سۆمۆ بۆ رووداو: هەموو ئامادەکارییەک بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت کراوە و چاوەڕوانی کۆمپانیاکانین

 
رووداو دیجیتاڵ

پاش ماوەیەکی زۆر لە گفتوگۆ، راگەیاندن و چاوەڕوانی، هێشتا پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)وە، وەک مەتەڵێکی چارەسەر نەکراو ماوەتەوە، چەندینجار هەولێر و بەغدا باسی گەیشتن بە رێککەوتنێکی یەکلاکەرەوەیان کرد، بەڵام دوای هەر لێدوانێک، پرسیارەکە بە زیندوویی دەمێنێتەوە، "بۆچی نەوتەکە هەناردە ناکرێت؟" لە دۆخێکی پڕ لە نادڵنیاییدا، کە بازاڕەکانی نەوتی جیهان لەبەردەم گۆڕانکاریی بەردەوامن و عێراقیش زیاتر لە 90%ی داهاتەکەی لەم سەرچاوەیە دابین دەکات، بەڕێوەبەری سۆمۆ لە بەرنامەی "رووداوی ئەمڕۆ" بە درێژی باسی پرۆسەکە و ئاستەنگەکان دەکات.
 
عەلی نزار شاتری، بەڕێوەبەری گشتیی سۆمۆ لە سەرەتای قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە، بنەمای کارەکانیان پشت بە یاسای بودجەی عێراق و هەموارکراوەکانی دەبەستێت، کە بە روونی ئاماژە بە پێویستیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان دەکات، "یاساکە دوو ئاراستەی دیاریکردووە: یەکەم، هەناردەکردن لە رێگەی سۆمۆوە و دووەمیش، بەکارهێنانی نێوخۆیی." ئەم قسەیە بەڵگەیە لەسەر پابەندبوونی یاسایی بە پرۆسەکە.
 
بەڕێوەبەری سۆمۆ روونیدەکاتەوە، گفتوگۆیەکی چڕوپڕ لەنێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان کراوە بۆ دانانی میکانیزمێکی گونجاو و دیاریکردنی راوێژکاری نێودەوڵەتی.
 
لە وەڵامی پرسیارێکی رووداو لەبارەی تەواوبوونی گرێبەستەکانی کڕیار، شاتری بە روونی دەڵێت، "بەڵێ، کۆمپانیا کڕیارەکانی نەوتی بەرهەمهێندراو لە هەرێمی کوردستان ئامادەن، کە نەوتێکی عێراقییە."
 
دەربارەی نیگەرانییەکانی کۆمپانیا نەوتییەکانیش لەسەر نەبوونی گەرەنتی بۆ وەرگرتنی 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، شاتری بە تووندی وەڵام دەداتەوە و دەڵێت، "چ گەرەنتییەک لە خودی یاساکە باشترە؟" ئەو یاسای بودجە و بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران بە بەهێزترین گەرەنتی دەزانێت بۆ دابینکردنی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکان.
 
هاوکات بەڕێوەبەری سۆمۆ دڵنیایی دەدات، "لەلایەن تورکیاوە هیچ تێبینییەک نییە" بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان و رێککەوتنەکانی ئێستا تاوەکو مانگی تەممووزی 2026 کاران. هەروەها ئاشکرای دەکات، تورکیا و عێراق لە گفتوگۆدان بۆ رێککەوتنێکی نوێ کە بواری هاوکاریی وزە فراوانتر دەکات و نەوت، گاز، کارەبا، وزەی نوێبووەوە و تەنانەت پترۆکیمیاییش دەگرێتەوە.
 
دەقی هەڤپەیڤینی عەلی نزار شاتری، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای سۆمۆ لە رووداو:
 
رووداو: زۆر قسە لەبارەی بەغدا و هەولێرەوە کرا، گەیشتنە رێککەوتن، بەڵام دواتر هەواڵ هەبوو کە هیچ رێککەوتنێک نییە، ئێمە ئێستا لە کوێی پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانین لە رێگەی سۆمۆوە؟
 
عەلی شاتری: پرسیارەکە گرنگە و بابەتەکەش گرنگترە، بابەتەکە لای ئێمە پەیوەندیی بە یاسای بودجە و هەموارکردنی یاسای بودجەوە هەیە، یاساکە ئاماژە بە پێویستیی دەستپێکردنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات و دەبێت دوو ئاراستەی هەبێت؛ ئاراستەی یەکەم هەناردەکردنە لە رێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتەوە کە ئێمە بەڕێوەی دەبەین، ئاراستەی دووەمیش بەکارهێنانی نێوخۆییە، گفتوگۆکان لەسەر ئەو بنەمایە دەستیان پێکرد بۆ دانانی میکانیزمێکی گونجاو بۆ جێبەجێکردنی ئەم یاسایە و هەموارکردنی یاساکەش لە رووی هەڵبژاردنی راوێژکاری نێودەوڵەتی، دانانی بەرنامەی کار بۆ ئەم راوێژکارە نێودەوڵەتییە یان ئەوەی پێی دەگوترێت (Scope of Work)، هەروەها ناونانی راوێژکارێکی جیهانی لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە و گفتوگۆکردن لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان کە لایەنی پەیوەندیدارە بە گرێبەستەکانی لەگەڵ کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان، شایستەکانی ئەو کۆمپانیایانە و ئەو ئەرک و پابەندییانەی لەسەریانە بەپێی ئەو گرێبەستانەی لەگەڵیان کراون، ئەم گفتوگۆیانە بووە هۆی ئەوەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت کار لەسەر تەواوکردنی سەرجەم گرێبەستەکانی خۆی بکات، ئەمەش لەڕاستیدا ماوەیەکی زۆرە لەگەڵ کۆمپانیا کڕیارەکانی نەوتی بەرهەمهێندراو لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان تەواومان کردووە، چاوەڕێین ئەم بڕانە بێن و هەناردە بکرێن، بۆئەوەی بگەنە عەمبارەکانی بەندەری جەیهانی تورکیا و پاشان بە شێوەیەکی ئاسایی دەست بە بارکردنیان بکەین.
 
رووداو: کەواتە رێککەوتنی کڕیارەکەتان ئێستا ئامادەیە و رێککەوتنی واژۆکراو لەنێوان سۆمۆ و کڕیاری نەوتی هەرێمی کوردستان هەیە؟
 
عەلی شاتری: بەڵێ، کۆمپانیا کڕیارەکانی نەوتی بەرهەمهێندراو لە هەرێمی کوردستان، کە لە راستیدا نەوتێکی عێراقییە و لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێندرێت و لە رێگەی بۆرییەکانەوە دەنێردرێت، تۆڕی بۆرییەکانی عێراق - تورکیا لە چوارچێوەی رێککەوتنی بەرکارە لەگەڵ لایەنی تورکیا، لە راستیدا وەزارەتی نەوت لەم بوارە هیچ درێخیی نەکردووە، دەزانم وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستانیش بە سەردانە چڕوپڕەکان لەنێوان هەولێر و بەغدا هیچ درێخیی لەم بوارە نەکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هەوڵ لەگەڵ کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان دەدەین کە جێبەجێی بکەن، ئەوەی لەسەری رێککەوتوون لە رووی دەستپێکردنی ناردنی نەوتەوە بۆئەوەی ئەو بابەتانەی لەسەری رێککەوتووین یەک لەدوای یەک بەپێی پێوانەکردنی بڕەکان لە ناوچەی بەرهەمهێنان و لە هەموو کێڵگەیەک و جۆرەکەشی، هەروەها پێوانەکردنی بڕە وەرگیراوەکان لە ناوچەی پیشخاپور بە چاودێریی راستەوخۆی کۆمپانیای نەوتی باکوور و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان، پاشان ناردنی لە رێگەی بۆرییەکانی عێراق - تورکیاوە و وەرگرتنی نەوت لە جەیهان لەلایەن کۆمپانیای نەوتی باکوور و کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت "سۆمۆ"، و پاشان بارکردنی لە کەشتییە بارهەڵگرەکان بە بڕێکی دیاریکراو کە لە رێگەیەوە بڕی 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دەگەڕێندرێتەوە، ئەم بڕە دەگەڕێندرێتەوە یان دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی یاساکە و وەزارەتەکەش خۆی قەرەبووی کۆمپانیاکان بەم بڕە پارەیە دەکاتەوە ،لەبری ئەو بڕانەی لەلایەن ئەوانەوە بەرهەمهێندراون پاش دەرکردنی بڕی ئاو و نیشتوو و پیسییەکانی ناو نەوتەکە.
 
رووداو: کاتێک باسی ئەم زانیارییانە دەکەیت، وێنەکە زۆر روون دیارە، بەڵام بۆچی تاوەکو ئێستا نەوتەکە وەرنەگیراوە؟
 
عەلی شاتری: باشترە بڵێین بۆچی نەنێردراوە؟
 
رووداو: باشە بۆچی نەنێردراوە؟
 
عەلی شاتری: ئێمە ئامادەین و بە تەواویش ئامادەین.
 
رووداو: هیچ کێشەیەکی تەکنیکی نییە؟
 
عەلی شاتری: هەرگیز، بۆ وەرگرتن و فرۆشتن، ئێمە ئامادەین و بە تەواوی ئامادەین و میکانیزمەکە روونە و ئامادەیە بۆ پارەدانی نەختی.
 
رووداو: گوتت وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان زۆر هاوکارە و ئاماژەت بەوەدا، وەزارەتی نەوت ئامادەیە و هاوکارە، ئێوەش وەک لایەنێک کە نەوت هەناردە دەکەن ئامادەن، کەواتە کێشەکە لە کوێدایە؟
 
عەلی شاتری: لە راستیدا، پێم باشترە ئەم پرسیارە لە کۆمپانیاکان بپرسیت نەک لە ئێمە، چونکە ئامادەکارییەکان و هەموو شتەکان ئامادەن و ئاسانن و بە شێوەیەکی راستەقینە لە چوارچێوەی گرێبەستە واژۆکراوەکاندا پۆلێن کراون، لە چوارچێوەی گرێبەستە واژۆکراوەکان لەگەڵ کۆمپانیا کڕیارەکان و گرێبەستە پێشنیازکراوەکان کە رادەستی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان کراون و خراونەتە بەردەستی کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان و لە ئەوانەوە هیچ تێبینییەکمان لەبارەی ئەم گرێبەستانە یان مەرجەکانیان پێ نەگەیشتووە بۆئەوەی لەسەریان گفتوگۆ بکرێت یان مشتومڕیان لەبارەوە بکرێت، بەڵکو هەموو ئەوەی روویدا تاوەکو دوا سات بە شێوەیەکی ئەرێنیی تەکنیکیی نایاب بوو، ئێمە رۆژ نا رۆژێک دەبیستین کە ناردنی نەوت روودەدات یان بڕیارە رووبدات و کەشتییە بارهەڵگرەکان ئامادە دەکەین.
 
رووداو: دەیبیستن یان پێتان رادەگەیێندرێت کە وەریدەگرن؟
 
عەلی شاتری: لە راستیدا لە رێگەی گفتوگۆکانەوەیە، ئێمە بەردەوام لە گفتوگۆداین و مێزی گفتوگۆکان بە درێژایی کات هەر لەگەڵ دەستپێکردنی هەموارکردنی یاسای بودجە تاوەکو ئەمڕۆش کراوە بووە. گفتوگۆکان هەرگیز نەوەستاون، بەم شێوەیە هەمیشە دەبیستین کە ئامادەکاری هەیە و دەکرێت ناردنی نەوت ئەنجام بدرێت، لەبەر ئەوەش بەڕێزتان لێدوانی وەزیری نەوت و جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ کاروباری وزەتان لە کات و ساتە جیاوازەکان بیستووە، ئێمە چاوەڕێی ناردنی نەوتین دوای دوو رۆژ یان دوای یەک رۆژ یان دوای سێ رۆژ، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە وەزارەت بە چاوی گەشبینییەوە سەیری ئەوە دەکات ئەم نەوتە دەبێت بنێردرێت، زیانەکانمان لەم بڕە نەوتانەدا ئیدی بەسن، ئێمە پێویستمان بە زیادکردن و بەهێزکردنی دۆخی عێراق و دۆخی نەوتی خاوی عێراقە لە بازاڕی ئەورووپا و ئەو بازاڕانەی پێویستیان پێیەتی، بەم شێوەیە بڕە فرۆشراو و هەناردەکراوەکان زیاد دەبێت، داهاتە داراییەکان چ بۆ حکومەتی فیدراڵی بێت یان پشکی هەرێمی کوردستان لەم بوارە زیاد دەبێت، هەروەها شایستەکانی ئەو کۆمپانیایانەی ماوەیەکی زۆرە چاوەڕێی دابینکردنی شایستەکانیان دەکەن، دابین دەکرێت.
 
رووداو: ئایا وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان یان کۆمپانیاکان هیچ تێبینییەکیان پێشکێش کردووە لەبارەی گرێبەستەکانی کڕین کە لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان واژۆتان کردوون؟
 
عەلی شاتری: هیچ تێبینییەک لەسەر گرێبەستەکان پێشکێش نەکراوە، نە نەرێنی و نە تەنانەت تێبینیی هەموارکردن یان راستکردنەوە، بەڵکو بەبێ هیچ ناڕەزایەتییەک گرێبەستەکان رێکخراون و ئامادە بوون بۆ کارکردن.
 
رووداو: کۆمپانیاکان تاوەکو رادەیەک نیگەرانن لەوەی هیچ گەرەنتییەک بۆ دابینکردنی 16 دۆلارەکەیان نییە، چ گەرەنتییەکیان دەدەنێ؟
 
عەلی شاتری: چ گەرەنتییەک لە خودی یاساکە باشترە؟ ئەم یاسایە کارایە و یاسایەکی پابەندکارە بۆ وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و بۆ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان وەکو لایەنێکی عێراقی، لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە دەرچووە و لەلایەن سەرۆکایەتیی کۆمارەوە پەسند کراوە. بۆیە هیچ گەرەنتییەک بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت لە خودی یاساکە بەهێزتر بێت، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران هەن شێوازی جێبەجێکردنەکەی پۆلێن دەکەن و وردەکارییەکانی پێشان دەدەن، بۆیە هەموو شتێک گەرەنتی کراوە لە سەرەتای ناردنی نەوت و پێوانەکردنیەوە تاوەکو داهاتەکان، شێوازی دابینکردنی داهاتەکان و شایستەکان.
 
رووداو: وەکو بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ جەخت دەکەیتەوە کە گەرەنتی هەیە؟
 
عەلی شاتری: بەڵێ، بێگومان و بە بەڵگەشەوە.
 
رووداو: ئێوە دەڵێن ئامادەین، کەواتە کێشەکە لای کۆمپانیاکانە ئێستا؟
 
عەلی شاتری: نامەوێت بڵێم کێشەکە لای کۆمپانیاکانە، دەتوانیت لێیان بپرسیت، ئەوەی لای ئێمەیە ئەوەیە کە ئێمە ئامادەین بۆ جێبەجێکردن.
 
رووداو: لەبارەی لایەنی تورکی، ئایا ئەوان هیچ تێبینییەکیان هەیە بۆ ناردنی نەوت لە رێگەی تورکیاوە یان لە تورکیاش هیچ کێشەیەک نییە؟
 
عەلی شاتری: کاتی خۆی قسە لەبارەی ئەوە دەکەین، ئێستا گرنگ ئەوەیە نەوتەکە بنێردرێت، ئەگەر نەوت نێردرا، هیچ تێبینییەک لە لایەنی تورکیاوە نییە و لەگەڵ ئێمە رێککەوتوون بە رێککەوتنێکی کارا تاوەکو مانگی تەممووزی ساڵی 2026، ئێمە ئێستا لە گفتوگۆداین لەگەڵیان بە ئامانجی تاوتوێکردنی مەرجەکان و پابەندییەکان بۆ رێککەوتننامەیەکی نوێ کە رەشنووسەکەی لەلایەن ئەوانەوە نێردراوە و لە لایەنی تورکیاوە کرانەوەیەکی ئەرێنیی راستەقینە دەبینین، کرانەوەیەک نەک تەنیا بۆ هەناردەی نەوت، بەڵکو بۆ فراوانکردنی چوارچێوەی هاوکاری لەگەڵ عێراق.
 
رووداو: بیستوومانە لایەنی تورکی نیازی هەیە رێککەوتنێک لەگەڵ عێراق لەژێر ناونیشانی "رێککەوتنی وزە" بکات، نەک تەنیا گواستنەوەی نەوت؛ ئایا ئەمە راستە؟
 
عەلی شاتری: بەڵێ راستە و بەڕێز جێگری وەزیری وزەی تورکیا لەبەردەم هەمووان رایگەیاند، ئەوان هەوڵدەدەن، سەرەتا سەیری عێراق دەکەن وەکو سەرچاوەیەکی سەرەکیی وزە بۆ تورکیا و سەرچاوەیەک بۆ هاوکاریی وزە لەم بوارە و ئەوەشی پشتڕاست کردەوە کە ئەوان رەشنووسی رێککەوتننامەی نوێیان ناردووە بۆ ئەوەی بواری فراوانتر بگرێتەوە، وەکو گاز و کارەبا و وزەی نوێبووەوە و نەوت و هەروەها پترۆکیمیایی و پاڵاوتن و دروستکردنی بۆری و تۆڕی بۆرییەکان، هەموو ئەمانە نیشانەن کە گرنگییەکی زۆر لە لایەنی تورکییەوە هەیە و ئەم رێککەوتنە بە قازانجی هەردوولایە، چ تورکیا و چ عێراق. ئێمە ئێستا لە قۆناخی پێداچوونەوەی سەرجەم وردەکارییەکان و بڕگەکان و وەڵامدانەوەی لایەنی تورکیین بۆئەوەی مێزی دانوستاندنەکان بە هەموو رێگەیەکی ئەرێنی کراوە بێت بۆ گەیشتن بە رێککەوتن.
 
رووداو: ئایا ئامادەیی یان گەشبینییەک لە لایەنی عێراقەوە هەیە بۆ فراوانکردنی ئەم رێککەوتنە، لە رێککەوتنی ناردنی نەوت یان گواستنەوەی نەوت بۆ رێککەوتنێکی وزە کە نەوت، گواستنەوە و رەنگە گازیش بگرێتەوە؟
 
عەلی شاتری: لەبارەی تێڕوانین بۆ فراوانکردن، بەڵێ، تێڕوانینمان بۆ فراوانکردن هەیە و ئەرێنییە، بەڵام لەبارەی ئەوەی کە ئایا یەک رێککەوتن دەبێت یان چەندین رێککەوتن، ئەمە لە داهاتوودا گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت، رەنگە لە چوارچێوەیەکی وزەی دیاریکراودا بێت کە رێککەوتنە تاکەکان بۆ نەوت، گاز و کارەبا لێیەوە سەرچاوە بگرێت، ئەمە نەک تەنیا وەزارەتی نەوت، بەڵکو وەزارەتی کارەباش دەگرێتەوە لە حاڵەتی باسکردن لە پترۆکیمیاییەکان رەنگە وەزارەتی پیشەسازییش بگرێتەوە، ئەوەی کە لەو رێککەوتننامە وزەییە گشتگیرەدا دێت وەکو بەرهەمهێنان و پاڵاوتن و تێپەڕبوونی هەندێک نەوت و گاز لە وڵاتانی دیکەوە.
 
رووداو: لەبارەی نەوتی کەرکووک، پێشتر ناردنی نەوتی کەرکووک لە رێگەی بۆرییەکانی هەرێمی کوردستانەوە ئەنجام دەدرا، ئەگەر ناردنەوەی نەوت دەستیپێکردەوە و رێککەوتن کرا، ئایا نەوتی کەرکووک لە رێگەی هێڵی کوردستانەوە جارێکی دیکە بۆ جەیهانی تورکیا دەنێردرێت؟
 
عەلی شاتری: ئەمە لە راستیدا پەیوەندیی بە دەستپێکردنی گەشەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووکەوە هەیە، کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک پێویستیان بە گەشەپێدانە، بۆیە وەزارەتی نەوت رێککەوتنێکی سەرەتایی لەگەڵ کۆمپانیای BP ئەنجامداوە و چەندین کۆمپانیای جیهانیی دیکە هەن کە ویستێکی راستەقینەیان هەیە، ویستیان هەیە وەک بەڵێندەری لاوەکییش بەشداری بکەن لە گەشەپێدانی ئەم کێڵگانە، ئەم کێڵگانە زۆر گرنگن و حکومەتی عێراق و وەزارەتی نەوتی عێراق هەوڵدەدەن پەرەیان پێبدەن بۆ پشتگیریکردنی ئابووریی وڵات، هەروەها وەک بەڕێز جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوت رایانگەیاند، زۆرینەی بەرهەمهێنانی عێراق بەرهەمهێنانی نەوت و گازی هاوبەشە لە هەمان کێڵگەکان، بۆیە پێویستمان بە بەرهەمهێنانی نەوتی زیاترە بۆ بەرهەمهێنانی ئەو گازەی بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا، پیشەسازیی پەین و پیشەسازییە پترۆکیمیاییەکانی دیکە بەکاریدەهێنین.
 
رووداو: ئێستا بەرهەمهێنانی نەوت لە کەرکووک چەندە؟
 
عەلی شاتری: ئەم پرسیارە لە وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای نەوتی باکوور بکرێت باشترە، ئەوان باشتر دەزانن.
 
رووداو: پێشبینییەکانتان بۆ نرخەکانی نەوت چین؟ زۆر گرنگە بۆ عێراق، چونکە زیاتر لە 90%ی داهاتی عێراق لە نەوتەوە دێت، پێشبینییەکانتان چین؟ ئۆپێک پێشبینیی تایبەتی هەیە، بەڵام کاتێک سەیری پێشبینییەکانی رێکخراوی نێودەوڵەتیی وزە دەکەین، جیاوازیی هەیە، بێگومان عێراقیش بۆچوونی تایبەتی خۆی هەیە لەبارەی نرخەکانی نەوت.
 
عەلی شاتری: ئێستا لە راستیدا جیهان لە دڵەڕاوکێدایە و حاڵەتی نادڵنیایی زۆر گەورەیە، ئەگەر سەیری جیاوازیی نێوان پێشبینییە جیهانییەکان بکەین، کە لەنێوان 40 بۆ 50 دامەزراوەیە و نرخەکان و داواکاریی جیهانی بۆ نەوتی خاو پێشبینی دەکەن، تێبینی دەکەین جیاوازیی نێوان نزمترین پێشبینی و بەرزترین پێشبینی بە نزیکەیی یەکسانە بە داوای رۆژانە بۆ نەوتی خاو لە جیهاندا، تاوەکو تێبینی بکەیت قەبارەی ئەو بۆشاییە لەنێوان ئەم پێشبینییانەیە، ئەمە بەڵگەیە لەسەر حاڵەتی نادڵنیایی، ئەوەی کە ئەم حاڵەتی نادڵنیاییەی دروستکردووە، بریتییە لە گوشارێک کە ئێستا روودەدات بە پەروەردەکردن بەرەو هاتنی وزەی نوێکراو و لەنێوچوونی وزەی سووتەمەنیی فۆسیل، ئەمەش لەسەر زەوی ناتوانرێت بەدەستبهێندرێت و لەڕاستیدا هیچ هەستێکی بەرپرسیارێتیی بەرامبەر بەکاربەران تێدا نییە، نرخەکان بە ئاراستەی سەقامگیرییەک بە ئاراستەی نرخی دادپەروەرانە بۆ بەکاربەر و بۆ بەرهەمهێنەر دەبینین، چونکە بەرهەمهێنەر تێچووی هەیە و پێویستە تێچووەکەی پڕبکاتەوە، قازانجێکی دیاریکراوی هەیە کە دەبێت بەدەستیبهێنێت، قازانجێکی گونجاو بە شێوەیەک کە بەکاربەر ئەم نەوتەش بە نرخێک بەکاربهێنێت کە گونجاو بێت بۆ بەکاربردن یان بۆ بەکاربەر و توانای جیاوازی بەکاربەران، هەروەها وابەستەیە بە خواست بۆ پیشەسازییە جیاوازەکانی جیهان، لەبارەی ئەم خواستەش دەبینین نرخەکانی نەوت بەرەو دادپەروەری دەچن، بەرەو ئەوەی کە بۆ هەردوو لایەن دادپەروەرانە بێت، نایەم بۆ ئەوەی بڵێم نرخەکە 50، 60 یان 70 دەبێت، یان ژمارەیەکی دیاریکراو دیاری بکەم، چونکە دیاریکردنی ژمارەکان هیچ واتایەکی نییە لە بازاڕی ئابووریی نەوتدا. ئەم بازاڕە بە بەرزبوونەوەی هاوسەنگ بەرەو خاڵێکی دادپەروەرانە بەرز دەبێتەوە، وەکو باسمان کرد، یان دابەزینیشی هەیە لەگەڵ هاوسەنگی، هاوسەنگیی خستنەڕوو و داواکاریی جیهانی بەرەو خاڵێکی دادپەروەرانە تاکو ئەو کاتەی نرخەکە بۆ هەردوو لایەن دادپەروەرانە بێت، ئەوا هەردوو لایەن سوودمەند دەبن، دەکرێت نەوت بنێردرێت و بەرهەمهێنانی زیاد بکرێت تاکو ئەو رادەیەی کە ئەو بۆشاییەی پێشتر و لە ماوەی ساڵانی رابردوودا روویدا کاتێک گوشارێکی بەهێز بەرەو وزەی نوێکراو و دوور لە وزەی سووتەمەنی فۆسیل و گوشار لەسەر کۆمپانیاکان بە باج بەهۆی ئەوەی کە کار لەسەر بەرهەمهێنانی وزەی سووتەمەنی فۆسیل دەکەن و زیادکردنی رێژەی پلەکانی گەرما، هەروەها دەردانی کاربۆن بۆ هەوا و گازی گەرمکەر، بەڵام ئێستا جیهان دەستی بە پێگەیشتن کردووە بەرەو کۆنترۆڵکردنی ئەم بابەتانە، بەرەو کۆنترۆڵکردنی ئەوەی کە نەوت ماوە و گاز ماوە و وزەی نوێکراوەش ماوە بە رێژەیەکی باش بە بەراورد لەگەڵ تێکەڵەی وزەی جیهانی بۆ بەدەستهێنانی هاوسەنگی و گەیاندنی ئەوەی کە بەکاربەر پێویستی پێیەتی بە نرخێک کە یارمەتیی بدات لە بەکاربردندا.
 
رووداو: دەگەڕێمەوە سەر ئەوەی کە لەم هەڤپەیڤینە دەستمپێکرد، ئایا تۆ گەشبینی بە وەرگرتنی نەوت لە کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان؟
 
عەلی شاتری: من گەشبینم بە رێکارەکان، گەشبینم بە گفتوگۆ ئەرێنییەکان، من گەشبینم چونکە هەمووان بەم ئاراستەیە کار دەکەن، ئەمە شتێکە کە مایەی گەشبینییە و هیچ شتێک نەماوە جگە لە جێبەجێکردن، با گەشبین بین بە جێبەجێکردن بە یارمەتیی خودا.