردییە.
رووداو: تۆ دوو رۆڵت لە شانۆگەرییەکەدا هەیە. یەکێکیان دکتۆر عەلادین و ئەوی دیکەیان رۆڵی تکریتی. چۆن دەتوانی ئەوە بکەی؟
مەزڵووم گوڵ: بێگومان مەشقەکان یارمەتیدەرن. دەرچوونم لە ناوەندێکی زۆر باش و بەهێزی دراما رێگەی پێدام کە بناخەیەکی باش و بەهێزی تەکنیکیم هەبێت. لە کەسایەتییەکان نزیک بوومەوە، هەردوو کەسایەتی دلاوەر و تکریتیش. من زۆر خۆشبەختم کە دلاوەری راستەقینەم ناسی، چونکە دەتوانی ئیلهامێکی زۆر لەوەوە وەربگری، بەتایبەتی دوای گفتوگۆکانمان. دەتوانی کەسێک ببینی بەو ژیرییە گەورەیە و دڵێکی پاک و ئیرادەیەکی بەهێزەوە. توانیم لەوێوە دەستپێبکەم. منیش خولیایەکم لە ناخدایە و کوردم، لە ئازارەکان و لەو چیرۆکانەی لە کاتی گەورەبوونمدا بیستوومن تێدەگەم. یەکێک لە هۆکارەکانی ئەوەی زۆرێک لە ئەندامانی خێزانەکەم لە بەریتانیان ئەو هەموو ئەو کێشانە بووە کە رووبەڕووی گەلی کورد بوونەتەوە. بۆیە کاتێک کارم لەسەر کەسایەتی دلاوەر دەکرد، ئەو تێگەیشتنە هەبوو کە بە شێوەیەکی سۆزداری لێی نزیک ببمەوە. سەبارەت بە تکریتی، زیاتر هەوڵدانە بۆ تێگەیشتن لە سۆزی کەسایەتییەکە، هەوڵدەدەی تێبگەی بۆچی ئەو کارانە دەکات. لێکۆڵینەوەم لەسەر بەرزان تکریتی راستەقینەش کرد کە چی کردووە، ئیدی لەوێوە دەستمپێکرد. پاشخانی بۆ دروست دەکەی، پاشان رۆڵ دەگێڕی، لە کاتی مەشقەکاندا شتی جیاواز تاقی دەکەیتەوە. بەڵێ، ئەوان بە تەواوی لە یەکدی جیاوازن، پێموایە ئەمە ئاڵنگارییەکی گەورەیە بۆ ئەکتەر کە بتوانێت رۆڵی دوو کەسایەتی پێچەوانە لە یەک شانۆگەریدا بگێڕێت. هیوادارم ئەوە ببینن.
رووداو: مەزڵووم، "ناوچەی ئارام" بۆ من واتایەکی زۆر دەگەیێنێت. من تەمەنم نزیکەی هەشت ساڵ بوو کاتێک هەڵاتین و ماڵ و حاڵمان بەجێهێشت، کۆڕەو لە ساڵی 1991 دەستیپێکرد. ئۆپەراسیۆنەکە و پاشان بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش، دکتۆر عەلادین بڕیاری 688 بوو، وایە؟ ژیانی من و ژیانی خێزانەکەم و سەدان هەزار کوردی رزگار کرد. بۆیە پرسیارەکەم بۆ تۆ ئەمەیە، ئەوە پرسێکی زۆر گەورەیە بۆ گەلی کورد. بوون بە بەشێک لە شانۆگەرییەک کە باسی بارودۆخەکە و رووداوەکانی دواتر دەکات، "ناوچەی ئارام" چ واتا و بایەخێکی بۆ تۆ هەیە؟ ئایا قووڵ چوویتە نێو مێژووی ناوچەی ئارام و بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش؟ یان تەنیا دەقی شانۆگەرییەکەت وەرگرت؟
مەزڵووم گوڵ: پێموایە کاتێک بۆ یەکەمجار شانۆگەرییەکەم خوێندەوە، جۆرە تێگەیشتنێکم هەبوو، بەڵام زۆر گشتی بوو. لە رێگەی بەڵگەفیلمەکانەوە دەربارەی کۆمەڵکوژی هەڵەبجەم دەزانی، ئەوە شتێک بوو کە هەمیشە دەهاتە پێش چاو. لە کاتی گەورەبوونمان لە نێو کۆمەڵگەی کوردیدا دەمانبیست، بەڵام هەرگیز بە راستی لە قەبارەکەی و ئەو کەسانەی تێیدا بەشدار بوون تێنەگەیشتبووم. کاتێک لە ژووری مەشقکردن بووین و باسی شتەکانمان دەکرد، منیش لەناو شەمەندەفەردا گەڕانم لە گووگڵ و یوتیووب دەکرد و ئەو وتارانەم دەخوێندەوە کە لە ساڵانی نەوەدەکاندا بڵاوکرابوونەوە، بە راستی دەستم کرد بە دروستکردنی ئەم وێنەیە. لەبەر خۆمەوە دەمگوت، "واو، چۆن دەبێ ئەمانە نەزانم؟" چاوم بە کەسانی وەکو تۆ دەکەوت کە هاتبوونە ئەم وڵاتە. بێگومان، کاتێک ئەم چیرۆکانەم دەبیست زۆر گەنج بووم. لەبەر خۆمەوە دەمگوت، "خودایە، پاڵەوان لە دەوروبەرم هەبوون. کەسانێکم لە دەوروبەر بووە کە بەناو شتی وا قورسدا رۆیشتوون کە ناتوانم تەنانەت خەیاڵیشی بکەم“، هەرگیز دەرکم پێ نەکردبوو. ئەم شانۆگەرییە بە دڵنیاییەوە چاوی کردمەوە و پێشانی دام، هۆکارێکی دیکە بوو بۆ ئەوەی پێم بڵێت کورد لە هەموو روویەکەوە چەند بەهێزە. دواتر چاوم بە هەندێک کەس کەوت، دوای ئەوەی سەیری شانۆگەرییەکەیان کرد، گوێم لێ دەگرتن و دەمگوت، "واو، بڕوا ناکەم من ئەم چیرۆکە دەگێڕمەوە." نامەوێ بڵێم وەکو گوشارێک وایە، بەڵام بەشێوەیەکە کە هیچ چارەیەکم نییە جگە لەوەی باشترین شتی خۆم پێشکەش بکەم، ئەوەی لە توانامدایە بیکەم بە راستگۆترین شێوە، بۆ ئەوەی بتوانم ئەم چیرۆکە بە هەمووان بگەیێنم. پێموایە پێویستە هەمووان ئەمە ببیستن. من شانازی پێوە دەکەم.
رووداو: کاتێک خەڵک دوای بینینی شانۆگەریی "ناوچەی ئارام" هۆڵەکە جێدەهێڵن، چ شتێک لەگەڵ خۆیان دەبەنەوە؟
مەزڵووم گوڵ: چەند هیوایەکم هەیە، یەکێکیان ئەوەیە ئەگەر بە راستی بتەوێ گۆڕانکاری بکەی، دەتوانی. هەڵدەستی و دەجەنگی. ئاسانە لە پشت شاشەیەکەوە دانیشی، بەڵام گەلێک کەسی وەک دلاوەر هەن کە بەو ئاگر و ئەڤین و خولیایەی هەیانبوو، چوونە دەرەوە. بابەتەکە ئەوان نین، بابەتەکە خەڵکەکەیە. ئەوان هەموو شتێک کە لە توانایاندا بوو کردیان بۆ دروستکردنی گۆڕانکاری. ئەگەر خەڵک بۆ یەک ئامانج کۆببنەوە، بۆ گەشەی گەلەکەیان، بۆ خۆشەویستی، دەتوانن هەموو شتێک بەدەستبهێنن. ئەمە چیرۆکێکی زۆر ناوازەیە بۆ پێشاندانی ئەوەی کاتێک کۆدەبینەوە، دەتوانین هەموو شتێک بکەین. هیوادارم ئەو کەسانەی مێژووی کورد نازانن، بچنەوە ماڵەوە، بچنە سەر یوتیووب، فێری میوزیک و کولتوور ببن، بچن سەردانی کوردستان بکەن.
رووداو: هەروەها بێن بۆ بینینی شانۆگەریی "ناوچەی ئارام".
مەزڵووم گوڵ: بەڵێ بێگومان. وەرن سەیری "ناوچەی ئارام" بکەن و فێربن. دەبینن کە ئێمە هەموو وەکو یەکین. هەموومان خۆشەویستیمان هەیە. هەموومان خێزانمان هەیە.بەڵێ ئەمە ئاواتی منە.
رووداو: دکتۆر عەلادین، لەنێو کورددا، تۆ لەو خەڵکانەی کە زۆر جددین، کە کار و پیشەی زۆر گرنگ ئەنجام دەدەن. وەکو وەزیرێک، وەکو بەڕێوەبەری مێری، پێتوایە خەڵک دوای بینینی شانۆگەریی "ناوچەی ئارام" چ شتێک لەگەڵ خۆیان دەبەنەوە؟
د. دلاوەر عەلادین: پێموایە یەکێک لە گەورەترین پەیامەکان ئەوەیە کە ئەوەی ئێستا لە کوردستان هەمانە زۆر بەنرخە. ئێمە لەو نەوەیەین کە نیوەی ژیانمان بە هیچەوە بەسەر برد، نە قەوارە، نە مافی سیاسی، نە توانای بڕیاردانی خۆمان. ئێمە بەنێو قۆناخی جیاوازدا رۆیشتووین، کە زۆربەیان لە کارەساتەوە بۆ دەستکەوت بوون. داینامیکی سیاسەت لە ناوچەکە و جیهاندا گۆڕا. زۆرجار سوودمان لێ وەرگرت، هەندێک جاریش نەمانتوانی. ئەوەی من دەمەوێت خەڵک لێی تێبگات ئەوەیە کە سەرەتا، ئەوەی هەمانە زۆر بەنرخە؛ دەبێت بیپارێزین. شتێکی دیکەی گرنگ ئەوەیە کە زۆرجار خەڵک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە گەلی ئێمەش دەگرێتەوە، بڕوایان بە بیردۆزی پیلانگێڕی هەیە، پێیان وایە زلهێزەکان چارەنووسی ئێمەیان بڕاندۆتەوە، ئەوان دەزانن چی بکەن، هەرچییەک بکەی، سوودی نییە. لە راستیدا، ئێمە پێشانمان دا کە وا نییە. دەتوانی کاریگەریت هەبێت هەرچەندە بچووکیش بیت، گرنگ نییە قوربانی بیت یان کەمینە. ئەگەر کارەکانت بە رێکوپێکی بکەیت، ئەگەر لە پشت ئامانجێک کە مافی خۆتە یەکبگریت، دەتوانی سیاسەتەکان لە پایتەختی زلهێزەکاندا بگۆڕیت. دەتوانی زۆر دۆستی نوێ پەیدا بکەیت. لە راستیدا دەتوانی لە بەرامبەر دوژمنان رابوەستیت. هونەری لۆبیکردن ئەوەیە دۆستی زیاتر پەیدا بکەیت، دوژمن کەم بکەیتەوە، کەسانی گونجاو بەشدار بکەیت و بچیتە لای بڕیار بەدەستان. هەرچییەک دەیکەیت دەبێت لەسەر بنەمای بەڵگە بێت و کاریگەریی هەبێت. ئەوە بوو کە ئێمە دەمانکرد. من وەکو زانستخوازێک و وەکو پزیشکێک، کارم ئەوە بوو بەڵگە کۆبکەمەوە و بڕیار بەدەستان ناچار بکەم هەنگاو بنێن. هێزی لۆبیکردنی ئێمە لەوێوە دەهات، چونکە هەرچییەکمان دەکرد لەسەر بنەمای بەڵگە بوو. بۆیە ئەو پەیامەی بۆ گەلەکەم هەمە ئەوەیە، بەو شێوەیە سەیری نەکەن کە وەکو بڵێی چارەنووستان لە ژوورە تاریکەکاندا دیاری کراوە. نەخێر، دەتوانی بچیتە دەرەوە، ژیان بگۆڕیت، سیاسەت بگۆڕیت، مافەکانت بەدەستبهێنیت، بەڵام واقیعی بە. ئەوەی گرنگە تێگەیشتنە لەوەی بڕیارەکان لە وڵاتە جیاوازەکاندا چۆن دەدرێن. تەنیا ئەوە بەس نییە وەکو قوربانی خۆی پێشانبدەی. تەنیا گوتنی ئەوەی دوژمنەکان خراپن بەس نییە. دەبێت تێبگەی بڕیارەکان چۆن دەدرێن و، دەبێت زانیارییەکانت بەکاربهێنیت بۆ گۆڕینی سیاسەتەکان. بەشداریکردنی رای گشتی بەشێکی گەورەیە لەمە. چونکە بەبێ گۆڕانی رای گشتی و پاشان بەبێ دروستکردنی گوشار لەسەر سیاسییەکان کە هەمیشە هەڵبژاردنیان لەپێشە، ناتوانی بە باشی رازییان بکەیت. هێزی لۆبیکردن، هێزی پارە، هێزی بزنسی گەورە لەوەی تۆ گەورەترە، هەرچەندە ئامانجێکی پیرۆزیشت هەبێت. بۆیە بۆ سەرکەوتن بەسەر لۆبیستە گەورەکان کە هەمیشە لە دژت وەستاون، دەبێت رای گشتی بەکاربهێنیت، هێزی خۆت بەکاربێنیت. بە کورتی، ئێمە وەکو گەلێک کە رێگەیەکی دوورمان بڕیوە لە بێبەشبوون لە مافەکانمانەوە بۆ بەدەستهێنانی شتێک، هەمیشە دەبێت تێبکۆشین بۆ بەشدارکردنی هێزی گونجاو بە شێوەیەکی دروست بۆ کاریگەری خستنە سەر بڕیارەکان. شتێکی دیکە ئەوەیە کە ئێمە ئێستا لە بەریتانیاین. زۆرێک لە ئێمە پەنابەر بووین و بووینە هاووڵاتی، بووینە بەریتانی. زۆرمان وا رەفتار دەکەین وەکو ئەوەی میوان بین. لە راستیدا، دەبێت هەموو ئەم جیهانە وەک ماڵی خۆت بەکاربهێنیت. نابێت هەمیشە خۆت وەکو میوان، پەنابەر، بیانی ببینیت و نەتوانی لە رێگەی دروستکردنیی کاریگەری سەر سیستمەکە ئەوەی دەتەوێت بەدەستیبهێنیت. خەڵک هەمیشە بیر لە شانشینی یەکگرتوو دەکەنەوە وەکو ئەو هێزە ئیمپریالییەی کە ئێمەی دابەش کرد، ئێمە قوربانی ئەو دابەشکردنەین، ئەوە راستە. بەڵام لە راستیدا، ئەوە بەو واتایە نییە کە تا هەتایە بەو شێوەیە بێت، ئەوان دەتوانن رۆڵی سەرەکی بگێڕن لە راستکردنەوەی ئەو مێژووەدا، لە هاوکاریکردنماندا، لە وەستانەوە بۆ مافی خەڵک و ئەنجامدانی شتێکی پیرۆز و مێژوویی کە ژیانی گەلەکەمان دەگۆڕێت. حەز دەکەم ئەو پەیامانەش لەگەڵ پەیامە مرۆییەکاندا بڕۆنە دەرەوە کە مەزڵووم باسی کردن. بۆیە بەڵێ، بێگومان مێژوو هەیە، ئەوە ئێمەین، ناسنامەی ئێمەیە. بەڵام ئەم پەیامە گەورەیەش هەیە کە دەڵێت، هیچ شتێک وەک ئەمری واقیع قبووڵ مەکە. بڕۆ و جیهان بگۆڕە چونکە دەتوانی، چ وەکو تاکێک یان گرووپێکی بچووک، بەڵام دەبێت سەرەتا لە داینامیکەکە تێبگەیت.
رووداو: دوایین پرسیارم مەزڵووم، بۆ تۆیە. پێتوایە لە رێگەی هونەرەوە، لە رێگەی ئەو کارانەی دەیکەیت، دەتوانی گۆڕانکاری لە جیهانێکی زۆر جیاواز و سەختی وەکو ئێستا بکەیت و چیرۆکێکی ئاوا ئاڵۆز بگێڕیتەوە؟
مەزڵووم گوڵ: شتێک هەیە هەمیشە دەیڵێم، رێگە هەیە دەتوانی تێیدا لە بەردەم هەموواندا خۆپێشاندان بکەی، بەڵام خۆپێشاندان لەسەر تەختی شانۆش دەکرێت. ئەوەش جۆرێکە لە ناڕەزایەتی. ئێمە بە بیستنی هەموو ئەم چیرۆکانە گەورە بووین، وایە؟ شانۆ رێگەیەکە بۆ بەرجەستەکردنی کەسایەتییەکە و پێشاندانی. ئەوە جۆرێکە لە ناڕەزایەتی. بچیتە بەردەم 100 کەس یاخود 200، 300 کەس و چیرۆکێک بگێڕیتەوە و بەرجەستەی بکەیت، تاوەکو لە روانگەیەکی سۆزدارییەوە بچیتە نێو خەڵکەوە. پێموایە زۆر رێگە هەیە بتوانی بچیتە نێو دڵ و مێشکی خەڵکەوە، شانۆ یەکێکە لەوانە. چیرۆکگێڕانەوە یەکێکە لەوانە. ئێمە هەموومان بە بیستنی چیرۆک گەورە بووین. هەموومان دەزانین چیرۆکگێڕانەوە چییە. من بە دڵنیاییەوە پێموایە شانۆ شتێکە دەتوانێت بچێتە نێو دڵی خەڵکەوە، ئەگەر بە راستگۆیی، بە بێلایەنی و دڵ بۆ دڵ بگێڕدرێتەوە. لە کۆتایی رۆژدا، هەموومان دڵمان هەیە، وایە؟ هەموومان دەزانین راستی چییە. دەتوانین بیبینین. ئەگەر بە شێوەیەکی راستگۆیانە بگێڕدرێتەوە، هەمیشە دەتوانی بە خۆشەویستی و خولیاوە بچیتە نێو دڵەوە. بۆ من ئەوە هەموو شتێکە. پێموایە هەر بۆیە هاتمە نێو ئەم بوارەوە، چونکە ئەندامی خێزانەکەم هەبوو کە بۆ نموونە پارێزەر بوون، ئەندازیار و فڕۆکەوان بوون، بەڵام رێگەی من بۆ ویستنی گێڕانەوەی چیرۆکەکان لە رێگەی هونەری نواندنەوە بوو.
رووداو: دکتۆر عەلادین، بینەری شانۆ لە ئەوروپا زۆر تایبەتە. کێ دەتوانێت ببێتە بینەری ئەم شانۆگەرییە؟ ئایا سیاسییەکان، ئەو کەسانەی حەزیان لە مێژووە، کورد، دۆستانی کورد، یان تەواوی جیهان؟
د. دلاوەر عەلادین: پێموایە ئەو بینەرانەی ئەمە راستەوخۆ سەرنجیان رادەکێشێت کەسانی وەکو ئێمەن، کە پێیان وایە پەیوەندی بە ژیانیانەوە هەیە، یان ژیانیانی گۆڕیوە، یان لەبیریانە. ئەو رووداوانەیان لەبیرە کە ئازار و مەینەتییان پێداون، چ بەریتانی بن، یان لە نەوەی کورد بن یان خەڵکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بن. بە هەمان شێوە، ئەگەر لەبیریان بێت، ئەگەر چیرۆکێکیان هەبێت، ئەگەر شتێک هەبێت مێشکیان بجووڵێنێت، ئەوا حەزی لێ دەکەن. کەواتە ئەوانە ئاسانن سەرنجیان ڕابکێشرێت. بەڵام نەوەیەکیش هەیە کە گەورە بوون و حەزیان لە مێژووە، بەڵام هیچ بیرۆکەیەکیان نییە، هەرگیز هیچ زانیارییەکیان نەبووە. بەڵام لە رووی کولتوورییەوە ئاگاداری کوردن. دەیانەوێت زیاتر بزانن، کاتێک شانۆگەرییەکی ئاوا دەبینن، زۆر شت فێردەبن لەسەر ئەوەی چەندە جیاوازن، بەڵام هەروەها کولتوور و ناسنامە و مێژووەکەیان چییە. بۆیە دڵنیام چەند رۆژی یەکەمی شانۆگەرییەکە پڕ دەبێت لەو کەسانەی جۆرە پەیوەندییەک یان یادەوەرییەکیان هەیە یان شتێک کە سەرنجیان رادەکێشێت. بەڵام دواتر کاتێک هەواڵەکە بڵاودەبێتەوە، ئەو کوالێتییەی لە شانۆگەرییەکەدا دەیبینم لە راستیدا سەرنجی زۆر کەسی دیکە رادەکێشێت. بەڵام من لە راستیدا پەرۆشم بۆ بینینی نەوەی دووەمی کورد کە بێن و بیبینن. ئەو کەسانەی لێرە لەدایکبوون، ئەوان بە تەواوی بەریتانین، هەرگیز پەیوەندییان بە مێژووی کوردستانەوە نەبووە، بەڵام دایک و باوکیان هێندەیان پێگوتوون کە بێن و وێنای بکەن. ئەوان ئەو نەوەیەن کە زۆر شت فێردەبن و سوودێکی زۆر وەردەگرن و چێژی لێ دەبینن. من زۆر دڵخۆشم کە لە ناوەڕاستی کۆمەڵە کەسێکی ئاوا پیشەییداین. کاتێک گوێم لەم گەنجانە دەگرت، ئەوان زۆر قووڵ دەچوونە ناو مێشکتەوە. دەیانەوێت رێک وەکو تۆ بن، وەکو تۆ بیر بکەنەوە. دەرکم بەوە کرد کە لە چ جیهانێکی جیاوازدا دەژین. من پزیشکم، هەمیشە لە بایۆلۆجی و قووڵییەکەی لە ئاستی گەردیلەیی تێگەیشتووم، کە پێم وابوو جیهانێکی تایبەتە. کاتێک گوێ لەمانە دەگرم، ئەوان جیاوازن. ئەو شێوەیەی قسە دەکەن، ئەو شێوەیەی چیرۆکەکە دەگۆڕن، نەک بنەماکان، بەڵکو سیناریۆ و گفتوگۆکان. بۆیە منیش وەکو هەمووان حەز دەکەم گوێم لەوە بێت ئەم گەنجانە چی دەڵێن، چونکە هیچ لەوە ناچێت کە من بیرم لێدەکردەوە.
رووداو: حەز دەکەم سەیری شانۆگەرییەکە بکەم. زۆر سوپاس بۆ ئامادەبوونی هەردووکتان.
د. دلاوەر عەلادین: زۆر سوپاس.
مەزڵووم گوڵ: سوپاس بۆ ئێوە.
رووداو: سوپاس بۆ ئێوەش.